ناو: زوبێر
ناوی باوک: بیلال ئیسماعیل
ساڵی لەدایکبوون: 1938
ساڵی کۆچی دوایی: 1998
شوێنی لەدایکبوون: #هەولێر#
$ژیاننامە$
زوبێر بیلال ئیسماعیل یەکێکە لە مێژوونووسە گرنگ و دیارەکانی کورد لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، بە درێژایی 30 ساڵ بەشدارییەکی کارای هەبووە لە تۆمارکردن و نووسینەوەی مێژووی کورد و کوردستان، بەرهەمی نووسینە مێژووییەکانی تایبەتمەندن بە بابەتی زانستی و دوورن لە بابەتی ھەست و سۆز و لایەنگیرییەوە، لە ماوەی ژیانی زانستیدا زیاتر لە 20 پەرتووکی بایەخداری لەنێوان دەستنووس و بڵاوکراوە نووسیوە، هەروەها نزیکەی 250 لێکۆڵینەوەی لەسەر مێژووی کورد و کوردستان بە درێژایی سەردەمەکان و پەرەسەندنی دۆزی کورد بڵاوکردووەتەوە، وەرگێڕانی بۆ بابەتەکانی دیارترین زانایانی کورد کردووە، لە ژیانی زانستی و فەرهەنگی کوردیدا ڕۆڵێکی هەمیشەیی و بەردەوامی هەبووە، کۆچکردوو لەبارەی هزر و بیرکردنەوەکانی و ژیاننامەی تایبەتیی خۆی و ئەو کەشوهەوا زانستییەی کە تێیدا پەروەردە بووە بەرهەمەکانی نووسیوە، هۆکاری گەیشتنی بوونە بەو پێگە دیارەی کە لەنێو مێژوونووسانی هاوچەرخی کوردیدا بەدەستیهێنا.
زوبێر بیلال ئیسماعیل یەکەمین مێژوونووسی کوردە کە پسپۆڕە لە مێژووی کۆن و دێرین، کاتێک بۆی دەرکەوت کە هێشتا مێژووی کۆنی کورد و کوردستان نەنووسراوتەوە، هەموو ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ بەشداریکردن لەم ئەرکە پیرۆزە، لە کاتی خوێندن و لێکۆڵینەوە لە مێژووی کوردستان سەرنجی داوە کە شاری هەولێری دێرین دیمەنی شوێنی ڕوودانی چەند ڕووداوێکی گرنگ بووە و ڕەوتی مێژووی لە ناوچەکەدا گۆڕیوە، بەڵام شاری هەولێر گرنگییەکی ئەوتۆی پێنەدراوە لەلایەن مێژوونووسانی موسڵمانان و ڕۆژهەڵاتناسانی بیانییەوە، هیچ پەرتووکێکی سەربەخۆ بۆ مێژووەکەی تەرخان نەکراوە، ڕاستە هەندێک پەرتووک هەن کە هەڵگری ناوی (مێژووی هەولێرن)، ڕەنگە ناودارترینیان (تأريخ أربل/مێژووی هەولێر) بێت کە لەلایەن (ئیبن ئەلمستەوفی) نووسراوەتەوە.
پەرتووکێکی تاڕادەیەک زۆر باشە، بەڵام پەرتووکێکی تایبەت بە مێژوو نییە، بەڵکوو تەرخان کراوە بە وەرگێڕانی ئەو زانا و نووسەر و شاعیرانەی کە سەردانی کوردستانیان کردووە، بەتایبەتیی سەردانی شاری هەولێر لە سەردەمی ئاتاباکییەکان.
