#وەهبی ڕەسوڵ#
دەستبردن بۆ کردەی ئەبستراکت، دەستبردنە بۆ ئاراستەیەک کە سەراپا لێدانە لە بونیادی دەستنیشانکراویی فۆڕم، هاوکات بەگژاچونەوەیەکی سەختە بەرامبەر توانا هەژمونگەراکانی دەسەڵاتی فۆڕم. ئەمە پێگەی ئەو نەخشە کارکردنە هونەریی و تەکنیکیەیە کە (#ئەیوب ڕەئوف#) لە سەرەتا ئەزمونی کارکردنی خۆیدا، پراکتیزەی پڕۆسێسی نیگارکێشان و بەرجەستەکردنی تیادا دەکات. لە تێڕاماندا لە بەرهەمە هونەریە بەدیهاتوەکانی، بە سانایی پەی بە دەسەڵات و زاڵبونی توانای تەکنیکیی ئەو دەبرێت، بەسەر خودی ئەم پڕۆسێسەدا. ئەو دەستڕەنگینانە نیگاردەکێشێت و ڕوانینەکانی ئاراستەی دنیای دەرەوەی خۆی دەکات. ڕاستە، دور و نزیک، هەست بە ئامادەیی کاریگەریەکان دەکرێت، وەک کۆمەڵێک دەقی وون، لە باکگراوندی بونیادی کارکردنی ئەودا، بەڵام هێزی ڕوناکییەک، کە پێشبینیکردنە بۆ توانایەک لە هەڵکشان و تێپەڕاندن، خۆ نابوێرێت لەوەی، بەشێکی باش، لە تاریکیی نەگەتیڤانەی شرۆڤە و هەڵسەنگاندن و بڕیاردانمان نەڕوێنێتەوە، و بە ئاقارێکی پۆزەتیڤ بونیدا نەبات.
لە ڕابوردودا وەک یەکێک لە ڕێزەی ووتە بە بەهاکان، وتراوە: هونەر شاردنەوەی هونەرە. لەم پرەنسیپی (شاردنەوەی هونەر)ەدا، کە بە مانای شاردنەوەی توانا سنعەتی/دروستگەرایەکەی کارکردنی هونەریی دێت، لە پێناو بەدیهێنانی توانا داهێنگەراکانی ئەو کارکردنەدا. دەکرێت لەم پرەنسیپەدا بنەمایەک و خولگەیەک ڕوبەڕوی کارە هونەریەکانی ئەیوب ببینینەوە. چون ئەو دەیەوێت بە تواناکانی دوهەم، مانای تواناکانی یەکەم بەدیبێنێت. هەر بۆیە بە سانایی، هەست بە ئامادەیی ڕێژەیەکی باش، لە خواستی ڕازاندنەوە و جوانکاریی دەکەین لە کردە ئەبستراکتیەکەیدا. ئەم خواستەش زاددە و ئەفرێنراوی ئەزمونی خودی ئەیوب نییە، هێندەی دزەکردوی کاریگەریی ئەو دەقە وونانەن، کە لە پشتی ئەم ئەزمونەدا کارایی خۆیان لەدەست نەداوە. ڕاستە بەدیهێنانی بەرەنجامی یەکەم، بەبێ ئامادەیی تواناکانی دوهەم نابێت، بەڵام هاوکات نەیتوانیوە ببێت و نەبۆتە تەنها ڕێگەیەکی ئەو ئامانجە، چون (ئەبستراکت بە پڕۆسێسی نیگارکێشان) زۆر جیاوازە لە (نیگارکێشان بە پڕۆسێسی ئەبستراکت). لە بەشی یەکەمی ئەم هاوکێشەیەدا، کردەی ئەبستراکتیی، ڕوئیایە، بەڵام لە بەشی دوهەمدا، تەنها پڕۆسێسێکە. ئەمەش بەرەنجامێکە چاوەڕوانکراو و سروشتیی، لەم دەستبۆبردنە بەراییەی ئەیوب بۆ کردەیەکی ئەبستراکتیی لە یازنەی پڕۆسێسێکدا.
