دابەشکەری خاکی کوردستان ئافرەتێکی کاریگەر لەسەر ئیمپریالیزمی بەریتانی بووە بەناوی ” گەرترود بێڵ ” کە ئافرەتێکی فرە پیشە بووە وەک نووسەر و گەشتیار و ئەفسەری ڕامیاری و بەڕێوەبەر و ئارکیۆلۆجیست و سیخوور خزمەتی بە دەسەڵاتی شاهانەی بریتانیا کردووە. گەرترود بێڵ لە 14-07-1868 لە دایک بووە و لە 12-07-1926 کۆچی دوایی کردووە. هاوسەفەری لۆرێنسی عەرەبی بووە و بەهۆی شارەزایی و پێوەندیە فراوانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست کاریگەری زۆری لەسەر نەخشەسازی سیاسیی هەبووە و داڕێژەری هەردوو شانشینی هاشمی لە عێراق و ئوردنە. لە 11-10-1920 پێرسی کۆکس لە گەڕانەوەیدا بۆ بەغدا، گەرترود بێڵ کرد بە سکرتێری ڕۆژهەڵات بۆ کاروباری وڵاتانی عەرەبی و ڕۆڵی ناوبژیوانی لە نێوان هەر وولاتێک دەبینی، گەرترود بێڵ لەو نێوەندەدا دەستی بە ناوبژیوانی سونە و شیعە و کورد کرد – کە داوای ئۆتۆنۆمیان دەکرد – لە سنووری عێراقی ئێستا، بەڵام بێل ئەو گرووپانەی بە یەکەوە هێشتەوە بۆ ڕاگرتنی باڵانس لە نێوان عێراقییەکان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەنبدیەکانی ئیمپریالی بەریتانی. بە گوێرەی پێشنیازەکانی بێڵ دابەشکردنی کوردستان لە پێناو نەوتدا بووە بۆ ئەوەی کورد لە عێراق بەکار بێنێت بۆ ئەوەی خاکی عێراقی نوێ لە تورکیا و سووریا و ئێران بپارێزێت، لەو ڕێگەیەوە ویستی ناسنامەیەکی نوێ بەو خەڵکە ببەخشێت کە دەکەونە سنووری عێراقەوە و هەموو پێکهاتەکان بە یەک نەتەوە بناسرێن، نەتەوەی عێراقی، لە کۆنگرەی قاهیرەی ساڵی 1921 پێشنیازی کرد کە فەیسەڵ بن حوسێنی هاشمی هاوپەیمانی بەریتانییەکان بێنن و بیکەن بە شای عێراق و سونە و شیعە و کورد بخاتە ژێر دەستەڵاتی تاجی هاشمی. ڕۆی ستیوارت ئەندام پەرلەمان، ئەکادیمی و نووسەر و دیپلۆمات ڕەخنە لە سیاسەتەکانی بێڵ دەگیرێت بەوەی کە نەدەبوو هەرگیز ویلایەتی کوردی مووسڵی لکاندبا بە عێراقی نوێوە. ستانلی وەیس دەڵێت : یەک هۆ کوردستانی خستە سەر عێراق ئەویش (نەوت) بوو، سەرەڕای جیاوازی ئیتنیکی لە عەرەب، بەریتانیا کوردی خزاندە ناو عێراق ” هەروەها وەیس پشتیوانی لە سەربەخۆبوونی کوردان دەکات و وشەیەکی بێڵ دەهێنێتەوە کە لە 11ی سێبتێمبەری ساڵی 1921 ڕێک 80 ساڵ بەر لە ڕووداوی دوو تاوەرەکەی ئەمەریکا نوسراوە و لە وەسفی ڕووباری دیجلەدا لە بەغدا لە نامەیەکیدا دەنووسێت : ڕووبارەکە ڕێچکەی خۆی گرتووە. وەیس ئەو ڕستەیەی بێڵ بۆ وەسفی ئەو بارودۆخەی کە ئێستا لە عێراق هاتووەتە پێش بەکار دێنێت و پێی وایە بە سەربەخۆبوونی کوردان ڕێچکەی خۆی گرتووە ڕووبارەکە بە ڕێچکەیەدا دەروات کە دەبووایە 100 ساڵ لەمەوبەر پێیدا ڕۆیشتبا.