پەرتووکەکەی بە ناونیشانی (أربيل في أدواره التأريخية /هەولێر لە ڕۆڵە مێژووییەکانیدا) لە ساڵی 1971 کە لە شاری نەجەف دەرکراوە، لە ناوەندی ڕۆشنبیری ئێراقی هەرایەکی زۆری نایەوە، ڕۆژنامەی بەغدای (ئەلتەئاخی) لە بارەیەوە نووسیویەتی دەڵێت (ئەم پەرتووکە فەرهەنگی مێژوویی هەولێر و خەڵکەکەیەتی پێویستە هەموو ڕۆشنبیرێکی ئێراقی بیخوێنێتەوە).
مێژوونووسی کۆچکردوو خوێندنەوەی تەواوی بۆ ژمارەیەکی زۆر لە زانایان و مێژوونووسانی کورد کردووە ستایشی تایبەتیی کردوون، ئەو دەیویست بە نووسینەکانی ستایش و سەرسامی خۆی دەربڕێت بۆیان بۆ ئەوەی نەوەی کورد نموونەی باشی لێ وەربگرن پەیڕەوی ڕێبازی ئەوان بکەن، ئەگەر پەرتووکە بەناوبانگەکەی کە ناوی (ابن خلکان/ئیبن خەلەکانه) بەبیر بهێنینەوە کە لە ساڵی 1979 لە بەغدا بڵاوکراوەتەوە، ئەم پەرتووکە یەکەمین پەرتووکە لەلایەن مێژوونووسێکی کوردەوە دەربارەی مێژوونووسێکی ناوداری کۆچکردوو نووسرابێت، لە پەرتووکە بەنرخەکەیدا مێژوونووسی کۆچکردوو سەلماندوویەتی کە (ئیبن خەلەکان) لە هەولێر لەدایکبووە و پەروەردە کراوە و خێزانەکەی سەربە گوندێکی شاری هەولێرن.
هەروەها پەرتووکەکەی بە ناوی (علماء و مدارس في أربيل/ زانایان و قوتابخانەکانی هەولێر) لە ساڵی 1984 چاپکراوە، تەرخانی کردبوو بۆ قسەکردن دەربارەی ڕۆڵی زانست لە هەولێر و ژیاننامەی گرنگترین زاناکانی ئەو شارە، دواتر بوو بە سەرچاوەیەکی گرنگ و بنچینەیی بۆ هەر کەسێک کە شتێکی نووسیبێت دەربارەی زانایانی هەولێر و ڕۆڵی زانست و پەرستش تێیدا.
هەروەها پەرتووکێکی سەرسووڕهێنەر و سەرنجڕاکێشی لەبارەی یەکێک لە دیارترین شێخە سۆفییەکانی کوردستان بە ناوی (شێخ جۆلی)ەوە نووسیوە، کە لە ساڵی 1989 لە هەولێر چاپ کراوە، لەو کاتەی سەرچاوەکان دەربارەی ئەم شێخە سۆفییە کەمبوون و تەنانەت سەرچاوەی لەسەر هەر نەبووە، زوبێر بیلال پەنای بۆ شوێنکەوتنی شوێنەواری شێخ جۆلی بردووە، و زانیاری لەسەر کۆڵیوەتەوە لە مێژووی دەستنووسی مزگەوتەکان و بیرەوەری و وتەی خزمە بەتەمەنەکانی شێخ و ئەو دەستنووس و بەڵگەنامانەی کە پارێزراون و پەیوەندی بە شێخەوە هەیە و باسی پەیڕەوەکانی و سەرچاوەی ڕۆشنبیری و کاریگەریی قوتابخانە سۆفیەکەی دەکات،
لە ئەنجامی ئەو هەوڵە مەیدانییە گەورەیەدا زانیاری فراوانی کۆکردەوە کە بوو بە تەوەری پەرتووکەکەی لەسەر (شێخ جۆلی) کە تاقە پەرتووکە لەسەر ئەم شێخە بەناوبانگەی کوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتیی نووسراوەتەوە،
