نووسینی: شاهۆ عوسمان سەید قادر
شانۆگەری لە سلێمانی لەگەڵ شارەکانی تری عێراق دەستی پێکردوە، هەر چەندە لەسەردەمی "میجر سۆندا" لەسەیرانی قەسابەکان ساڵی 1912 هەندێ نمایش و لاسایکردنەوەیان تیادا پێشکەشکردووە، ئەوەش بەسەرەتای شانۆ دادەنرێت، پاشان شانۆگەری لە قوتابخانەکانەوە دەستی پێکرد، یەکەمین شانۆگەری و پێشترین شانۆگەری ساڵی "1925-1926" لە سلێمانی بەناوی (عیلم و جەهل) لە لایەن قوتابیانی "قوتابخانەی زانستیەوە" پێشکەشکراوە، بەڵام لە "شانۆی کوردی: یاسین قادر بەرزنجی" دەلێت ئەم شانۆگەریە لەلایەن "قوتابیانی مەکتەبی یەکەمەوە" ئەوەڵ" پێشکەشکراوە،کە لە شانۆگەریەکی عەرەبیەوە (لولا المحامی)وە وەرگیراوە.
کۆمەڵەی زانستی قوتابخانەیەکی دامەزراندو بەناوی قوتابخانەی زانستی، ئەم قوتابیانەش شانۆگەری "نیرۆن" ساڵی 1927 پێشکەشکردوە،کە لە تیپی شانۆی" جورج ابیچ" ی مصری وەرگیراوە کە لە بەغدا پێشکەشکراوە.
لە ڕۆژنامەی ژیان ژمارە 233 ساڵی1930 ئاماژەی کردووە کە قوتابیان و مامۆستایانی قوتابخانەی کچان "زەهرا" دوو شانۆگەریان پێشکەشکردوە بەناوی "ئینسان ئەوەی ئەیچێنێ ئەیدورێتەوە، دایک"
لە ساڵی "1933" شانۆگەری کوردی بەناوی (دڵداری و پەیمان پەروەری) لەنوسینی مامۆستا (أ.ب.هەوری) بووە، یەکەم تێکستی شانۆگەری کوردی بووە پاشان لە چاپخانەی مەعاریف لە بەغدا وەک کتێبێک چاپکراوە. پاشان لە ساڵی 1955 لەلایەن قوتابیانی شاری سلێمانیەوە پێشکەشکراوەتەوە.هەروەها لە ساڵی 1935 قوتابیانی قوتابخانەی زانستی کوردان شانۆگەری "سەربازی ئازا، مەموزین،"یان پێشکەشکردوە.
تیپوکۆمەڵە ڕێگە پێدراوەکان:
1. تیپیی نواندنی سلێمانی لە 04-02-1969 پێکهاتوە.
2. کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی – پاشان گۆڕا بۆ کۆمەڵی هونەرەجوانەکان لە 31-12-1969 دامەزراوە.
3. تیپی شانۆی پێشڕەو لە 21-07-1973 دامەزراوە.
4. تیپی شانۆی قوتابخانەکان سەر بە بەرێوەبەرێتی پەروەردەی سلێمانی.
5. تیپی ڕۆشنبیری جەماوەر
6. تیپی یەکێتی نەقابەی کرێکاران
7. تیپی مەڵبەندی گەنجان
چالاکی شانۆی :
لەسەرەتاوە تاکو ساڵی 1958 (19) شانۆگەری پێشکەشکراوە، لە ساڵی "1959"وە تا ساڵی "1969" ئەم ژمارانە پێشکەشکراون لەلایەن تیپی شۆڕش وە (5) شانۆگەری، لەلایەن تیپی خەباتەوە (4) تیپی قوتابیان (2)، لە ساڵی 1969- 1983 لە لایەن تیپە ڕێگە پێدراوەکانەوە (53) شانۆگەری پێشکەشکراوە لە سلێمانی.