خەندان-دانا تەیب مەنمی
وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان بەخەندان-ی ڕاگەیاند، ڕێژەی بێکاری لەهەرێمی کوردستان سەدا 14یە و ڕێژەکە پەیوەندی بە پرۆژەکانی کەرتی تایبەتەوە هەیە.
محەمەد هاودیانی، لە لێدوانێکدا بۆ خەندان، ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان چەند بەرنامەیەکیان هەیە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری لەوانە قەرزی بچوک و بەکارخستن بۆ ئەوەش سەنتەری ناو تۆمارکردنیان هەیه و سێ مانگی ڕابردوو هەلی کاریان بۆ زیاتر لە 300 کەس دۆزیوەتەوە.
بەوتەی هاودیانی ساڵی ڕابردوو، شەش کرێکار گیانیان لەدەستداوه و 18 کرێکاری دیکە برینداربوونئەوانەی گیان لەدەست دەدەن ئەگەر لە پرۆژەکان بن و لەسندوقی دەستەبەری بەشداربن ئەوا موچەی خانەنشینی بۆ خێزانەکەی دەبڕدرێتەوە، ئەگەریش بەشدار نەبووبن، دەتوانن پەنا بۆ دادگای کار بەرن ئێمەش پشتوانییان دەکەین موچەیان بۆ دەبردرێتەوە.
ئەمرۆ یەک-ی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاران، بەشێکی زۆر لە کرێکارانی کوردستان ئەمڕۆ لەناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێپێوان یادی ڕۆژەکەیان کردەوە.
لە سەرتاسەری جیهاندا ئەمڕۆ بە ڕۆژی جیهانی کرێکاران ناسراوە و لە زۆرێک لە وڵاتاندا پشووی فەرمییە، مەراسیمی جیاواز بۆ ڕێزگرتن لە ئەرک و ماندووبوونی کرێکارانی جیهان ساز دەکرێت.
ئەمڕۆ لەسلێمانی کرێکاران ڕژانە سەر شەقام و ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا بۆ یادکردنەوەی ڕۆژەکه و داوای باشکردنی باروگوزەرانی کرێکارانیان کرد.
بەهەمان شێوە کرێکاران لە هەڵەبجه و باڵەکایەتی و کەرکووک و گردبوونەوه و ڕێپێوانیان ئەنجامداو داوای مافەکانیان کرد.
ڕۆژی کرێکارانی جیهان دەکەوێتە 1ی مانگی ئایاری هەموو ساڵێک ئەو ڕۆژە لە نزیکەی هەشتا ووڵاتی جیهانی پشووی فەرمییە، کرێکاران و ڕێکخراوەکانی مافی کرێکاران بەڕێپێوان و چالاکی و ڕێپێوان یادی ڕۆژەکە دەکەنەوە.
سەرەتای یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانی کرێکارانی جیهان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1856 کاتێک کرێکارانی ئوسترالیا لە پێناوی چەسپاندنی هەشت کاتژمێر کارکردنی ڕۆژانەدا کۆبوونەوە.
ئەگەرچی چالاکییەکەی ئەو کرێکارانە لە ڕۆژی 21ی نیسان دا بوو لە سەرەتادا تەنها کرێکارانی ئوسترالیا مەراسیمی یەکەمین ساڵوەگەریان کردەوە، بەڵام هەرزوو دەنگدانەوەی بە دوای خۆیدا هێناو بڕیاردرا هەموو ساڵێک ئەو یادە بکرێتەوە.
01-05-2017