دواڕۆژ، ئارام سەعید
بەپێی ئامارێکی پۆستەی هەرێمی کوردستان لەساڵی 2016دا بڕی 116 تۆن و 911 کیلۆگرام ئاڵۆگۆری پۆستە لە هەرێمی کوردستانەوە ڕۆشتوەتە دەرەوە، بەڵام تەنیا 16 تەن 239 کیلۆگرام کاڵا و شمەک هاتوەتە هەرێمی کوردستان.
لەئامارەکەی پۆستەی هەرێم کە دراوەتە دواڕۆژ هاتووە "لەساڵی 2015دا بە بڕی 124 تەن و 911 کیلۆگرام ئاڵوگۆڕی پۆستە لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیهان کراوە، بەڵام لەساڵی 2016 بڕەکەی دابەزیوە بۆ 116تۆن و 911 کیلۆگرام".
لەئامارەکە ئاماژەش بەکۆی پۆستەی هاتوو بۆ هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2016دا کراوە کە بڕەکەی تەنیا 16 تەن و 239 کیلۆگرام کاڵا و شمەک بووە، بەڵام لەساڵی 2015دا بڕەکەی تەنیا 23 تەن و 243 کیلۆگرام بووە، بەمەش بەپێی داتاکانی ڕۆشتوو و هاتووی ساڵی 2016 دەردەکەوێت کە کاڵا و شمەکی ڕۆشتوو 7 ئەوەندەی کاڵای هاتووە بووە بۆ هەرێمی کوردستان.
تەواوی پۆستەی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای سەنتەری نێودەوڵەتی هەولێر بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستە، لە ڕێگای بۆندێکەوە لەگەڵ هێڵی ئاسمانی (الملکیە الاردنیە) ڕەوانەی دەرەوە دەکرێن و ئەوانەی لە دەرەوەش دێن لە ڕێگای بەغداوە وەردەگیرێن.
سەنتەری نێودەوڵەتی هەولێر بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستە لە ساڵی 2007 دامەزرێنراوە و لەلایەن یەکێتی پۆستەی جیهانیی UPU بە فەرمی دانی پیانراوە و سیمبولەکەی (IQEBLA) و سەنتەری ئاڵوگۆڕی پۆستەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی بەردەوام (سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا) نێردراوی پۆستەیی هەموو هەرێم لە ڕێگای هێڵی ئاسمانی (الملکیە الاردنیە) دەنێرێتە هەموو وڵاتانی جیهان.
ئاماری ئاڵۆگۆری پۆستەی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی جیهان
قەبارەی ئاڵۆگۆری ڕۆشتوو لەهەرێمەوە بۆ دەرەوە بەپێی ساڵ/ کێش بە کیلۆگرام
2007 5.508
2008 41.706
2009 53.324
2010 67.012
2011 89.383
2012 100.986
2013 104.425
2014 137.040
2015 124.911
2016 116.741
قەبارەی ئاماری پۆستەی هاتوو بەپێی ساڵ/ کێش بەکیلۆگرام
2012 56.305
2013 53.438
2014 60.350
2015 23.242
2016 16.239
- 03-02-2017