ئەو مزگەوتەی کە ناوی ئەو شێخەی هەڵگرتووە دەکەوێتە ناوجەرگەی شاری هەولێرەوە، هەروەها ئەو مەیدانەی لە نزیک مزگەوتەکەیە ناوی ئەوی لێنراوە، پەرتووکەکە لە ساڵی 2002 وە لەلایەن #وەزارەتی ئەوقاف#ەوە لە کوردستان دووبارە چاپ و بڵاوکراوەتەوە و پڕۆفیسۆر (عەدنان نەقشبەندی) وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی ئەو کاتە لە #حکومەتی هەرێمی کوردستان# پێشەکییەکی بەپێزی بۆ ئەم پەرتووکە نووسیوە کە تێیدا دەڵێت: (بەڕێز شێخ محەمەد سەنا ئەلدینی کوڕی مستەفای حاجی عومەری هەولێری نەقشبەندی ناسراو بە (شێخ جۆلی) ناوەکەیمان هەمیشە بیستووە، خەڵکی سەردانی مزگەوتەکەی دەکەن بۆ جێبەجێ گەیاندنی ئەرکە ئایینییەکان و زیندووکردنەوەی بۆنە پیرۆزەکان، هۆکاری ناوداربوونی و ڕووداوەکانى ژیانی شێخ و ڕاستییەکان و ژیاننامەی دەگەڕێتەوە بۆ مێژوونووس زوبێر بیلال ئیسماعیل کە زۆربەی تەمەنی بەسەر برد بۆ لێکۆڵینەوە و نووسینەوەی مێژووی شارەکەی و گەلەکەی).
هەروەها ئیمام و وتاربێژی مزگەوتی (شێخ جۆلی) شێخ عیمادەدین فائیز عەبدوڵڵا پەرتووکەکەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی پەرتووکەکە بڵاوکراوەتەوە.
یەکێک لەو لێکۆڵینەوە گرنگانەی کە کۆچکردوو بڵاویکردووەتەوە، لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت بوو بە ژیاننامە و کاریگەرییەکانی زانای ناوداری کورد (ئیبن ئادەم) کە لە گۆڤاری (کۆمەڵگەی زانستی کوردی) بڵاوکراوەتەوە، ئەم گۆڤارە لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە بەغدا دەردەچوو.
ژیاننامەی ئەو زانایانەی کە لە هەولێر لەدایکبوون پێگەیەکی گرنگیان لە کارە زانستییەکانیدا داگیرکردووە، زۆرێک لە مێژوونووسان و نووسەران کە لەسەر ژیاننامە و نووسینەکانی کۆچکردوو نووسیویانە ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرهەمێکی تایبەتیی هەیە لە سێ بەش پێکهاتووە، هێشتا هەر دەستنووسە و باسی ژیاننامەی سەدان زانای هەولێر و ڕۆشنبیران و نووسەران و شاعیران و موزیکزانان دەکات، دەکرێت ئەم نووسینە یەکێک بێت لە گەورەترین و گرنگترین کارەکانی مێژوونووسەکەمان کە چاوەڕێی بڵاوکردنەوە بێت.
ئەم مێژوونووسە مەزنە گرنگییەکی دیاری بە مێژووی میرنشینە کوردییەکان داوە، پەرتووکێکی دەستنووسی لەسەر میرنشین و هۆزی هەدبانییەکان/ڕەوەندییەکان هەیە، کە لە ساڵی 1978دا نووسینی تەواو کردووە.
یەکێک لە کارە گرنگەکانی بریتییە لە توێژینەوە قوڵ و جۆراوجۆرەکانی لەسەر (میرنشینی سۆران)، کە تێیدا بنچینە و شیکردنەوەی میرنشینی سۆران و پەرەسەندنی سیستەم و یاسای بەڕێوەبردن و دەسەڵات و پەیوەندییە دەرەکییەکان و کەسایەتی شازادە محەمەدی پاشای #ڕواندز#ی لەخۆگرتووە، لێرەدا جێگای سەرنجە کە کۆچکردوو لە ڕێی گەڕان و لێکۆڵینەوەوە بەڵگەنامەی کۆن و گرنگی سەبارەت بە میرنشینی سۆران دۆزیوەتەوە، ئەو نەخۆشی ناو جێگا بووە کاتێک توێژینەوە بە بایەخەکەی دەربارەی(میرنشینی سۆران) نووسیوەتەوە.
