ڕۆژنیوز ناوەندی هەواڵەکان
کۆمەڵەی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، کە لە باکوری کوردستان ساڵی ڕابردوو 50 هەزار جار مافی مرۆڤ ژێرپێ خراوە.
ئەمڕۆ لە شاری ئامەد لە باکوری کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، کۆمەڵەی مافی مرۆڤ ئاماری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی لە باکوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ڕاگەیاند.
ڕاپۆرتەکە لەلایەن ڕاجی بلیجی، سەرۆکی نوسینگەی ئامەدی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ خوێندرایەوە و باس له و پێشلێکاریانە کرا، کە لە ساڵی 2016 لە دژی مافی مرۆڤ لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دژی هاوڵاتیانی کورد ئەنجامدراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە تەنها لە ساڵی ڕابردوودا 304 کەس لەلایەن پۆلیسەوە بێ لێپرسینەوە و دادگایکردن کوژراون، هەروەها 131 کەسیش بریندار کراون.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە بەهۆی سەختی دۆخی زیندانەوە، شەش کەس لە زینداندا مردوون، هەروەها 647 ڕووداوی ئەشکەنجەدان هەبووە، هەروەها 138 جار لە کاتی دەستگیرکردندا ئەشکەنجەدان هەبووە.
هەر بەپێی ئامارەکە ساڵی ڕابردوو شەش هەزار و 860 کەس دەستگیرکراون، کە 150 کەسیان منداڵ بوون، هەروەها سێ هەزار و 556 جار بەسەر ماڵاندا دراوە.
هەربەپێی ڕاپۆرتەکە، ساڵی 2016 لە باکوری کوردستان 39 تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ و 34 ماڵپەری ئینتەرنێت داخراون، 11 ڕۆژنامە و ناوەندی بڵاوکردنەوە فشاریان لەسەر دروستکراوە، 94 جاریش گۆڤار لە بازاڕ کۆکراوەتەوە و ڕێگە نەدراوە بڵاوببێتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، کە ساڵی ڕابردوو 52 هاوسەرۆک شارەوانی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و حکومەتی تورکیا "خۆسەپێنەر"ی خۆی خستوەتە شوێنیان.
ڕاپۆرتەکە پڕیەتی لە ژمارەی ئه و کەسانەی کە بەهۆی ڕادەربڕینەوە لێپرسینەوەیان لێکراوە، هەروەها لە چەندین بواری تردا پێشلێکاری دژی مافی مرۆڤ ئەنجام دراوە، کە کۆی گشتی دەکاتە 50 هەزار جار.
23-01-2017