دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان لیژنەکانی قایقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر سەردانەکانیان چڕکردۆتەوە، لەماوەی دوو ڕۆژدا 34 تەن خورما و فستقی ماوەبەسەرچوو دەستیان بەسەرداگیراوە و لە ماوەی سێ مانگیشدا لیژنەکان سەردانی 455 شوێنیان کردووە و 371 سەرپێچییان تۆمار کردوە.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە وەکالەت بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لیژنەکانی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر دەستیان گرتوە بەسەر کۆگایەکی شاراوە لەناو شاری هەولێر بەناوی کۆمپانیای (النادر) بڕی (10) تەن فستقی ماوەبەسەرچووی تێدابوو.
وتیشی ئەم جۆرە فستقە ماوەی بەسەرچوونی جۆراوجۆر بوو بە جۆرێک لە 5/4 و 4/5 و 20/5 و 26/5 و 27-05-2017 بوون.
نەبەز ڕونیشی کردەوە کە خاوەنی ئەم کۆگایە هەڵساوە بە بەتاڵکردنی ئەو جۆرە فستقە بەناوی (wonderful) دووبارە تێکردنەوەی لەناو گونیەی (25) کیلۆدا بۆئەوەی بتوانێ بەشێوازێکی تر لەناوبازاڕەکانی کوردستاندا ساغی بکاتەوە، بۆیە خاوەنی کۆگاکە ڕووبەڕووی دادگا کرایەوە.
لەلایەکی تریشەوە لیژنەکانی قایقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر، دەستیانگرت بەسەر 2124پاکەت خورما لە جۆری(مریم) لەگەڵ 2250پاکەتی تری خورما لە جۆری(تمور المیسر) کە ماوەکەیان بەسەر چووبوو، بۆیە لەناوبران و ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان گیرایە بەر.
قایقامی قەزای ناوەندی هەولێر ئاماری سەردانی لیژنەکانی بۆ پشکنینی شوێنەکان خستەڕوو، وتی لە 1ی ئازاری 2017 تاوەکو 4ی حوزەیرانی2017 هەشتا و چوار تەن و 500 کیلۆ شتومەک و کاڵای ماوە بەسەرچوو لەناو براون، لیژنەکانیش لەو ماوەیەدا 455 شوێنیان پشکنیوە کە 371 شوێن سەرپێچییان کردوە و لەم ژمارەیە 83 شوێن داخراون.
07-06-2017