گەر (گوگان) لە نامەیەکدا بۆ (شۆفینگەر)ی هاوڕێی ساڵی (1888)، نوسیبێتی :(هێندە بە زێدەڕۆیی پشت بە سروشت نیگار مەکێشە، هونەر ئەبستراکتە)، ئەوا ئەیوب دەیەوێت لە کارەکانیدا بە کردەیەکی ئەبستراکتیی، سروشت بکاتە سەرەتا و بنەما بۆ نیگانمای ئەو کردە تەکنیکییە، هەر بۆیە سروشتی کردۆتە ژێدەرێک بۆ بە ئەبستراکت کردن و بە ئەبستراکت بون، ئەمە دوای ئەوەی ئەم ژێدەرەی، وەک یەکە هەمەکی و کامڵەکەی هەڵوەشاندۆتەوە، و دامەزراندنە بونیادیەکانی پشت بە یەکە بەشەکیەکانی ئەم ژێدەرە بەجێهێناوە. لەم میانەدا ئەمە تەنها شرۆڤە و لێکدانەوە نییە و نابێت، چون ئەم کارانە دەقی کراوەن، و لە بێدەنگی و کپکردنی هونەرمەنددا، بە چەندان ئاراستە، پەخشی واتایی خۆیان دەکەن، و ناهێڵن ئێمە بگەینە ئارامیەکانی کەشف و بەدەستهێنانی ناوەڕۆکێکی دڵنیا و کۆتایی. (ڕۆلان بارت) لە ڕەخنەی بونیادگەراییانەیدا بۆ چیرۆک دەڵێت : کردەی بەدیهێنان ڕونادات، گەر هونەرمەند بێدەنگ نەبێت، کردەی بەدیهێنان وەک ئەوە وایە هونەرمەند (دەنگ خامۆش بێت هەر وەک مردو)، ئەمەش بەو هۆیەی، مانای دەق بەتەنها خۆی ناخەمڵێت و کامڵ نابێت، ئەوەش کە هونەرمەند دەیکات، شتێک نیە، تەنها دامەزراندنی گریمانەکانی مانا، یاخود فۆڕم نەبێت. کەواتە کێ دەتوانێت ناوەڕۆکی دڵنیا بە دەق ببەخشێت، ڕەنگە زەمەن. بەڵام زەمەن دو هێندەیە، زەمەنێک لە بیرەوەری و زەمەنێک لە بەدیهێنان. لێرەدا جێی ئەوە نیە و ناکرێت، دەروازەکانی خوێندنەوە و شرۆڤەکردن، لە بێ سنوریی تواناکانی زەمەنی بیرەوەریی، بەرامبەر دەق بکەینەوە. بەڵام لە زەمەنی بەدیهێناندا، وێڕای چەند هەڵچونێکی سۆزداریانەی ساتەوەختی بەدیهێنان، ئەوا تای هاوکێشەی زەمەنی دوهەم، لە یەکبون و ئاوێتەبونی هەردو وتاری ئیستاتیکی و واتایی لە یەک ووتاردا، هەرچی زیاتر خۆ دەنوێنێت، کە تیایدا خودی دەق، هەر خۆی، دەبێتە هەڵگر و هەڵگیراو.
گەر لە ڕەهەندەکانی وتاری واتایی دەق بترازێین، دەمێنێتەوە ئەوەی بڵێین ئەم ئەزمونە، سەرباری ئەوەی خاوەن دامەزراندنێکی بونیادیی سەرەتایی پتەو و بەپێزە، بەڵام هاوکات، دەست بۆبردنێکی بەرایی سەختە، کە نامان بوێرێت لە هاتنە کایەی ئەو پرسیارەی، ئایا (ئەیوب) لە هەنگاوە هونەریەکانی سبەینێی خۆیدا، بەرەو کوێ ئاراستەمان دەکات و بۆ کوێمان دەبات ؟ ئەمە پرسیارێکە کە وەهای پێشبینی دەکەم، توانا هونەریە وێناکراوەکانی ئەیوب لە دواڕۆژێکی هونەریی نزیک و دوریی باڵابونی خۆیدا وەڵامی دەداتەوە.
بەهیوای بەدیهاتنی دواڕۆژێکی وەها، دەستی ڕەنگینی بەخشش و کارکردنی دەگوشم.