نووسەر و ڕۆژنامەوان (بەرهەم عەلی)
بەرهەم عەلی، شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەوانی دیاری کورد لە 20-08-1971 لە خێزانێکی ڕۆشنبیریی نیشتمانپەروەر لە گەڕەکی #سەرچنار#ی شاری #سلێمانی# لەدایک بووە.
-باری کۆمەڵایەتی
خێزاندارەو باوکی کوڕ و کچێکە
$بڕوانامە$
ساڵی 1992 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری ئابوورییدا وەرگرتووە لە (زانکۆی موستەنسڕییە -بەغدا، زانکۆی سەڵاحەدین -#هەولێر#)
$ئەزموونی نووسین و ڕۆژنامەوانی$
بەرهەم عەلی، لە ساڵی 1994ەوە ڕۆژنامەوانی و میدیایی دەکات و تا ئێستا بەردەوامە. یەکەمین وێستگەی کارکردنی لەم بوارەدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1994 لە ڕادیۆی (دەنگی کوردستان) کەناڵی سلێمانی، کە چەند پرۆگرامێکی کۆمەڵایەتی و هونەریی ئامادە کردووە.
هەروەها (بەرهەم عەلی) لە ساڵی 1996ەوە تاوەکوو 2006 لە شاری هەولێر لە هەردوو ڕۆژنامەی (خەبات) و (برایەتی) وەک هەواڵساز و پەیامنێر کاری کردووە. هەر لەو ساڵانەدا، ماوەی دوو ساڵ سکرتێری نووسینی گۆڤاری (مەلامەشهور)ی کاریکاتێری بووە و هاوکات ئامادەکاری بەرنامەکانی (ئاوێزە و تەنیا بۆ تۆ) بووە، لە تەلەڤزیۆنی کوردستان -کەناڵی مەرکەزی. هەروەها، ماوەی دوو ساڵی پەیامنێری هەردوو گۆڤاری (سینەما و شانۆ) و (بارش) بووه. شیاوی باسە، ئەم ڕۆژنامەنووسە بەتوانایە، لە ساڵی 1998 وەک دیارترین ڕۆژنامەنووسی چالاک و لاو لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە خەڵات کراوە.
هەروەها ماوەی حەوت ساڵی تەواو لە ساڵانی (2000 تا 2007) ئامادەکار و ڕیپۆرتێری پرۆگرامی (پشووی هەفتە) بووە لە کەناڵی ئاسمانیی (کوردستان تی ڤی).
جێی ئاماژەیە، ئەم نووسەر و ڕۆژنامەوانە، دەرهێنەر و نووسەری چەند ڕیپۆرتاژێکی تەلەڤزیۆنی و فیلمی دیکیۆمێنتارییە، کە لە کەناڵی ئاسمانیی (کوردستان تی ڤی) پەخش کراوە، جگە لەوەی تێکستی بۆ چەند کلیپێکی منداڵان نووسیوە و کاری دەرهێنانیشی بۆ کردوون، هەروەها چەندین تێکستی شیعرییشی کراوە بە گۆرانی لەلایەن گۆرانیبێژە ناودارەکانی کوردستانەوە.
بەرهەم عەلی، بۆ ماوەی دوو ساڵ سکرتێری نووسینی گۆڤاری (گەپ)ی کاریکاتێری بووە و وەرگری خەڵاتی تەنزنووسانی ساڵی 2013یە.
هەروەها بۆ ماوەی دوو ساڵ بەڕێوەبەری نووسینی گۆڤاری (ڕۆناهی) بووە، کە گۆڤارێکی مانگانەی کۆمەڵایەتی بووە و لەلایەن ڕێکخراوی خێرخوازیی ڕۆناهیەوە دەردەچوو.
هەروەها ساڵێکی تەواو سەرنووسەری ڕۆژنامەی (هەولێر) و بۆ ماوەی یەک ساڵیش سەرنووسەری گۆڤاری (گەشبین)ی کۆمەڵایەتی بووە.