بابەتی (بەڵگەنامەی نوێ لە هەڵکشان و کەوتنیدا)، ساڵی 1998 لە گۆڤاری (زاکرۆس) دەرچووە لە شاری هەولێر.
بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردی بەشێکی گرنگ بووە لە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانی، یەکەم کەس بووە کە تێبینی کەسایەتی نەتەوەیی شۆڕشی (شێخ عەبدولسەلام بارزانی) و شۆڕشەکانی دوایی بارزانی کردووە و بە دووسێ مانگ پێش کۆچی دوایی پەرتووکێکی بە ناوی (شۆڕشەکانی بارزان) لە ساڵی 1998 بڵاوکردووەتەوە بە گرنگترین پەرتووک دادەنرێت لەبارەی شۆڕشەکانی بارزانەوە.
لێکۆڵینەوەیەکی بەپێزی لەسەر گرنگی ستراتیژی سێگۆشەی سنووری نێوان ئێران و ئێراق و تورکیا و کاریگەریان لەسەر مێژووی کورد و ناوچەکەدا نووسیوەتەوە کە چەند بەشێکیان لە ڕۆژنامەی (خەبات) لە ساڵی 1997 بڵاوکراوەتەوە.
ئەو گرنگی داوە بە هەموو بابەتێک پەیوەندیدار بە کەلەپوور و کەلتووری کوردی و ناسنامەی نەتەوەیی گەلی کورد، پەرتووکێکی ناوازەی هەیە بە ناونیشانی (مێژووی زمانی کوردی) بە پشتبەستن بە بەڵگە مێژووییەکان و تایبەتمەندییەکانی زمانی کوردی سەلماندوویەتی کە ئەم زمانە تایبەتە زمانێکی دێرینە و سەربەخۆیە لە زمانی فارسی، پەرتووکەکەش وەرگێڕراوە بۆ چەند زمانێکی بیانی.
هەرچەندە ئەو مێژوونووسە بە توێژینەوە مێژووییەکانەوە سەرقاڵ بووە، بەڵام گرنگی بە بزووتنەوەی ڕۆشنبیری هاوچەرخی کوردی داوە و چەندین لێکۆڵینەوە و وتاری لەسەر ئەم بزووتنەوەیە لە گۆڤاری (ئەلسەقافە)ی بەغدا و ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی تر لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکان بە زمانی عەرەبی و کوردی بڵاوکردووەتەوە.
مێژوونووسی کۆچکردوو (14) پەرتووکی دەستنووسی بەجێهێشتووە، کە بەشێکیان دوای کۆچکردنی بڵاوکراونەتەوە، لەوانە (کورد لە پەرتووکەکانی موسڵمانان و کۆچەران لە سەدەکانی ناوەڕاستدا)، پەرتووکی (مێژووی هەولێر) کە لە ساڵی 1999 لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە و گرنگترین و گشتگیرترین پەرتووکی مێژووی ئەم شارە دێرینەیە.
