زۆربەی ئەم عێلە ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکووک و دیالەدا دەژین و هەر دوو ناوەندی قەزای کەلار و هەڵەبجە بە شار و مەڵبەندی سەرەکیی جاف و شوێنی نیشتەجێبوونی سەرەکیی بەگزادەکانیان دەژمێردرێن. بوونی جاف بە شێوەیەکی چڕوپڕ لە دەڤەرەی شارەزووردا بەدەردەکەوێت، دوو تیرەشیان بەناوی تەلان و سمایل عوزێری لە ناوچەی دۆکان و سورداشدان، جافە ڕەشکەش بەزۆری لە ناوچەی پشدەردان لە باکووری سلێمانیدا.
هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە تیرەی گڵاڵی و بەگزادەی جاف و یوسیف جانی لە شاری هەولێر و گوندەکانی دەوروبەریدا دەژین. ئەمە وێڕای ئەوەس کە چەندین تیرەی دیکەی جاف وەک: تایشەیی و قادر میروەیسی و بێویانی و…. لە سنووری قەزای خانەقی، پارێزگای دیالە لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری سیرواندا دەژین. هەمیسان دەڤەری بەرینی گەرمیان بە گشت شوێنە جیاجیاکانییەوە دەیان هەزار جاف لەخۆ دەگرێت.
لە کوردستانی ئێرانیشدا، ڕۆڵەکانی عێلی جاف لە هەردوو پارێزگای کرماشان و کوردستاندا بە گشتی نیشتەجێن و دەتوانین شوێنی نیشتەجێبوونیان بەم شێوەیە دیاری بکەین:
قەسری شیرین، سەرپێڵی زەهاو هەتا سنووری ڕووباری سیروان و، دۆڵی عەلی عاسی تا سنووری عەشرەتی سنجاوی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی شاری کرماشاندا، هەروەها ڕوانسەر و جوانڕۆ (جوانڕۆ مەڵبەندی ڕەسەن و دێرینی گشت جافە).
دیسان زێد و شوێنی جاف درێژ دەبنەوە تا دەگەنە ناوچەکانی دڕۆڵە و مەڕەخێڵ و شمشێر و پاوە و دەوروبەری نەوسود. لە ڕووی شوێنی جوگرافییەوە
دەتوانین عێلی جاف بکەین بە سێ بەشی سەرەکییەوە:
جافی مورادی لە عێراق:
میکایڵی، شاتری، وردەشاتری، ڕۆغزایی، تەرخانی، باشکی،جنگنی، هارونی، گڵاڵی، سەدانی، کەماڵەیی، بێداخی، نەورۆڵی، یەزدان بەخشی، وەڵی، نەژوێنی، مەسۆیی، مامۆیی، شێخ سمایلی، سۆفی وەن، تاوگۆزی، میراولی، پشتماڵە، عەمەڵە، عیسالی، بێسەری، تەلان، یەسوجانی، چوچانی، قەویلەیی، تیلەکۆ، سمایل عوزێری، جافە ڕەشکە…
جافی جوانڕۆ لە ئێران
جافی گۆران لە ئێران (ئەم بەشە ئەو جافانەش دەگرێتەوە کە لە کەناری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری سیرواندا لە سنووری خانەقیدا دەژین).
عەشرەت وتیرەکانی جافی کوردستانی ئیرانیش (جوانڕۆیی و گۆران) بەگشتی ئەمانەن: نەوری، ڕۆستم بەگی، وەکیلی، قوبادی، باوەجانی، ئێناخی، ئیمامی، ساتیاری، شمشێری، کڵاشی، زەردۆیی، کۆکۆیی، کوێرەکی، وەڵە بەگی، قادر میروەیسی، کویک نیرجی، عەلی یاخەیی، بەبلی، دۆرۆیی، دەلەزیری، دەروێشی، قەڵخانجک، کورەک کج، نێرژی، ئەلیاسی، سۆفی، کاکە ڕەشی، گاخۆری، کشتی، یەسویار ئەحمەدی، دارخۆر، گاوری، ئەلیارەکی، بێویانی، قوجالی، عالی، کوزەرەیی، بازانی، جوخەیی، هاوری، سەیالی، قادری، میرکی...)