دواڕۆژ، هۆگر کەمال
ئەمڕۆ چوارشەممە، عومەر گوڵپی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئامارەکانی ساڵی 2016ی بەڕێوەبەرایەتییەکەی خستەڕوو، تێیدا وتی "لە ئێستادا لە خانەکانی ساوایان و نەوجەوانانی کوڕان و کچان و بەساڵاچووان (143) منداڵ و بەساڵاچوو خزمەت دەکرێن".
وتیشی "لە خانەی ساوایان (24) منداڵی ساوا تەمەن (1 ڕۆژی بۆ 4 ساڵ)، لە خانەی کوڕان (تەمەن 4 بۆ 18)ساڵ، 49 منداڵ کە 35 یان لە دەرەوەی خانە و (14) منداڵیان لە ناو خانە خزمەت دەکرێن، لە خانەی کچان ژمارەی منداڵان بریتیە لە 28 منداڵ، لەوانە (15) منداڵیان دەرەوەی خانەن و ناوخانە (13) منداڵ، هەروەها لە خانەی بەساڵاچووان (بۆ پیاوان تەمەن لە 60 ساڵ بەرەو سەرو بۆ ئافرەت 55 ساڵ بەرەو سەر) لە ئێستادا (38) بەساڵاچوو سودمەندن، (36) پیاو و (7) ئافرەت، کە (18) لەو بەساڵاچووانە لە یەکەی پەککەوتەن و هەموو خزمەتێک دەکرێن و پێداویستی و ژیانی ڕۆژانەیان بۆ دابیندەکرێت".
ئاماژەی بەوەشدا "لە ساڵی ڕابردوودا، (178) ئافرەت ڕوویان لە شەڵتەری خانەی داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو کردووە و داڵدەدراون، لەوانە (152) ئافرەتیان کێشەکانیان چارەسەرکراوە و گەڕاونەتەوە ناو ژیانی ئاسایی و 26 ئافرەتیشیان لە ئێستادا لە شەڵتەر دەپارێزرێن، هەر لە شەڵتەری داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو (56) منداڵ خزمەتکراون کە لەگەڵ دایکیاندا هاتوونەتە شەڵتەر، لەوانە (52) منداڵیان شەڵتەریان لەگەڵ دایکیاندا بەجێهێشتووە و تەنها (4) منداڵ لە ئێستەدا لە شەڵتەر دەژین".
عومەر گوڵپی، باسی لەوەشکرد "لە پڕۆژەیەکدا کە ناوی (پڕۆژەی پاراستنی منداڵ) و بۆ منداڵانی ئاوارە و ناوخۆ بە هاوکاری ڕێکخراوی یونیسێف و لەڕێگەی تیمی تایبەت و پسپۆڕەوە لە ناو شاری سلێمانی و قەزاکانی دەربەندیخان و چەمچەماڵ بەڕێوە دەچێت، 14 هەزار و 988 منداڵ پاڵپشتی دەروونیی و کۆمەڵایەتیی و پەروەردەیی و یاسایی و دارایی کراون، لەوانە حەوت هەزار و 391 کوڕ و حەوت هەزار و 597 کچ و بوون".
رونیشیکردەوە "هەر لەو پڕۆژەیەدا مامەڵە لەگەڵ 632 کەیسدا کراوە کە گرفتی جۆراوجۆریان هەبووە، هەروەها هۆشیاری پەروەردەیی و خێزانی و یاسایی لەبارەی منداڵ و مافەکانیانەوە پێشکەش بە (296) پیاو و ئافرەت دراوە، لەوانە (194)پیاو و (102) ژن بوون".
ئەوەشی خستەڕوو "لە بواری چالاکی هونەری و وەرزشی منداڵاندا، لە سەنتەرەکانی سلێمانی، دەربەندیخان، پیرەمەگرون، ڕانیە، قەڵادزێ، چەمچەماڵ، (136) منداڵ سودمەندبوون، جگەلەوەش هێڵی گەرمی فریاکەوتنی منداڵان (هێڵی 116ی منداڵان)، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، چوار هەزار و 505 پەیوەندی وەرگیراوە، لەو ژمارەیە کۆی گشتی کێشەکان (496) کێشەبوون، لەوانەش 100 کێشەیان ئاڕاستەی لایەنی تری پەیوەندیدار کراون، لەو ژمارەیە (175) منداڵیان منداڵی ئاوارە بوون".
- 11-01-2017