دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
جێگری سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایدەکات، بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم مانگانە تێکڕا نزیکەی 250 ملیۆن دۆلار حەقدەست و قەرزی کۆنی کۆمپانیاکانی نەوت لە کوردستان دەداتەوە، بۆیە دانەوەی ئەو قەرزانە ڕێگرە لەوەی حکومەت دەستکاری مووچەی پاشەکەوتکراوی مووچەی فەرمانبەران و مامۆسستایان بکات.
دڵشاد شەعبان، جێگری سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "حکومەتی هەرێم نزیکەی 15 ملیار دۆلار قەرزدارە، ئەو قەرزە بەشێکی هی کۆمپانیاکانی نەوتە، کە لە 2014 بڕی دوو ملیار و 800 ملیۆن دۆلاری قەرز کرد بۆ پێدانی مووچە، هەروەها بەشێکی تری حەقدەستی کۆمپانیاکانی نەوتە کە ئەویش بڕەکەی نزیکەی دوو ملیۆن دۆلارە".
وتیشی "قەرزەکانی تری حکومەت، بریتییە لە کۆمپانیا ناوخۆییەکان و قەرزی وڵاتی تورکیا کە بڕەکەی دوو ملیار دۆلارە، هەروەها قەرزی بەڵێندەران و بانکە ئەهلی و حکومییەکان و مووچەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران و مامۆستایان".
جێگری سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزەی پەرلەمان، ئاماژەی بەوەشکرد حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی تریش لە 2015 قەرزی کردووە لە کۆمپانیا نەوتییەکان، ئەویش وەرگرتنی پارەی پێشەکی نەوتە، کە ئێستا نەوتیان پێدەداتەوە.
لەبارەی گەڕانەوەی پارەی قەرزی کۆمپانیاکان، دڵشاد شەعبان وتی "ماوەی نزیکەی حەوت مانگە حکومەتی هەرێم دەستیکردووە بە گەڕانەوەی قەرزەکانی، مانگ هەیە 150 ملیۆن دۆلار تاکو 180 ملیۆن دۆلاری گەڕاندۆتەوە، واتە گەڕانەوەی قەرزەکان جیاوازە واتە مانگانە تێکڕا 250 ملیۆن دۆلار قەرزی کۆمپانیاکان دەدرێتەوە".
دڵشاد شەعبان، ڕوونیدەکاتەوە بەهۆی دانەوەی قەرز و پێدانی حەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکانەوە، حکومەتی هەرێم ڕێگرییەکی بۆ دروستبووە لە دەستکاری مووچەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران و مامۆستایان.
ماوەی ساڵێکە حکومەتی هەرێم مووچەی فەرمانبەرانی بەرێژەی 15% تاکو 70% پاشەکەوتکردووە.
وتیشی "نووسراومان بۆ هەردوو وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتییەکان کردووە و داوامان کردووە بە ڕەسمی قەرزەکانی حکومەت و گەڕانەوەی قەرزەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرابکەن، بەڵام هێشتا وەڵامم نەدراوەتەوە".
- 26-12-2016