دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
سەرچاوەیەک لە سیستەمی تۆماری بایۆمەتری مووچەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایدەکات، تەنیا نزیکەی 15 هەزار کەس لە چین توێژەکان ماون ناویان لە تۆماری بایۆمەتری مووچە تۆماربکرێت، بەمەش دەردەکەوێت نزیکەی 200 هەزار مووچەخۆری هەرێم کەمدەبێتەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی ئەنجومەنی وەزیران، کە 30ی ئایاری 2017 دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڵاوکرایەوە، ئەوە خراوەتەوەڕوو کە تا ئەوکاتە یەک ملیۆن و 184 هەزار کەس لە فەرمانبەران و مووچەخۆران ناوی خۆیان لە سیستەمی بایۆمەتری مووچە تۆمارکردووە، ئەمەش دەکاتە ڕێژەی 91%ی کۆی گشتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم.
لەبارەی ژمارەی ئەوانەی کە تائێستا لە بایۆمەتری تۆمارنەکراون، سەرچاوەیەک لە سیستەمی تۆماری بایۆمەتری مووچە بۆ دواڕۆژ ئاشکرایدەکات، کە نزیکەی 15 هەزار کەس لەسەرجەم چین وتوێژەکان ماون ناویان تۆماربکرێن.
وتیشی ئێستا لەلایەن لیژنەی باڵای بایۆمەتری ئەو کەسانە تۆماردەکرێن، کە دواکەوتوون و مامەڵەیان پێشکەشکردووە، هەروەها کۆمەڵێک خوێندکارانی تواناسازیی لە دەرەوەی هەرێم و ژمارەیەک پەککەوتەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و ناویان و تۆمارنەکراوە، ئەوانە ژمارەیان 10 هەزار کەسێک دەبێت.
لەبارەی تۆماری سەربازان و ئەوانەی لەهەرێم ماون ناویان تۆماربکرێت، ئەو سەرچاوەیە وتیژمارەیەک لە فەرمانبەرو مووچەخۆر لە ناوەوەی هەرێم ماون کە نزیکەی 3 هەزار کەس دەبن، هەروەها ژمارەیەک لە کەسی سەبازیی ناوخۆی هەرێم تائێستا تۆمارنەکراون، ئەمەشیان نزیکەی دوو هەزار کەس دەبێت و دواتر تۆماردەکرێن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران، حکومەتی هەرێم یەک ملیۆن و 400 هەزار فەرمانبەرو مووچەخۆرو خانەنشین و پێشمەرگەو کەمئەندامی هەیە، بەمەش دەردەکەوێت نزیکەی 200 هەزار کەس لە مووچەخۆرانی هەرێم بە فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکان ناوی دووبارەو وەهمین.
لە 1ی ئازاری 2017، تۆماری بایۆمەتری مووچە بۆ فەرمانبەرانی مەدەنی ڕاگیراوە، هاوکات لە 31ی ئایاری 2017 بۆ هێزە ئەمنییەکان ڕاگیراوە، بەڵام پەنچەرەکانی تۆماری بایۆمەتری بۆ ئەوانەی ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانیان هەیە تاکو 15ی حوزەیرانی 2017 کراوەدەبێت.
01-06-2017