ئەمڕۆ، هەروەکو پێشتر ڕاگەیەندرابوو، وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی وەفدی باڵای پارتی کرد. هەروەکو دوێنێش، وەفدی باڵای یەکێتیی، کۆبوونەوەی لەگەڵ وەفدی بزوتنەوەی گۆڕاندا کرد.
دوای چەند سەعاتێک لەکۆبوونەوەکە، تەلەفزیۆنی کەی ئێن ئێن، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تیایدا دوو خاڵ باسکراوە.
یەکەم: گوایە یەکێتیی لەسەر غازو نەوت لەگەڵ پارتی ڕێککەوتووە، گوایە کۆبوونەوەکەش هەر لەسەر نەوت و غاز بوو بێ.
دووەم: گوایە، نەخشەڕێگاکەی یەکێتیی و گۆڕان، پێشتر بۆ پارتی نێردرابێ.
لەوەڵامدا بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین، کەوا:
لەکۆبوونەوەکەدا، تەنهاو تەنها قسە لەسەر نەخشەڕێگای یەکێتیی و پارتی کراوە. هیچ خاڵێکی تر جگە لەنەخشە ڕێگاکە باس نەکراوە. ئەوەی لەناوەرۆکی خاڵەکانیشدا ئاماژە بەنەوت و غاز کراوە، جەختکراوەتەوە کە دەبێ (شەفاف)بێ و بەسەرپەرشتی پەرلەمانی کوردستانیش هەناردەی نەوت پەسەند بکرێ.
دووەم: نەک نەخشەرێگاکەی یەکێتیی و گۆڕان، بەڵکو نەخشەڕێگاکەی یەکێتیی و پارتیش، پێشتر بۆ پارتی نەنێردراوە. ئەمڕۆ، لەکۆبوونەوەکەدا، پێشکەشیان کردووە. بڕیارە لەم چەند ڕۆژە مەکتەبی سیاسی لەسەر نەخشە ڕێگاکە کۆببنەوەو بەڕەسمی وەڵامی وەفدی باڵای یەکێتیی بدەنەوە.
بەداخەوە، کەی ئێن ئێن، بەبێ پرسیارکردن لەوەفدی یەکێتیی، یان ئەندامێکی وەفدەکە، ڕاپۆرتی لەم چەشنە بڵاودەکاتەوە.
لەکۆتایشدا، بۆ ڕای گشتی دوپاتیدەکەینەوە، کەوا:
هەرگیزاو هەرگیز، ئەو ڕاپۆرتەی کەی ئێن ئێن، دورو نزیک ڕاست نییە.
راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
12-01-2016