..دواڕۆژ، زریان محەمەد
بەرپرسانی ئیداری و #وەبەرهێنانی سلێمانی# دەڵێن، 14 پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە شارەکەدا بەبێ مۆڵەت دروستکراون و لەژێر چاودێری و بڕیاری وەبەرهێناندا نین، وتەبێژی #یەکێتی وەبەرهێنانیش دەڵێت#، دیاردەکە لە سەرجەم شارەکانی هەرێم هەیە.
رێکەوت زەکی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە #فراکسیۆنی یەکێتی# نوسراوێک ئاڕاستەی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەکات لەبارەی نەبونی مۆڵەتی وەبەرهێنانی چەند پڕۆژەیەکی نیشتەجێبون لەناو سلێمانی.
لە نوسراوەکەدا هاتوە لەگەڵ ئەم یاداشتەدا لیستی 14 پڕۆژەی نیشتەجێبون دەخەینە بەردەستی بەڕێزتان کە مۆڵەتی وەبەرهێنانیان نییە.
زەکی داوادەکات، چەند ئەندامێکی لیژنەی تایبەتمەند (لیژنەی پلان) بەنوسراوی ڕەسمی ڕابسپێرن بۆ بەدواداچونی ئەم کەیسە.
دەشپرسێت چۆن دەکرێت پڕۆژەی وەبەرهێنان هەبێت مۆڵەتی وەبەرهێنانی نەبێت و نەچێتە خانەی چاودێریکردنەوە؟.
فەرمان غەریب، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی بەدواڕۆژی وت ئێمە زیاتر لە دوو ساڵە هەموو لایەنە پەیوەندارەکانمان بەداواکاری گشتی و دادگاکان و پارێزگای سلێمانی و سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی و ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان ئاگادارکردونەتەوە کە چەندین پڕۆژە هەیە بەبێ هەبونی مۆڵەتی وەبەرهێنان پرۆژەی نیشتەجێبون ئەنجام دەدەن.
وتیشی 14 پڕۆژە لەپارێزگای سلێمانی هەیە کە هاوڵاتیان وادەزانن وەبەرهێنان مۆڵەتی پێداون لەکاتێکدا کە هیچ مۆڵەتێکی ئێمەیان نیە و ئەمەش فەوزایەک دروستدەکات لەشاردا لەبەرئەوەی هاوڵاتی بەمتمانەی حکومەت دەچێت گرێبەست دەکات لەکۆتایشدا دەردەکەوێت کەس خۆی بەخاوەنی ئەو پڕۆژەیە نازانێت زەرەرمەندی یەکەم هاوڵاتیانە.
راشیگەیاند وەبەرهێن خۆی دەبێت سەردانمان بکات و کارئاسانی بۆبکەین بۆ مۆڵەتەکەی، بەڵام لەبەرئەوەی ئێمە چاودێری پرۆژەکان دەکەین، بۆیە زۆر وەبەرهێن نایەنەوێت پڕۆژەکانیان لەڕێگەی وەبەرهێنانەوە بکەن، پێیان خۆشە هیچ لایەنیک سەرپەرشتیان نەکات چاودێری کوالێتی دروستکردنەکە ناکات بۆیە پڕۆژەکان کراون.
نازاندرێت ئەو پڕۆژانەی دروستکراون مۆڵەتی کوێیان هەیە؟ نەخشەکانیان کێ ڕەزامەندی لەسەرداوە و کێ نرخی دیاریکردووە و کێ خزمەتگوزارییەکان جێبەجێ دەکات؟بەڕێوەبەری وەبەرهێنان بێ ئاگای خۆی دەربڕی لەوەی کێ مۆڵەتی بەو پرۆژانەداوە.
فەرمان غەریب ئاماژەی بەوەشدا لەئێستادا دەبێت پارێزگار و شارەوانی سلێمانی چاودێری بکەن و ئەو کارە ڕێکبخەن لەبەرئەوەی پارێزگاری سلێمانی لایەنی دیاری شارەکەیە و شارەوانیش ئەرکی گەیاندنی خزمەتگوزارییە کە زۆربەی پڕۆژەکان لەناو پارێزگای سلێمانیە.
سامان مەحمود، لێپرسراوی بەشی پلاندانان لە شارەوانی سلێمانی بەدواڕۆژی وت بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران هەیە دەڵێت پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتی شارەوانی ناوێت مۆڵەتی وەبەرهێنانی دەوێت ئەوە وەبەرهێنان بەرپرسن.
لەبارەی هێنانی نەخشەی ئەو پڕۆژانە بۆ شارەوانی وتی نەخشە شتێکە و مۆڵەت شتێکە، ئێمە ئاگادارنین ئەوە پێویستە پارێزگار یان وەبەرهێنان بۆئێمەی بنێرێت ئەو پڕۆژانە تا بەدوداچونی بۆ بکەین، من وەک خۆم نەخشەکانم نەدیوە.
پڕۆژە بێ مۆڵەتەکان تەنها سلێمانی نەگرتوەتەوە، بەڵکو ئه و دیاردەیە لە شارەکانی دیکەش هەیە وەک ئەوەی وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەران باسیدەکات.
یاسین مەحمود، وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەران بەدواڕۆژی وت پڕۆژەی بێ مۆڵەت تەنها سلێمانی نیە، بەڵکو لە هەولێر 22 پڕۆژە و لە دهۆک هەشت پڕۆژەی بێ مۆڵەت هەیە.
وتیشی ئەو 14 پڕۆژەیە مۆڵەتی شارەوانیان هەیە و، لای ئێمە کۆپی مۆڵەتەکانیمان هەیە، سەیرە شارەوانی بێئاگای دەردەبڕێت و هەندێکیشان بەدڵنیاییەوە مۆڵەتی نیە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش خۆیان ناکەن بە خاوەنی.
یاسین مەحمود ئاماژەی بەوەشدا هیچ کەسێک چاودێری ئەو پڕۆژانە ناکات، خاوەنەکانی خۆیان بون بە بڕیاردەر لەسەر گۆڕانکاری لەناو پڕۆژەکاندا، حکومەت هیچ لێپرسینەوەیەکی نیە.
15-06-2017