رۆژنیوز هاوکار مستەفا
لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردووی جەژندا لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە و شارۆچکەکانی شارەزوور و سەیدسادق نۆ کەس بە ڕووداوی جۆراوجۆ گیانیان لەدەستداوە و هاوکات چوار کەسی دیکەش بریندار بوون، بە بەراورد بە جەژنەکانی دیکەش ڕێژەی هاتنی گەشتیار زیادی کردووە.
گۆران سەعدی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لە ماوەی چوار ڕۆژی جەژندا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە پێشوازیمان کردووە لە زیاتر لە 550 نەخۆش کە بە هۆی حاڵەتی جۆراوجۆرەوە سەردانی نەخۆشخانەکیان کردووە.
باسی لەوەشکرد، هەر له و ماوەیەدا دوو ڕووداوی هاتوچۆ تۆمار کراون به و هۆیشەوە کەسێک بریندار بووە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانیمان کردووە، هەروەها حاڵەتێکی مردنیش تۆمارکراوە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە وتیشی: بە بەراورد بە جەژنەکانی ڕابردوو نەخۆشخانەکەمان ئارامترین جەژنی بەڕێکرد، هیچ گیروگرفتێکی ئەوتۆ ڕووبەروومان نەبوەتەوە.
لای خۆیشییەوە ڕێبین حەسەن، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی گشتی شەهید ڕەوف بەگ لە شارۆچکەی شارەزوور بۆ ڕۆژنیوزو وتی: زۆرترین قوربانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەم جەژنەدا لە سنورەکەی ئێمەدا تۆمارکراوە، کە ئەویش گیان لە دەستدانی حەوت کەس و برینداربونی کەسێکی تر بوو بە ڕووداوی هاتوچۆ لەسەر ڕێگەی سەرەکی شارۆچکەی شارەزوور سەیدسادق.
ڕوونیشکردەوە: تیبینیمان کردووە کە زۆرترین حاڵەتەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ له و ڕێگا سەرەکیەدا ڕوودەدەن، بۆیە بە نوسراوی فەرمی داوامان لە هاتوچۆ کردووە کە هێماکانی ئاگادار کردنەوە و هێماکانی هاتوچۆ له و ڕێگا سەرەکیەدا دابنێن.
لەلایەکی ترەوە، حەیدەر حەسەن، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی گشتی شەهید شەوکەتی حاجی مشیر، لە شارۆچکەی سەیدسادق لەبارەی ئامارەکانی ڕۆژانەی جەژن بۆ ڕۆژنیوز ئەوەی خستەڕوو، لەماوەی چوار ڕۆژی جەژندا زیاتر لە 400 نەخۆش سەدانی نەخۆشخانەکەیان کردووە، هەروەها 16 حاڵەتی برینداری جۆراو جۆ تۆمار کراون هاوکات 104 نەخۆشیش خەوێنراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر له و ماوەیەدا دوو ڕووداوی هاتوچۆ تۆمار کراون کە بەهۆیانەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و سێ کەسیش بریندار بوون.
16-09-2016