دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایدەگەیەنێت، بۆ ساڵی خوێندنی (2016-2017) زیاتر لە (30) هەزار خوێندکار لە زانکۆ حکومیەکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراون و لەمشەویشەوە خوێندکاران دەتوانن ناوی خۆیان لەو بەش و کولێژ و زانکۆیانە بدۆزنەوە کە لێیی وەرگیراون.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاشکرایدەکات، دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردودا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەچڕی و وردی و بەهاریکاری زانکۆکانی کوردستان پلانی وەرگرتنی داڕشت، بەگەیشتنی ناوی تەواوی دەرچوان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بەناوەندی وەرگرتن، هەوڵەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا چڕکرانەوە بۆ ئەوەی بەڕەچاوکردنی پلانی زانکۆکان زۆرترین ژمارەی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەربگرێت.
ئاماژەشیداوە، "لەو چوارچێوەیەدا ئەمساڵ (49018) دەرچوی (12)ی ئامادەیی بەهەردو پڕۆسەی (پێشکەشکردنی ڕاستەوخۆی زانکۆیی) و لە ڕێگەی سیستمی (زانکۆلاین)ەوە فۆرمی وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان پێشکەشکرد، لەو ژمارەیەشدا (30039) دەرچو لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان بۆ ساڵی خوێندنی (2016-2017) وەرگیران".
لەبارەی کۆنمرەی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکان، وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایدەگەیەنێت "کەمترین کۆنمرەی وەرگیراو لە پڕۆسەی (زانکۆلاین) بریتی بوە لە (477.13)، کە دەکاتە ڕێژەی (68.18)، بەڵام کەمترین کۆنمرەی وەرگیراو بەهۆی سیستمی پیشبڕکێ لە ڕێگەی وەرگرتنی ڕاستەوخۆی زانکۆیی بریتی بو لە ڕێژەی (60%)".
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هاوکات وەزارەت لە چەند پڕۆسەیەکی دیکەدا دەرچوانی ئامادەییە پیشەییەکان و زانستە ئسلامیەکان و یەکەمی پەیمانگە تەکنیکیەکان و، ڕێژەی (50%) خوێندکارانی بەسیستمی تەکنیکی لە کۆلێژە تەکنیکیەکان وەرگرت، کە کۆی گشتی ئەو ژمارانەش دەگاتە زیاتر لە هەزار خوێندکار، بەوەش کۆی وەرگیراوان بۆ ساڵی خوێندنی (2016-2017) دەگاتە زیاتر لە 31 هەزار خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان بەوپێیەش ڕێژەی (64%) خوێندکاران لەزانکۆ و پەیمانگاکان وەرگیران.
وەزارەتی خوێندنی باڵا، ڕاشیگەیاندووە "خوێندکارانی دوانزەی ئامادەیی ئاگاداردەکات دەتوانن لە ئەمشەو 2016-11-17 لە سەعات (10)ی شەو بەدواوە لە ڕێگەی وێبسایتی (www.regayzanko.com) بەبەکارهێنانی هەمان ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) کە پێشتر فۆرمی (زانکۆلاین)یان پێ پڕکردۆتەوە، ئەو شوێنە بدۆزنەوە کە لێیی وەرگیراون".
لەبارەی تانەگرتن لە ئەنجامەکان، وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاندووە "ماوەی هەفتەیەکی دیاریکردوە بۆ تانەگرتن و سکاڵاکردن لە ڕێگەی وێبسایتی (زانکۆلاین)، لەهەمان کاتدا داوا لە خوێندکاران دەکات ئەوانەی کە ناویان دەرچوە لەماوەی هەفتەی داهاتوەوە پەیوەندی بەو بەش و سکوڵ و کۆلێژانەوە بکەن کە ناوەکانیان لێهاتۆتەوە بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان، چونکە ڕێکەوتی 2016-11-26 یەکەم ڕۆژی دەوامی ساڵی نوێی خوێندنیان دەبێت".
سەبارەت بەو خوێندکارانەی کە بەهۆی کەمی هەڵبژاردنەکانیان وەرنەگیراون، وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاندووە، لەلایەن ناوەندی وەرگرتن بەپێی نمرە و شایستەی بەشەکانیان دواتر بەسەر بەشە جیاکاندا دابەشکراون بەپێی ڕێنمایی کە لە ڕێبەردا ڕونکراوەتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، سەرباری بایکۆتی ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکان لە شارەکانی کوردستان کە بەهۆیەوە نەتوانرا (پاسۆرد و یوزەرنەیم) لە کاتی خۆی بگەیەندرێتە دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی، بەڵام هەوڵەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەردەوام بوە و توانی بە زیاتر لە دوو هەفتە لە ساڵانی پێشتر ناوی خوێندکاران ڕاگەیەندرێ، ئەوە جگە لەوەی کە ڕێبەری وەرگرتنیش بەڕێگەی (ئۆنلاین) خرایە بەردەستی خوێندکاران، بەوەش داهاتێکی زۆر بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان گەڕایەوە".
- 17-11-2016