بەرهەم عەلی، یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی (ئاژانسی کوردستان بۆ دەنگوباس -ئاکانیوز) و پتر لە دوو ساڵ و نیو وەک بەڕێوەبەری نووسینی بەشی کوردی لەو ئاژانسە کاری کردووە. هەروەها ماوەی دوو ساڵ سەرپەرشتیاری گۆڤاری (سامان) بوو کە گۆڤارێکی ئابووریی وەرزییە و لەلایەن یەکێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی کوردستانەوە دەردەچێت.
لە ناوەڕاستی ساڵی 2010یشەوە، تا ئێستا سەرنووسەری هەفتەنامەی (باس) و دەزگای میدیایی (باس)ە.
لە مانگی ئایاری ساڵی 2020ەوە تاوەکوو 2021 واتە یەک ساڵی تەواو، پێشکەشکار و شرۆڤەکاری سەرەکیی بەرنامەی (ستۆدیۆ 24)ی کەناڵی (کوردستان 24)بووە.
بەرهەم عەلی، ئارەزوومەندی مێژووناسیی کورد و کوردستانە و دامەزرێنەری ماڵپەڕی (باسکوردە) بۆ ناساندن و ئەرشیفکردنی مێژوو و ئەدەبیاتی و فەرهەنگ و کەلەپووری کوردی.
هەروەها، ئەندامی دەستەی دامەزراندنی سەندیکای ئابووریناسانی کوردستانە.
بەرهەم عەلی، ئەندامی هەریەک لە کارای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و ئەندامی فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی جیهانە و ئەندامی کۆمەڵەی هونەری کاریکاتێریستانی کوردستانە.
$بەرهەم و کتێبە چاپکراوەکانی:$
1- (3660 ... بیرەوەریی گەنجێکی کوردستانی لە زیندانەکانی بەعسدا) ساڵی 2001 چاپ و بڵاوکراوەتەوە.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2017/139939/0013.JPG=KTML_Photo_Alt=بەرهەم عەلی=KTML_Style=width:20%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2017/139939/0013.JPG=KTML_Photo_End=
2- (پشیلەی چاوبەڵەک) نامیلکەی شیعری گۆرانی بۆ منداڵان، ساڵی 2011 لەلایەن خانەی سمۆرە بۆ ڕۆشنبیریی منداڵان چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
3- (چۆن فێر بین بڵێین نا؟) لە عەرەبییەوە وەری گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی ساڵی 2013 لەسەر ئەرکی نووسەر چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
4-خۆشەویستی لە سەردەمی عەقڵسستی (نۆڤلێت -تەنز) ساڵی 2013 لەسەر ئەرکی نووسەر چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
5- (چیرۆکەکانی گەڕەکی ئێمە -تەنز) 65 ساتیرە چیرۆک، ساڵی 2018 لەسەر ئەرکی نووسەر چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
6-ڕیفراندۆم... تاپۆنامەی دەوڵەتی کوردستان-2018 لەلایەن دەزگای میدیایی (باس)ەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
7-مامۆستای حەوت هونەر -گفتوگۆیەکی هەمەلایەنە لەگەڵ عەباسی کەمەندی-ساڵی 2019 لەلایەن ماڵی وەفایی چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
8-گردوکۆی کتێبی (حەکایەت و هەدایەت)ی هونەرمەند و ڕۆشەنبیری مەزنی کورد عەباسی کەمەندی-ساڵی 2019 لەلایەن ماڵی وەفایی چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
9- (3660 ... بیرەوەریی گەنجێکی کوردستانیی ئاشووری لە زیندانەکانی بەعسدا) چاپی دووەم -ساڵی 2019 لەلایەن دەزگای میدیایی (باس) چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
10- (3660 ... مذکرات شاب کوردستاني آشوري في المعتقلات العراقية) من مطبوعات مؤسسة (باس) الاعلامية -2019-مطبعة ڕوزهلات -اربيل.
11-کاروانی ڕۆژنامەوان -ڕۆمانێکە بۆ منداڵان -ساڵی 2020 لەسەر ئەرکی نووسەر چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
12 -من و ژن.. گوڵبژێرێک لە شیعرەکانی نزار قەبانی -وەرگێڕان -ساڵی 2020 لەسەر ئەرکی نووسەر چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
13-بە ئەندێشەی خەیام -چوارینەشیعر -ساڵی 2021 لەسەر ئەرکی نووسەر چاپ و بڵاوکراوەتەوە.[1][2]