رۆژنیوز – ڕێزان محەمەد
سەنتەری میترۆ ئەنجامی ڕاپرسیەکی مترئاشکراکرد بۆ یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2013 کە یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریە، بەڵام سەنتەرەکە ڕایدەگەیەنێت کە ئەنجامی ڕاپرسیەکە دڵخۆشکەر نیەو هەندێ وەزارەت کە دەبوو لە ئاستی پێشەوەی ڕاپرسیەکەدا بن لە دوای سەرجەم وەزارەتەکانەوەن.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان بە هاوکاری ڕێکخراوی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)، هەستان بە ئاشکراکردنی ئەنجامی ڕاپرسیەک کە لە سەر یاسای 11ی ساڵی 2013 پەرلەمانی کوردستان کە یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاریە ئەنجامیان دابوو.
دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری کارگێڕی سەنتەری میترۆ، بە ڕۆژنیوزی وت:"ئێمە وەک سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی کردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان بە پاڵپشتی ڕێکخراوی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)International media support، هەستاین بە ئەنجامدانی ڕاپرسیەک بە یاسای 11ی ساڵی 2013 پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاریە، ئەمڕۆ ئەنجامی ڕاپرسیەکەمان ڕاگەیاند کە ماوەی دوو مانگە دەستمان پێکردبوو، وە 10 گروپ تێیدا بەشدار بوون، ڕاپرسیەکەش هەریەک لە شارەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ناوچەی گەرمیان و سۆران لە ڕێگەی 150 فۆڕمەوە بووە بەسەر تەواوی ڕۆژنامەنوسان لە هەرسێ بوارەکانی ڕاگەیاندنە کە پەخشکراو و چاپکراو و دیجیتاڵ بووە".
دیاری محەمەد، وتیشی:"ئاستی بەشداریکردن لە ڕاپرسیەکەدا بەشێوەیەکی زۆر باش بووە، وە ئەنجامی ڕاپرسیەکە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە وەزارەتەکانی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ڕیزی پێشەوەی ئەوانەن کە زۆرترین هاوکاری ڕۆژنامەنوسانیان کردووە بۆ گەیشتن بە سەرچاوەکانی زانیاری، ئێمەش وەکو خۆمان دەستخۆشیمان لێکردوون و هیوادارین هەموو وەزارەتەکانی تر لەو ئاستە باشەدا ببینین.
دیاری وەک سەنتەری میترۆ نیگەرانی خۆی نیشاندا لە وەزارەتی پلاندانان و ڕایگەیاند:"ئەوەی ئێمە وەک سەنتەری میترۆ لێی نیگەرانین ئەوەیە کە وەزارەتی پلاندانان وەزارەتێکە کە دەبوو زانیاری زۆر بدات بە ڕۆژنامەنوسان سەبارەت بەوەی کە پرۆژەی چی هەیە و دەیەوێت لە ئایندەدا چی بکات و بەرنامەی کاروباری وڵات چۆن دەڕوات بەڕێوە، بەڵام بە داخەوە لە ڕیزی دواوەی وەزارەتەکانەوە هاتووە بۆ پێدانی زانیاری".
دیاری ئەوەشی وت:"رۆژنامەنوسانیش خۆیان بەشێکن لە جێبەجێ نەکردنی یاسای ژمارەی 11ی ساڵی 2013، چونکە ئامادەنەبوون داوا تۆماربکەن و کە بە ڕێژەی %94ی ڕۆژنامەنوسان داوایان تۆمار نەکردووە، تەنها ڕێژەی %6ی ڕۆژنامەنوسان ئامادەبوون بچنە دادگا و سکاڵا تۆمار بکەن، کە بە پێی ئەو یاسایە مافەیان پێدراوە".
دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری کارگێڕی سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەشکرد، %60ی ڕۆژنامەنوسەکان پێیان وایە کە دەبێت زانیاریەکان سنوردار بکرێن، واتە خۆیان ئەو مافە دەدەن بە لایەنی بەرامبەر کە پێدانی زانیاریەکان سنورداربکرێت.
03-10-2016