لە ڕۆژی 1999-02-25 وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێم سیمینارێکی زانستی سازکرد بۆ هەڵسەنگاندن و بەرزڕاگرتنی پەرتووکەکە و ڕێزلێنان و یادکردنەوەی کۆچکردوو و هەوڵە بەردەوامەکانی لە تۆمارکردنی مێژووی کورد و کوردستان، ئەم سیمینارە یەکەمین بووە لە کوردستان و لایەنە زانستی و ڕۆشنبیریەکان گرنگیان بە وردەکارییەکانی داوە، و لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە، وەزیری ڕۆشنبیری ئەو کاتە نووسەر و سیاسەتمەداری کۆچکردوو (#فەلەکەدین کاکەیی#) پەرتووکی (مێژووی هەولێر)ی بە گرنگترین پەرتووکی مێژووی تایبەت بە شاری هەولێر وەسفکردووە و ناوبراو داوای وەرگێڕانی بۆ زمانی ئینگلیزی و چەند زمانێکی تر کردووە، بەهۆی بایەخی ناوەرۆکی ئەم پەرتووکە لەڕووی پێناسەکردن و گێڕانەوەی مێژووی دوور و درێژی کورد بۆ گەلانی ناوچەکە و جیهان، وتاربێژانی دیکەی ئەو سیمینارە داوایان کردووە ئەم پەرتووکە لە قوتابخانەکان و پەیمانگاکانی هەرێم بخوێندرێت، یەکێک لە ئامادەبوان شاعیر شەهید (مەهدی خۆشناو) بووە، سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد و جێگری پارێزگاری هەولێری ئەو کاتە بوو، لە وتەکانیدا ئاماژەی کردبوو کە: (ناوی زوبێر بیلال ئیسماعیل هەمیشە پەیوەستە بە ناوی هەولێرەوە، ئەوان دووانەیەکی لەیەک دانەبڕاون).
لە ڕاستیدا مێژوونووسی کۆچکردوومان شاری هەولێری زۆر بە قووڵ و چڕی ناسیوە، چوونکە لەدایکبوو و پەروەردەکراوەی شاری قەڵا و منارە بووە، بۆیە مێژووی شارەکەی لە هەر مێژوونووسێکی تر باشتر ناسیوە، زانیوێتی کە شارەکەی چەندە ڕۆڵی مەزنی هەبووە لە درووستکردنی مێژوو و شکۆ و قارەمانێتییەکان، هەروەها خێزانە دەسەڵاتدارەکانی ئەو شارە کە بەدرێژایی مێژوو دەسەڵاتیان هەبووە و ئاڵا و تایبەتمەندییە کەلتووری و فەرهەنگییەکان هەروەها گەڕەک و شەقام و کۆڵان و شوێنی پەرستن و قوتابخانە و پەرتووکخانەکانی هەموویانی بەباشی ناسیوە.
زوبێر بیلال لەو کاتەی کە لە ژیانیدا بووە و لە دوای کۆچی دواییشی بایەخی زۆری پێدراوە لەنێوەندی ڕۆشنبیری و زانستییەکانی کوردستان، و بەتایبەت لە کاتی نەخۆشییەکەیدا بایەخی زیاتری پێدراوە، شاندی فەرمی و جەماوەری سەردانی کردووە و بەسەریانکردووەتەوە بۆ دڵنیا بوون لە باری تەندرووستی، هەروەها دیارترین ڕۆشنبیرانی ناوچەکە سەردانیان کردووە و لە هەر مێژوونووسێکی دیکەی کورد بایەخی زیاتری پێدراوە.
لە دوای کۆچی دوایی چەندین وتار لەسەر ژیاننامە و بەرهەمە زانستییەکانی بڵاوکرانەوە و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە چڕی هەواڵی کۆچکردنەکەیان گواستووەتەوە و مەراسیمی یادکردنەوەی چلەی ماتەمینیشی بۆ ئەنجامدراوە.
مەیدانی سەرەکی دەروازەی شاری هەولێر لەسەر شەقامی سەد مەتری هەڵگری ناوی مێژوونووسی ناودار (زوبێر بیلال ئیسماعیل)ە کە بە جەستە بەجێی هێشتین، بەڵام لە دڵ و ناخی هەموو ڕۆشنبیرێکی کورد بەزیندوویی دەمێنێتەوە کە هەست بە گرنگی ئەو ڕۆڵە مەزنەی ئەم نووسەرە بکات لە ژیانەوە و تۆمارکردنی مێژوو و گەل و نیشتمانەکەی.[1][2]