#ئازاد جندیانی# ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لە وتارێکدا داوا دەکات ئەوانەی ناڕازین بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ناڕازیبوونیان بگۆڕن بە ڕازیبوون، بڕوا بەوە بێنن کە ئەولەیەت بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆییە و بیخەنە دەرەوەی گەمە سیاسییەکانەوە.
جندیانی لە وتارێکیدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ (باسنیوز)ی نووسیوە، ئاماژە بە گرنگی کۆبوونەوەی دوێنێی سەرکردایەتی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و دیاریکردنی کاتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکات.
ئەندامەکەی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەم وتارەیدا کە بە ناونیشانی ڕیفراندۆم، بەرەو پێشەوە چوونە مەزنەکەیە، نووسیویەتی ئەو کۆبوونەوەیەی چوارشەممەی ڕابردوو بە بەشداری زۆرینەی حزبەکانی کوردستان ئەنجام درا و ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی تێدا دەستنیشان کرا، بە کۆبوونەوەیەکی مێژوویی ئەزانم، چونکە ئیتر مەسەلەی ڕیفراندۆمی لە دووڕیانی کردن و نەکردن، بە ئاراستەی ئەنجامدان دەرباز کرد.
هەروەها نووسیویەتی گرنگی هەرە بەرچاوی کۆبوونەوەکە و بڕیارە سەرەکیەکەی ئەوە بوو، کە ئەولەویەتی ئەم قۆناخەی کوردستانی ساخ کردەوە، ئەویش بەوەی کە وێڕای هەبوونی کێشە و قەیرانی جدی، دەبێ بە قەدەر جدیەتی کێشەکان کار بۆ چارەسەریان بکرێ، مەسەلەی ڕیفراندۆم وەک هەنگاوی یەکەم و بنەڕەتی بۆ سەربەخۆیی لە گێژەنی ئاڵۆزییەکانی ڕیزبەندییەکان قورتار بوو.
جندیانی دەنووسێ ئەزانم کە هێشتا ناڕەزایەتی و سەرنج و سیاسەتی پێچەوانە هەن و کەم و زۆر، نەرم یان ڕەق، تەعبیر لە ناڕازیبوون و ناکۆکبوون لەگەڵ ستراتیژی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی ئەکەن، هەرچەندە منیش و سەدان هەزار و بگرە بە ملیۆنانیش لەگەڵ ئەو ناڕازیبوونەدا نین، جا بەهەر بیانوو و پاساوێک بێت و هەر لە ڕوانگەی پەرۆشیش بۆ ئەو کەس و لایەنانە و پەرۆشی بۆ ئەو دەرفەتەی بۆ بونیادنانەوەی یەکڕیزی ڕەخساوە، داویان لێ ئەکەم، ناڕازیبوونیان بگۆڕن بە ڕازیبوون و لەناو بەرەکەدا کار بۆ بۆچوونەکانیان بکەن و بڕوا بەوە بێنن، کە ئەولەویەت بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆییە و بیخەنە دەرەوەی گەمەسیاسیەکانەوە.
لە بەشێکی تری وتارەکەیدا ڕوو دەکاتە ڕووناکبیران و نوخبە سیاسییەکانی هەردوو بەرەی ڕازی و ناڕازی بە ڕیفراندۆم، پێیان دەڵێ لێرەدا وەختیەتی لەسەر قۆناخی دوای ڕیفراندۆم و چەمک و میکانیزم و فەلسەفەی حوکمڕانیەکی سەربەخۆی دیموکراتیک بکەونە دیالۆگ و بیروڕاگۆڕینەوە، ئەوەی لەبارەی ڕیفراندۆمەوە گرنگە بگوترێ ئەوەیە کە دیموکراتیەتی ڕیفراندۆم تەنیا بە ئاراستەی دەرەوەی خۆمان پرۆسەیەکی دیموکراتیک و ئاشتیانە نیە، بەڵکو بە ئاراستەی ناوخۆش پەیوەستبوونێکی دیار و توندە بە بنەماکانی دیموکراسی، چونکە دەرگا و دەرفەت بۆ بانگەشەی لایەنگر و دژیش کراوەیە، وەک ئێستە، لەمەش دیارتر ئەوەیە کە هاووڵاتیان، هەموو هاووڵاتیان، بە پاراستنی تەواوی نهێنی دەنگدانەوە سەرپشکن سەربەخۆیی هەڵبژێرن یان پێچەوانەکەی.
ئازاد جندیانی لە کۆتایی وتارەکەیدا هیواخوازە لە چەند ڕۆژ و هەفتەی داهاتوودا، کوردستان بە هەموو لایەنە سیاسییەکان و هاووڵاتیانەوە لە یەک بەرەدا بن، کە ئەویش بەرەی بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆییە، کە لە ڕاستیدا بەرەی هەمووانە، بۆیە با هەموو هاوهەنگاو بن لە بەرەو پێشەوە چوونە مەزنەکە.