بسم اللە الرحمن الرحیم
سوپاس و پێزانین...
دۆستان، ئازیز و خۆشەویستانی نزیک و دوور، هاوڕێیان و خەڵکی بە ئەمەک و خەمخۆرانی ڕەژووکەریان و دۆڵی خانەقا- وەرتێ و باڵەکایەتی، پێشمەرگە ئازاکان، خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و خەڵکی کوردستان، سڵاوتان لێبێت.
ئێمە وەک بنەماڵەی شەهید:
دەمانەوێ لە دوو توێی چەند دێڕێکدا سوپاسنامەیەکتان ئاراستە بکەین، کە هێشتا تین و تاوی ئازاری کۆستی گەورەمان بڕشت و هەناسەی لێ بڕیوین و ئاگری لە سینەمان بەرداوە، وەلێ وەستانی ئێوە لە تەک خەمی گەورەی ئێمە و پەی بردن بە هاوسۆزی و جەرگسۆزی تێکڕای ئێوەی دۆست و ناسیاو و کەس و کار جارێکی تر ووزە و ئارامیمان بۆ دەگێڕێتەوە. بۆیە و بەو موناسەبە خەمناکەوە شتێک شک نابەین لە ئاستی گەورەییتان و دابەش کردنی خەمی گەورە لە گەڵمان، هەر لە یەکەم چرکەساتی شەهید بوونی (کاکە دەشتی) و مەڕاسیمی بەخاک سپاردنی و ڕۆژانی بەڕێوەچوونی ڕۆژانی پرسە بەو گەورەیی و شکۆ مەزنەوە لەگەڵمان بوون بە ئێستای حازریشەوە، تەنها ئەوە نەبێ کە بڵێین خوای گەورە پاداشتتا ن بداتەوە و دوورتان کات لە کۆستی لەدەست دانی
ئازیزانتان.
داواکارین لە خودای گەورە خوێنی ڕۆڵە شەهیدەکەمان و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان ببێتە مایەی ئاشتی و ئارامی بۆ نەتەوە چەوساوەکەمان و هیوا خوازین گەلەکەمان لەسایەی خوێنی شەهیدەکەمان و سەرجەم شەهیدانی تری کوردستان بگاتە مافی ڕەوای خۆی، هەر لە سەروەری خاک و نیشتمانەوە تا ئەگاتە مافی بچوکترین منداڵی تازە لە دایک بوو، انشاءاللە عەدالەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و خۆشبژێوی ژیان و شەفافییەتی داهاتی وڵاتەکەمان بۆ هەموو کوردێک لە سایەی خوێنی گەشی شەهیدە بێنازەکانمانەوە دێتە دی.
لیقای خۆمان ئەبەینە بەردەم بارەگای خودای گەورە و داواکارین، ئیتر ئەم جەرگبڕییە کۆتایی بێت و جەرگ و دڵی هیچ دایک و باوکێک، پشت و پەنای هیچ خوشک و برایێک نەسوتێ و نەبڕێ و نەشکێ.
نەمری بۆ شەهیدان و تف لە عەقڵی فاشست و عەرەبی خوێنمژی جاهیلی نەفامیدەی شەڕەنگێز و مەزهەبگەرایی. لێرەوە داعشی بەرهەمهاتووی مێشکی عروبییەت و هاو شێوەکانی دڵنیا دەکەینەوە کە ئەبین چقڵی چاوییان و ئەبینە ئاگر بۆ سوتانی دڵ و مێشکە ژەنگهەڵهاتووەکانییان، درێژەدان بە خەبات دژی تێرۆر و داگیرکاری و بیری نامرۆڤانە بەردەوامی دەبێت، بەبێ گوێدان بە بێباکییەتی خەڵکی تر،کە لە هەر پۆست و پلەو پایەی خۆشگوزەرانیێک دابن.
ئێمە وەک بنەماڵەی شەهید چەندە سەربەرزین بە شەهید.. کارۆخ.. ئەوەندەش سەربەرزین بە هەبوونی دۆستایەتی و خزمایەتی و هاوڕێیەتی و ناسیاوێتی ئێوە.
لەگەڵ ڕێز و سوپاسی
بنەماڵەی شەهید کارۆخ غەزالی
ناسراو بە شەهید دەشتی غەزالی ڕەژووکەری
20-11-2016