لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو ئەو گرژی و ئاڵۆزیەی لە باکوری کوردستان دروست بووە تاکو ئێستا 20 سەرۆک شارەوانی لە زیندانە وە 2 دوو سەرۆک شارەوانی بریاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.
مەم میرخان بەرێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی شارەوانی گەورەی ئامەد بۆ خەندان، وتی :" لە مانگی 8ی ساڵی ڕابردوو-ەوە دەوڵەتی تورکیا دەستی کردووە بە گرتن و دەرکردنی کورد لە شارەوانی و دەزگا حکومیەکان وە تاکو ئێستا 20 سەرۆک شارەوانی لە زیندانن وە 2 سەرۆک شارەوانی-ش فەرمانی گرتنیان بۆ دەرکراوە، هەندێکیان باری تەندروستیان باش نیە و لە زینداندان بەڵام تورکیا هیچ ڕەچاوی مافی مرۆڤ و مرۆڤایەتی ناکات".
30 ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیەکانی باکوری کوردستان دەستگیرکراون، کە شەش ئەندامیان ژنن و 6 ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی خۆیان نەدا بەدەستەوەو ڕوویان کردە شاخ.
وتیشی : " ئاک پارتی ئێستا دەیەوێت دەستور بگۆرێت و شارەوانیەکانیش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن دەوڵەتەوە بەرێوەببرێن. لەکاتێکدا ئێمە 102 سەرۆک شارەوانیمان بەدەست هێناوە، ئێستا ئەکەپە دەیەوێت ئەو دەسەڵاتە بگۆرێت بۆ مەرکەزیەت، تاکو چۆن قایمقام و پارێزگارەکان ڕاستەوخۆ دادەنێت، شارەوانیەکانیش بەهەمان شێوە لەلایەن خۆیانەوە دیاری بکرێن".
مەم میرخان، وتیشی : "ئێستا شارە کوردیەکانی ئێمە ڕووبەڕووی ڕوخان ولەناوبردن بوونەتەوە و بەشێکی زۆر لە شارە کوردیەکان تێک چوون و ڕوخێنراون، بۆیە هیواخوازین کە لایەنە کوردیەکانی باشوری کوردستان و ڕێکخراوە مرۆڤ دۆستەکان بەهانای شارە کوردیەکانەوە بێن چونکە دۆخەکە زۆر خراپە".
فەیسەڵ ساری یەڵدز پەرلەمانتاری شاری جزیرە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ خەندان، وتی : " ئەوەی کورد ئێستا بەسەری هاتووە لە هیچ وڵاتێک نەبووە، ئێمەی کورد داوای هیچمان نەکردووە، تەنها ئەوە دەخوازین مافی خۆمان هەبێت، کورد خۆی خۆی بەرێوەببات بەڵام بەداخەوە ئاک پارتی سەدان و هەزاران سەرباز و زرێ پۆش و تانکی سەربازیی ڕەوانەی شارە کوردیەکان کردووە بۆ قەتڵوعام کردنی کوردان".
"ئێستا بەشێکی زۆر خەڵکی لە شارەکانی جزیرە (کە 200 هەزار کەسی تێدا دەژی) زیاتر لە 50 هەزار کەسی شارەکەی چۆڵ کردووە و لە نسێبین نزیکەی 10 هەزار کەس و ناوچەی سنوری ئامەد 20 هەزار کەس ئاوارە بوون".
"شرناخ 15 هەزار کەس کۆچی کردووە و فارقین نزیکەی 10 هەزار کەس ئاوارە بوون و ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و بەسەدان خانووی هاوڵاتیان خاپور کراون، بۆیە پێویستە ڕێکخراوەکانی جیهان و مافی مرۆڤ بەدەنگ بێن لە ئاست ئەو کۆمەڵکوژیە و گلەیەکی زۆر لە هەرێمی کوردستان دەکەین، چونکە هیچ هەڵوێستێکی ئەوتۆی نەبووە لەسەر ئەو کارەساتە".
"ئەوەی ئێستا لە ناوچەکانی جزیرە و ئامەد دەگوزەرێ زۆر لە کۆبانێ خراپترە، چونکە لە کۆبانێ تەنها چەند زرێپۆش و تانک بوو بەڵام لێرە بەسەدان و هەزاران تانک و زرێپۆشن و بەفڕۆکە بۆردوومانی کورد دەکەن، بۆیە دەبێت بەزووترین کات جیهان بەدەنگ بێت لە ئاست ئەو قەتولوعامەی ئاکپارتی دەیکات".
لەبەرامبەردا دارا محەمەد ئەکەر، نوێنەری پارتی دادوگەشەپێدان (ئەکەپە) بۆ خەندان، وتی "ئەوەی ئێستا لە تورکیا و تایبەت لە شارە کوردیەکان دەگوزەرێت خواستی تورکیا نییە، بەڵکو ئەوە پەکەکەیە دەیکات بەرامبەر بە کورد و دەوڵەتی تورکیا، ئەوە ئەوانن زیان بە کورد دەگەیەنن، حکومەتی تورکیا دەبێت ڕووبەڕووی تیرۆربێتەوە نابێت تەنها سەیربکات".
"ئەوان بەئارەزووی خۆیان پۆلیس و پیاوی دەوڵەت بکوژن بەڵام دەوڵەت بێدەنگ بێت. ئەگەر ئەوان کارو چالاکیەکان ڕابگرن ئەوا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و کورد بە گشتی لەگەڵ ئەوە نیە بەڵام پەکەکە بە خواستی ڕوسیا و ئێران ئەوە دەکات".
- 01-02-2016