دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
پەیوەندییە نیشتمانی و عێراقییەکانی پارتی ئاشکرایدەکات، پشکی کورد لە دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق بۆ خوار لە 10% کەمبۆتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیوەندییە نیشتمانی و عێراقییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە دەست دواڕۆژ کەوتووە، ئاماژەبەوەکراوە، لە دوای دروستبوونی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی پشکی کورد لە دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکاندا بۆ خوارووی لە 10% کەمبۆتەوە، ئەمەش مانای "دوا قۆناغی نوێنەرایەتی کورد لە بەغدا" دەگەیەنێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، سەرەڕای ئەوەی ئەو پۆستانەی کە پشکی کوردن لە دامەزراوەکانی عێراق تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە بە بیانوی جۆراوجۆر ڕێگری دەکرێت لە پڕکردنەوەیان، بەڵام نوێنەرانی کورد لە بەغدا و هەرێمی کوردستانیش کەمتەرخەم بوون لە پڕکردنەوەی ئەو پۆستانە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و سوپاسالار و وەزیری دارایی و چەندین پۆستی سەربازی و مەدەنی تر بە پلەی بریکاری وەزیر و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی، لە دوای ساڵی 2013ەوە هیچ هیوایەکی نەهێشتۆتە کە کورد لەگەڵ بەغدا بەشێوەی فیدراڵی بمێنێتەوە".
لە ڕاپۆرتەکەدا باسیش لەوەکراوە، ئەو بەڵێنەی کە عەبادی لەکاتی تەشکیلکردنی حکومەتەکەی دابووی بە هەرێمی کوردستان بەوەی ڕێژەی لە 20% بدرێت بە هەرێمی کوردستان ڕاست دەرنەچوون.
لەو بارەوە عەرەفات کەڕەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، دەبوایە حکومەتی عێراق کوردی وەک نەتەوە سەیربکردایە، ئەو ڕێژەیەی کە بۆشی دیاریدەکرێت بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن وەریبگرتبایە، بەڵام "بە پیلان" ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕۆڵی کورد لە بەغدا لاوازدەکرێت.
وتیشی "ئەگەر دابەشکردنی پشکەکان بە هاوسەنگی بووایە لەنێوان هەموو نەتەوه و پێکهاتەکان ئاسایی بوو، بەڵام لایەنی شیعە ڕێژەکەی خۆیان بە زیادەوە بردووە، تەنانەت کورد بەراورد بە سونەش پشکەکانی زۆر کەمن".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەشیدا "هەموو ئەگەرێک لەبەردەم کورد کراوەیە، بۆئەوەی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات لە داهاتووی لەگەڵ عێراق".
04-05-2017