دواڕۆژ، هانا چۆمانی
دوای سێ ساڵ لە هاتنی داعش بۆ عێراق لە ئێستادا خۆری خەلافەت بەرەو ئاوابوون دەچێت، بەڵام ئەوەی بۆ کورد مایەوە جگە مێژووی شەڕی ئەو گروپە، بوونی ژن و منداڵەکانی بەشێک لەو 600 گەنجە کوردەیە کە لە کاتی دروستبوونی ڕێکخراوەکە پەیوەندییان پێوەکرد.
لەساڵی 2014 تاکو ئیستا زیاتر لە 600 گەنج و هاووڵاتی کوردی هەرێمی کوردستان پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە کە بە شێکیان ژن و منداڵیان هەبوو یان لەوێ منداڵی تازەیان لەدایک بووە، لە کۆی ئەو ژمارەیە بەشێکیان کوژراون و بەشێکیان شوێن بزرن و بەشێکیشیان خۆیان ڕادەستی دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام تاکو ئیستا نزیکەی 50 گەنجی کورد لە ڕیزی گروپەکە چارەنوسیان نادیارە و بێسەروشوێنن، ئەو زانیارییانە پێشتر مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری لە وەزارەتی ئەوقاف بە دواڕۆژی وتبوو.
لەگەڵ هەرەسی خەلافەت لە موسڵ و لاوازبوونی لە ڕەققەی سوریا، زۆرێک لە ژن و منداڵانی وڵاتان لەڕیزی گروپەکە بەبێ باوک و هاوسەر ماونەتەوە، چونکە بەپێی ئامارەکان لە عێراق و سوریا نزیکەی 70 هەزار چەکداری داعش کوژراون، بۆیە ژن و منداڵی کوردەکانی ناو داعشیش، بێ بەش نین لەوە، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا ئەوانە جۆن دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان؟ یان ڕێگەیان دەدرێت؟ یان سزا دەدرێن، یان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت؟ چونکە بەشێکیان ژن و مناڵەکانیان سەلامەتە و بەشێکێشان شویان بە چەکدارانی وڵاتانی تر کردۆتەوە، بۆیە چارەنوسی ژن و مداڵە کوردەکان نادیارە بەراورد بە وڵاتان کە پلان وبەرنامەی خۆیان هەیە بۆ ئەوانەی لەناو داعش دەگەڕێنەوە و پەشیمان دەبنەوە.
تەلار لەتیف، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت تائێستا بیر لەو بابەتە نەکراوەتەوە، بەڵام بابەتێکی گرنگ و هەستیارە، ڕاستە ئەوانە چونەتە ناو داعش، بەڵام کاتێک خەریکە داعش کۆتایی بێت ئیدی هیچ ڕێگەیەک نیە جگە لەگەڕانەوە بۆ کوردستان، ئەوکات دەبێت پلانی تایبەت هەبێت بۆ هاوکاریکردنیان ڕەنگە بەشیک لەوانە توشی نەخۆشی دەروونی یان فکری بووبن.
هیچ ئامارێکی ڕەسمی نیە ئایا ژمارەی ئەو ژن و منداڵانە چەندە کە هاوسەری چەکدارە کوردەکان بوون، مێردەکانیان کوژراوە وە ژمارەی منداڵەکانیش نازانرێت، لەوبارەیەوە تەلار لەتیف دەڵیت چارەنوسی ژنان و منداڵە کوردەکانی ناو داعش دوای ڕوخانی خەلافەت هیچ ڕوون نیە، حکومەتیش تائێستا پلانی ڕانەگەیاندووە، بەڵام لەمەودوا وەک پەرلەمانتاران لە لیژنە تایبەتمەندەکان کاری بۆ دەکەین، ڕەنگە زۆرێک لەوانە بیانەوێت بگەڕێنەوە.
