دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکردووە بە ڕاکێشانی هێڵێکی تری بۆری نەوت لە هەرێمەوە بۆ بەندەری جیهانی تورکی لەگەڵ کاری هەڵکەندن و دووبارە چاککردنەوەی سێ بیرە نەوتی دیکەی کۆن.
به پێی زانیارییەکانی دواڕۆژ، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری کۆمپانیایەکی سەرکاری بواری وزەی ئیماراتی لە مانگی ئەیلولی داهاتووەوە بۆرییەکی تری نەوت لە سنووری قەزای شێخانەوە بۆ بۆری نەوتی هەرێم - تورکیا تەواو دەکات، بەمەبەستی هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی (ئەتروش و شێخان) لە ڕێگای بۆری نیشتمانی هەرێمەوە بۆ بەندەری جیهانی تورکی.
دواڕۆژ، لەڕێگای ئەندازیارانی پڕۆژەکەوە زانیویەتی درێژیی بۆرییەکە 40 کلیۆمەترە و بەهۆی ئه و بۆرییەشەوە ڕۆژانە ئاستی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگای بۆرییەوە 75 هەزار بەرمیل لە ڕۆژیکدا زیاددەکات.
هەر بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ دوای ئەوەی لەسەرەتای ئەمساڵەوە کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی، دابەزینی قەبارەی بەرهمهێنانی نەوتی کێڵگەی تەقتەقی ڕاگەیاند، لە ئێستادا کۆمپانیای ناوبراو له ڕێگای کۆمپانیای ئۆیل سێرف دەستیکردەوە بە دووبارە چاککردن و هەڵکەندنی بیری نوێ لە کێڵگەکانی تەقتەق و شیوەشەن.
د. نات ئاریان، بسپۆڕی بواری سێکتەری نەوت و گاز له و بارەیەوە بۆ دواڕۆژ ئاماژه بەوەدەکات، ئه و پڕۆسەیە زۆر لەکاتی خۆیدایە، چونکە بەگەڕخستنی سامانی نەوت بۆ بەرژەوەندی کوردستان و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانی پێویستییەکی هەنووکەییە.
ئه و پسپۆڕە ئەوەشی خستەڕوو، لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نەبووە و نییە کە نەوت لە هەموو ئه و بیرانەی لێ دەدرێن بدۆزرێتەوە، هەرچەندە تەکنیک و توانای دۆزینەوە لەم سەردەمەدا زۆر پێشکەوتووترە لە چاو جاران، بەڵام هێشتا لێدانی بیر وەک سەرچاوەی کۆکردنەوەی زانیاری بەکاردەهێنرێ، نەدۆزینەوەی نەوتیش مانای نەبوونی ناگەیەنێت.
ناوبراو، جەختی لەوەکردەوە، لە کەم شوێنی جیهاندا ڕوویداوە کە ڕێژەی سەرکەوتن لە دۆزینەوەی نەوت هێندەی کوردستان بەرز بێ، پتر لە %60 ی ئه و بیرانەی لە کوردستان بۆ دۆزینەوەی نەوت لێدراون نەک هەر سەرکەوتوو بوون، بەڵکو ڕیژەیەکی زۆری نەوتیان تێدا دۆزراوەتەوە.
لای خۆیەوە، سەردار یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان بۆ دواڕۆژ، ئەوە دەخاتەڕوو، ڕاکێشانی بۆری نەوت لە قەزای شێخان بۆ بۆری هەرێمی کوردستان - بەندەری جیهان لە 50% کارەکانی تەواو بووە، بڕیارە لە ئایندەیەکی زۆر نزیک کارەکان تەواو بکرێت و بەپێی قسەی شارەزا و پسپۆڕان لە کێڵگەکانی (ئەتروش و شێخان) ڕێژەی بەرهەمهێنان لە ڕۆژێکدا 75 بۆ 80 هەزار بەرمیل بەرزدەبێتەوە.
هەر بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ کە لە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەسیتکەوتووە لە ئێستادا بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێم جگە لە (کەرکووک و خورمەڵە) بۆ 153 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژیکدا کەمبۆتەوە، ئەوەش دوای ئەوە دەبێت بەرهەمهێنان لە کێڵەگەکانی نەوتی تەقتەق لە ماوەی دوو ساڵدا لە 150 هەزار بەرمیل بۆ 18 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمبۆتەوە.
لە لێدوانێکی پێشووتردا ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە دواڕۆژی ڕاگەیاندبوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەناردەکردنی نەوت بۆ دەرەوە دوو لەسەر سێ پشت بە نەوتی کەرکووک دەبەستێ جگە له و 400 هەزار بەرمیل ڕۆژانەیەی لە کەرکووکەوە هەناردە دەکرێت، هەناردەکردنی نەوت لە پارێزگاکانی تری هەرێم کەمترە لە 200 هەزار بەرمیل.
بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی، ئەوەشی خستبووەڕوو، بانگەشەی بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بەر لە چەند ساڵێک ئەوەبوو کە توانای بەرهەمهێنانی نەوتی ڕۆژانەی هەرێم دەگەیەنن بە یەک ملیۆن بەرمیل، بەڵام لە ئێستادا ئه و وەزارەتە توانای بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی 150 بۆ 200 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەیە.
هەرچەندە ماوەی 7 مانگە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانی بڵاونەکردۆتەوە بە بیانووی وردبینیکردن لەلایەن دوو کۆمپانیای بیانی، بەڵام بەپێی وتەکانی پێشووتری بەرپرسانی سامانە سروشتییەکان، حکومەتی هەرێم بە کێڵگه نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و کێڵگەکانی (ئاڤانه و بای حەسەن و سەرگەڕان و خەمباز و جەمبور، بابە گوڕگوڕ) لەکەرکووک توانای بەرهەمهێنانی 550 بۆ 600 هەزار بەرمیلی هەیە لە ڕۆژیکدا.
دواڕۆژ بۆماوەی چەندین جار پەیوەندیکرد بە تەها زەنگە، بڕیکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە بیانوی نەبوونی زانیاری لەسەر کۆی بابەتەکان ئامادە نەبوو لێدوان بدات.
14-05-2017