مۆزەخانەی شارستانێی هەولێر:
ئە مۆزەخانەیە دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی قەڵای هەولێر لە نزیک سەنتەری شار، بەرامبەر سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر. مۆزەخانەی هەولێر بۆ پیشاندانی پارچە شوێنەوارییەکان لە سێ هۆڵ پێکهاتووە کە هەر هۆڵێک چەندین سەردەمی جیاوازی لە خۆگرتووە. هۆڵەکان بە پێی کۆنترین تا نوێترین سەردەمی شوێنەواری ڕێکخراون. مێژووی هەندێک لەم شێوارانە بۆ زیاتر لە 5000 هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە کە شارستانیەتی کۆنی کوردستان و عێراق دەردەخات. هەر لەم مۆزەخانەیە کتێبخانەیەک هەیە کە بەهۆی بوونی چەندین سەرچاوەی مێژوویی گرنگ، بە یەکێک لە کتێبخانە مێژووییەکان دادەنرێت.
مۆزەخانەی ڕستن و چنینی قەڵا:
دەکەوێتە ناو قەڵات. لەنێو ئەم مۆزەخانەیەدا بەشێکی زۆری کاری دەستی لە هونەرکانی چنینی هۆزە نیشتەجێ و ڕەوەندەکانی ناوچەی پارێزگای هەولێر پارێزراون. زۆربەی ئەم کەلوپەلانە ڕایەخ و کاڵا و پۆشاکن. کەرەستە خاوەکەشی لە خووری و مووی مەڕوماڵات دروستکراون و بە ڕەنگی گیاو گوڵ و ڕووەک ڕەنگکراون، کە هەندێک لەم پارچانە مێژووی سەدان ساڵەیان هەیە.
ئەنتیکخانە:
ئەم ئەنتیکخانەیە بریییە لە دوو بەش، بەشێکیان دەکەوێتە سەر قەڵای هەولێر کە سەدان پارچەی جۆراوجۆری ئەتنۆگرافی و کولتووری کوردستانی (ناوماڵ، کشتوکاڵ، جوانکاری، ئەدەبیات، هونەری، کارکردن...) لە خۆ گرتووە.
بازاڕی قەیسەری:
ئەم قەیسەرییە دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵات لە بەرامبەر قەڵای هەولێر. مێژووی دروستکردنی بۆ سەردەمی عوسمانییەکان دەگەڕێتەوە و لەسەر شێوەی کەوان بنیانراوە، لە ناوەوە چەندان بەش و ڕێرە و بازاری جیاواز لە خۆ دەگرێت، لە لایەن حکومەتی هەرێم لە ساڵی 2013 نۆژنکراوەتەوە وبازار و ژیان تێیدا بەردەوامە و کەلوپەلی کۆن و نوێی لێدەست دەکەوێت، گەشتیاران بۆ کرینی دیار و خواردنە وشکراوەکانی کوردستان و بۆ بینینی دیمەنە جوانەکانی ڕووی تێدەکەن، بە چەندان دەرگا دەتوانین بچیتە ژوورەوە.