رۆژنیوز- ڕێزان محەمەد
25ی نۆڤەمبەری هەموو ساڵێک ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە، پارێزەرێک ڕایدەگەیەنێت کە ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان زیادی کردووە، چالاکوانێکی ژنانیش دەڵێت کە پێویستە لەو ڕۆژەدا ڕۆڵ و توانای ژنان بخرێتەڕوو نەک ئاماری توندوتیژی.
لە 25ی نۆڤەمبەری 1960 لە وڵاتی کۆماری دۆمینیکان سێ خوشک(خوشکەکانی میڕاباڵ) کە چالاکوانی سیاسی بوون لەسەر بڕیاری (ترۆخێو)ی سەرۆک کۆماری دۆمنیکانی ئەو کات بە دڕندەترین شێوە کۆژران، لە ساڵی 1981 چالاکوانان ئەو ڕۆژەیان دیاری کردووە بە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و لە ساڵی 1999 نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو ڕۆژەیان بەفەرمی کردووە بە ڕۆژێکی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.
شۆخان حەمەڕەشید، پارێزەر و بەڕێوبەری ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان، بە ڕۆژنیوزی وت:" ژنان لەمساڵدا لە بارێکی قورس و دۆخێکی سیاسی و ئابوری بێ مووچەییدا دەژین و ڕووبەڕووی چەندین کێشە و توندوتیژی بونەتەوە، هەر بۆیە هیوادارم هەموو ژنان لەو ڕۆژەدا پێکەوە کارێک بکەین کە کاریگەرییەکی گەورە لەسەر دەسەڵات و حکومەت دابنێین".
شۆخان حەمەڕەشید، وتیشی:"من وەکو پارێزەرێک کە چەندین کەیس دێتە بەردەستم، بۆم دەرکەوتووە کە لەم ساڵدا دۆخی ژنان لە دۆخێکی چەق بەستوودایە و نەمانتوانیوە ئەو کەیسانەی کە هەمانبووە لەناو دادگادا بە باشی کاری لەسەر بکەین، ئەویش بەهۆی بایکۆت و نەبوونی دەوامەوە، هەربۆیە کەیسەکانی ژنان لەناو دادگادا ژمارەیان بەرزبۆتەوە، بەداخەوە لەمساڵدا دۆخی ژنان هیچ باش نییە و هیچ گرنگییەکیش بەم بابەتە نادرێت، بەهۆی گرنگیدان بە کۆمەڵێک بابەتی وەک سیاسی و ئابووری".
شۆخان، باسی لەوەش کرد:"لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا ژنان هەمیشە قوربانیی یەکەم بوون، بەداخەوە لە کاتی جەنگ و کاتی نەبوونی ئەزمونی ئابووری و سیاسیشدا، ژنان دووجار دەبنە قوربانی، چونکە ئەوەندەی گرنگی بە بابەتەکانی تر دەدرێت، ئەوەندە بیر لە کێشەکانی ژنان ناکرێتەوە".
ناوبراو، ئاماژەی بەوەش دا: "ئەرکی ژنان ئێستاکە ئەوەیە کە پێویستە بە پێی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەفتار بکەن لەوەی کە دەبێت ژنان ڕۆڵی سەرکردایەتیان هەبێت و ڕۆڵی ئاشتەواییان هەبێت لەناو کۆمەڵگادا، ژنان چۆن بتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر دەسەڵات و حزبەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەداخیشەوە ئێمەی ژنان ڕۆل نابینین لەو کۆڕە ئاشتەواییەی کە لە نێوان حزبەکاندا دەکرێت، یاخود لەو گروپانەی کە سەردانی لایەنەکان دەکەن بۆ ئاشتەوایی، بەڵام بەداخەوە ژن ڕۆڵی ونە، لەبەرئەوە ئەگەر بەپێی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بێت کە کوردستان و عێراق بەشێکە لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، دەبێ ژن ڕۆڵی گەورەی هەبێت لە ئاشتەواییدا، ئێستاکەش کە قەیرانە، پێویستە ژنان ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت".
بەڕێوبەری ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان، لە کۆتایدا، ڕایگەیاند:"بۆ کەمبونەوەی توندوتیژی دەبێت گرنگییەکی تەواو بە بابەتەکانی توندوتیژی بدرێت، دەبێت بودجەیەکی تایبەت دابندرێت بۆ کێشەکانی ژنان، نەک ئەوەی کە لە کاتی قەیرانێکی سیاسیدا کە هەموو پایەکانی دەسەڵات و حکومەت پەکی دەکەوێت، کێشەکانی ژنانیش بە هەمان شێوە پەکی بکەوێت، دەبێت کێشەکانی ژنان لەبەرچاو بگیرێت لە حاڵەتە کتوپڕەکان و سەرچاوەیەکی دارایی خۆی هەبێت".
پەرێز سابر، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی ژنان، بە ڕۆژنیوزی وت:"25ی نۆڤەمبەر ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە، ئیتر لەوە دەرچووین کە پەیامەکەمان ئەوە بێت کە ئەوەندە توندوتیژی بەرامبەر ژنان کەمبوەتەوە، یان ئەوەندە ژن خۆیان سوتاندووە و ڕێژەکە زیاد بووە و ئامارەکان بخەینەڕوو، هەرچەندە من باوەڕم بە ئامارەکانی کوردستان نییە، لەبەرئەوەی ڕێکخستنەکانیان باش نییە".
پەرێز سابر، وتیشی:"پێم وابێت ئیتر کاتی ئەوەیە بڵێین چەندین ژنی چالاکوان و بەتوانامان هەیە، چەندین ژنمان هەیە کە بەڕێوبەری دامەزراوەکانن، چەندین ژنمان هەیە کە پێگەی خۆیان هەیە لە بوارە جیاجیاکاندا وەک بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، ئێمە چەندین ساڵە باس لەوە دەکەین کە ئامارەکان لەو هەفتەیەدا دەخەینەڕوو، بەڵام کاتی ئەوە نەماوە پێویستە توانا و کەسایەتی ژنان بخەینەڕوو بۆ کۆمەڵگا، تاکو کۆمەڵگا ئەو باکگروندە توندوتیژیەی لە لا کاڵ ببێتەوە".
15-11-2016