رووداو- سلێمانی
پێشبینی دەکرێت تێچووی ئەمساڵی عەمرەکارانی هەرێمی کوردستان بۆ عەرەبستانی سعودی بگاتە نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار، وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتی زانایانیش داواکارن ئەو کەسانە لە بری گەشتی عەمرە، هاوکاری خەڵکی کەمدەرامەت بکەن.
لە ڕۆژی 09-01-2016ەوە عەمرەکانی هەرێمی کوردستان دەستیان بە گەشت بۆ سعودیە کردووە، تێچووی هەر عەمرەکارێکیش 900 تاوەکو 1100 دۆلارە. هەرچەندە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەهۆی قەیرانی داراییەوە خەڵکی کوردستان کەمتر عەمرە دەکەن، بەڵام هەر لە ئێستاوە پێشبینی دەکرێت، بە ملیۆنان دۆلار لەو گەشتەدا خەرج بکرێ.
ساڵی ڕابردوو 30 هەزار کەس گەشتی عەمرەیان کردووە، گەشتی ئەمساڵیش هەر لە ئێستاوە وا دیارە کە زۆر زیاترە لەوەی بەرپرسانی ئەوقاف و کۆمپانیاکانی تایبەت بەو بوارە پێشبینییان دەکرد.
مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و پێکەوەژیانی ئاینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە هەرێمی کوردستان بە (رووداو)ی ڕاگەیاند کە بەپێی ئامارەکانی ئەوان لەو ڕۆژەوەی گەشتی عەمرە کراوەتەوە، تاوەکو ڕۆژی 13-02-2016 زیاتر لە 2000 عەمرەکاری کورد چوونەتە سعودیە، تێچووی گەشتی هەر هەمووشیان نزیکەی سێ ملیۆن دۆلار بووە.
مەریوان نەقشبەندی گوتی "کرێی فڕۆکە و مانەوەی هوتێل لەنێوان 900- 1100 دۆلارە، جگە لەوەش عەمرەکاران بە دەستی بەتاڵ ناگەڕێنەوە و پارەیەکی زۆر لە کڕینی خواردن و دیاری خەرج دەکەن".
هەر عەمرەکارێک ماوەی 10 تاوەکو 12 ڕۆژ لە سعودیە دەمێنێتەوە، هەرچەندە لە ماوەی مانگێکدا تەنیا 2000 عەمرەکاری کورد چوونەتە سعودیە، بەڵام مەریوان نەقشبەندی پێشبینی دەکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی ڕەمەزان بە لێشاو خەڵک ڕوو لە سعودیە بکەن بۆ عەمرە. مەریوان گوتی "ئێستا گەشتی عەمرە هەرزانە، بەڵام تا مانگی ڕەمەزان خواستی لەسەر زیاتر دەبێت و ڕەنگە زیاتر لە 10 هەزار کەسیش گەشت بکەن. ئەگەر هەر یەکێکیش لانیکەم هەزار و پێنجسەد دۆلار خەرج بکات، تێچوویان دەگاتە نزیکەی 15 ملیۆن دۆلار".
لەساڵی 2009وە لە وەزارەتی ئەوقاف 78 هەزار کەس ناویان بۆ فەریزەی حەج تۆمار کردووە و تائێستاش بۆ حەجی ئەمساڵ تیروپشک نەکراوە، مەریوان گوتی "بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی ناویان بۆ فەریزەی حەج تۆمار کردووە، چاوەڕێی دەرچوونی ناوەکانیانن، بەڵام ئەگەر ناویان بۆ ئەمساڵ دەرنەچێت، پەیوەندییان پێوە کردووم کە ڕەنگە بەشێکی زۆریان گەشتی عەمرە بکەن، ئەگەر ئەو کەسانەش گەشتەکە بکەن، بێگومان تێچووی ئەمساڵی عەمرە لە هەرێمی کوردستان لە 20 ملیۆن دۆلار نزیک دەبێتەوە".
قەیرانی دارایی تەنگی بە حکومەت هەڵچنیوە و زۆر بە زەحمەت نیوەی پارەی مووچەخۆرانی پێ پەیدا دەکرێت، بازاڕی هەموو شتێک لە جووڵە کەوتووە، بۆیە بەرپرسانی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێن لەو باوەڕەدا نەبوون خەڵک بەو ژمارەیە گەشتی عەمرە بکات.
وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتی زانایان داواکارن لە هاووڵاتیان لە جیاتی گەشتی عەمرە، ئەو پارەیە بدەنە ئەو کەسانەی پێویستیان پێیەتی، نەقشبەندی گوتی "پێشتر لەلایەن وەزارەت و مامۆستایانی ئاینی ڕاگەیەندراوە کە گەشتی عەمرە سوننەتە نەک فەرز، بۆیە ئێستاش باشتر وایە خەڵک لە جیاتی ئەوەی ئەو پارەیە ببەنە دەرەوەی وڵات، بیدەنە ئەو کەسانەی پێویستیانە".
مەلا عەبدوڵڵا سەعید، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینیی ئیسلامی لە کوردستان ڕوونیکردەوە کە گەشتی عەمرە لە کاتێکدا خێری زیاترە خەڵک لە ژیانێکی باشدا بژین، بەڵام لەم کاتەدا ئەو کەسانەی ئەو گەشتە دەکەن وا باشترە هاوکاری خەڵکانی کەمدەرامەت بکەن، چونکە یارمەتیدانی خەڵک گرنگترە.
هەر لەوبارەوە سەید عەبدوڵڵا سەید محەممەد کە خاوەنی کۆمپانیایەکی گەشتیارییە، دەڵێت "خەڵک لە هەموو ئاستەکاندا گەشت دەکەن و تێچووی کەسێکیش نزیکەی هەزار دۆلارە، چونکە زۆربەیان وەکو جاران دیاری زۆر ناکڕن، بەڵام خەڵکیش هەیە داوای هوتێلی پێنج ئەستێرە دەکەن".
بە گوتەی ناوبراو، ئەوان لە گەشتی هەر کەسێک نزیکەی 50 دۆلار سوودمەند دەبن "ئێمەش لەو باوەڕەدا نەبووین لەم کاتەدا ئەو خەڵکە زۆرە گەشتی عەمرە بکەن، وەکو خۆیشم پێم باشە ئەو کەسانە پارەکە بدەنە خەڵکانی کەمدەرامەت".
- 16-02-2016