وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان پلەبەندی بۆ زانکۆ حکومی و ئەهلییەکان لەهەرێمی کوردستان ئاشکراکرد.
د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە کۆنفرانسی دیاریکردنی پلەبەندی زانکۆکان ڕایگەیاند، ئەگەر ڕیزبەندی نشتیمانی زانکۆکان نەکرایە ئه و دەرەنجامە دەرناکەوت.
وتیشی "ئه و زانکۆیانەی لەناو یەک گروپدا دانراون ئاستەکانیان زۆر نزیکن لەیەکەوە".
بەپێی ڕیزبەندییەکە، گروپی A هیچ زانکۆیەکی تێدا نییە هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو.
وەزیری خوێندنی باڵا وتی "زانکۆکان نەیانتوانیوە بگەنە ئاستی جیهانی بۆیە له و گروپەدا هیچ زانکۆیەک دانەنراوە".
هەر بەپێی ڕیزبەندییەکە گروپی B پێکهاتووە لە زانکۆکانی (سۆران، کۆیە، سلێمانی، زانکۆی پزیشکی هەولێر، دهۆک، سەڵاحەدین).
هەروەها گروپی C پێکهاتووە لە زانکۆکانی (زاخۆ، چەرموو، هەڵەبجە، ڕاپەڕین، پۆلیتەکنیکی سلێمانی)، گروپی D پێکهاتوون لە زانکۆکانی (گەرمیان، پۆلیتەکنیکی هەولێر، پۆلیتەکنیکی سلێمانی).
سەبارەت بە زانکۆ ئەهلییەکان، بەهەمان شێوە گروپی A هیچ زانکۆیەکی تێدا نییە، گروپی B پێکهاتووە لە (زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی، زانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی، زانکۆی لوبنانی فەڕەنسی لەهەولێر، زانکۆی ئیشق کە بەشە سەرەکییەکەی لەهەولێرە).
گروپی C پێکهاتووە لە زانکۆکانی (جیهان لەهەولێر، جیهان لەسلێمانی، زانکۆی کۆمار).
وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەکرد، ئه و پلەبەندییە لەسەر بنەمای ورد دیاریکراون و شێوازەکەی شەفاف بووە.
- 18-10-2016