وەک نەریتێکی ئاینی و کلتووری ناوچەکە دوێنێ هەینی 05-02-2016 بەرامبەر 16 ڕێبەندانی 1394 هەتاوی، ڕێوڕەسمی زەماوەندی پیرشالیار لەناوچەی هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەکەدا کە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت، لەناوچەی سەوڵاوای سەربە پارێزگای سنە بەبەشداری جەماورێکی زۆری ناوچەکانی هەورامان بەڕێوەچوو.
زەماوەندی پیرشالیار ڕێوڕەسمێکی کۆنە کە هەموو ساڵێک لە ناوەڕاستی زستاندا واتە لە 45 هەمین ڕۆژی زستان لە ناوچەی هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێوە دەچێت.
ئەم مەراسیمە بە یادی پیرشالیار کە یەکێکە لە پیرانی بەناوبانگی هەورامانە دەگیرێت، هەموو ساڵێک ئەم جەژنە بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناوچەکە و گەشتیاران بەڕێوە دەچێت. لێدانی دەف و خوێندنەوەی سروودی عیرفانی بەشێک لە کارەکانی ئەم مەراسیمەن.
لە سەر زەماوەندی پیرشالیار زۆر بۆچوون و ئەفسانەی جیاواز هەیە، بەڵام ئەوەی کە لە ڕاستی ژیانی خەڵکی و ژینگەی ناوچەکە نزیکە، پیرۆزڕاگرتنی جێژنی سەرکەوتنەکانی کۆمەڵگایەکە بەرامبەر سەختی و زەحمەتیەکانی ژیان لە ڕێگەی بە بنەماگرتنی ژیانی یەکسان و ئازاد بۆ تاکەکان و کۆمەڵگایەی کۆمیناڵ و دیموکراتیک.
لە ڕۆژی یەکەم منداڵان بە بانگەوازی خۆیان پێش دەرکەوتنی خۆرلە نێو ئاوایی کە بە کلاورۆچن بەناوبانگە، خەڵاتی خۆیان لە خەڵکی گۆند کە گوێز، توو، بادام و شتەمەکی خۆماڵیە وەردەگرن، جوانان بەرهەمەکانی باخەکانی پیر کە موڵکیەتی تاکەکەسی پێوە نەماوە وەک بەرنامەی سوسیالیستی سەرتاییە، بە سەر زۆربەی ماڵان بە تایبەت ماڵە هەژارەکاندا بلاو دەکەنەوە، خەبەری زەماوند بۆ هاوکاری و هەرەوەزی و ڕاوێژ بۆ باش بەرێوەچوونی مەراسیم دەگەینن، هەر مالێک بە پێی توانا لە خواردنی گشتی زەماوەند و ئەرکە دیاریەکان بەشداردەبێت و بەرپرسایەتی دەگرێتە ئەستۆ.
بەشداری میوانانی دەرەوەی ئاوایی بە (سۆقاتی) بەرهەمی ناوچەیی جیاواز و میوانداری خەڵکی ئاوایی بە دابەشکردنی میوانان بەسەر ماڵاندا لە ماوەی زەماوەندەکە کە چەند ڕۆژ دەخایەنێت، نیشانەی گیانی پێکەوە ژیانی گەلی ناوچەکە نیشان ئەدات، بە قوربانیکردن وەک نەریتێکی ئیبراهیمی، هەڵپەرکێ، نوکتە گێڕاندنەوە، شەوە شیعر و بیرورا ئالووگۆرکردن، وەک بەشێک لە مەراسمی پیرشالیار نیشانەی تازەکردنەوەی گیانی پێکەوە ژیان و بەرزکردنەوەی هیوا و ئومێدە بەرامبەر زەحمەتی و سەختیەکانی ژیان.
زەماوەندی پیرشالیار تەکمیلی کۆمەڵگایە کە بە پیرۆزکردنی نرخەکانی و جێژنگرتنی سەرکەوتنەکانی کە بە بنەماگرتنی کەلتووری هەرەوەزی، کۆدەنگی، پێکەوەژیان، بەشداری هەموو چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بەبێجیاوازی تەمەن و ڕەگەز هەروەها پاککردنەوەی گیانی تاکەکان بەرامبەر یەک بەدییهاتوە، خۆی بۆ سالێکی نوێ بە ڕێکخستن دەکاتەوە.