هاوکات تاریق نوری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر لەوبارەیەوە دەڵێت ئەوە پێویست بە پرسیار ناکات و لایەنی ئەمنی وڵاتەکەمانە، بۆیە هیچ ئاگادارنین کە چۆن و بە چ ڕێگەیەک مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین یان لەگەڵیان بکرێت.
ساڵی ڕابردوو لە بەدواداچوونەکانی دواڕۆژ بۆ ئەو ژنانەی لەناو داعشن و کوردن و لەگەڵ مێردەکانیان ڕۆیشتوونەتە ناو داعش، زانیاری لەسەر یەکێک لەو ژنانە بەناوی فاتیمە بڵاوکرایەوە کە چەندین جار تەلەفۆن بۆ ماڵی خەسوی (دایکی مێردەکەی) کردوه، حەزیکردوە بگەڕێتەوه، بەڵام وتویەتی داعش ڕێگەی نادەن و ئەگەر بزانن دەگەڕێتەوە ئەوا دەیکوژن، لە ئێستاشدا یەکێک لە چەکدارانی داعش کە خەڵکی سوریایە و پێشتر هاوڕێی مێردەکەی بووە مارەی کردۆتەوە.
ئەو سێ منداڵی هەیە، بەڵام لەبارەی چارەنوسی منداڵەکانیەوە ڕایگەیاندبوو، نازانێت کوڕە نۆ ساڵییەکەی لەکوێیە، وتویەتی 5 مانگ پێش ئێستا داعش بردویەتی بۆ فێرگەی سەربازیی و پێیان وتووە ئەوە کوڕی خەلافەتە و نەوەی داهاتووی ئەوانە.
فاتیمە کە تەنیا لەگەڵ کچەکەی و کوڕەکەی تریدا لە موسڵ دەژین وتویەتی مێردەکەم ناوی ئەبو هاشمە و خەڵکی سوریایە و ژنێکی تریشی هەیە بەناوی سومەییە و خەڵکی یەمەنە، تەمەنی 23 ساڵە و ساڵێکە هاتۆتە ناو داعش و ئێستاش سکی هەیە.
فاتیمە ساڵی ڕابردوو بە خوشکە گەورەکەی خۆی ڕاگەیاندووە ئەگەر دەرفەتی بۆ بڕەخسێت و موسڵ ئازاد بێتەوە، ئەوا خۆی ڕادەستی پێشمەرگە دەکات، بەڵام لە ئێستادا هیچ لەوبارەیەوە نازانرێت و چارەنوسی واماوەتەوە.
ژیلەمۆ عەبدولقادر، بەڕێوەبەری توند و تیژی هەولێر لەوبارەیەوە دەڵێت ئێمە ناتوانین هیچ شتێک بکەین، چونکە ئێمە پەیوەستین بە کێشە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام ئەوانە لایەنی تیرۆر دەیانگرێتەوە هەرچەندە زۆرێک لەو ژن ومنداڵانە بێ تاوانن، چونکە مێردەکانیان بەزۆر یان لەژێر هەڕەشەدا بردویانن، بۆیە ئەوان بە ویستی خۆیان نەچوون، بەڵام هیچ ڕێنماییەک نیە لەوبارەیەوە کە ئێمە هاوکاری یان داڵدەیان بدەین، چونکە ئەوە ئیشی ئێمە نیە.
دەشڵێت ئەوانەی دێنەوە ئەوا ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەگەر هیچیان لەسەر نەبێت ئازاد دەکرێن یان خولیان بۆ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە باری ئاسایی خۆیان.
تەلار لەتیف پێی وایە، زۆرێک لەوانە توشی کێشەی دەرونی و فکری هاتوون، چ منداڵ چ ژنەکان، بۆیە دەبێت لەکاتی هاتنەوەی هەر خێزانێک بخرێنە ژێر چاودێری وردی کۆمەڵناسی و دەرونناسی تا مناڵان خاڵی بکەنەوە لەو بیرە توندڕەوییە و ژنەکانیش هان بدەن لەبیری بکەن و بگەڕێنەوە ژیانی ئاسایی خۆیان.
12-06-2017