رۆژی سێشەممە 20-6-2017 جەلال نووری، قائیمقامی کفری دەستی لەکارکێشایەوە و، لە نامەیەکدا بۆ ئیدارەی گەرمیان هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە حکومەت 24 ملیار دیناری بۆ پرۆژەکانی سنووری گەرمیان خەرجکردووە و تەنیا یەک ملیار دیناری دراوە بە شارۆچکەی کفری. لە بەرامبەردا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان دەڵێت، هۆکاری وازهێنانی قائیمقام ئەوە نییە، بەڵکو لەبەرئەوە دەستی لەکارکێشاوەتەوە، نەکراوە بە جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان. چەند مانگێک لەمەوبەر قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی گەرمیانی کرد و 24 ملیار دیناری بۆ بەگەڕخستنەوەی پرۆژەکان خەرجکرد. قائیمقامی کفری دەڵێت، 38 پرۆژە لە کفری وەستاون، ئیدارەی گەرمیان یەک ملیار لەو پارەیەی بە ئەوان داوە. دوای دەستلەکارکێشانەوەی قائیمقامی کفری، بەڕێوەبەری سەرجەم فەرمانگە حکومییەکانی ئەو شارە یاداشتنامەیەکیان ئاراستەی ئیدارەی گەرمیان کرد و دەڵێن، ئەگەر کفری لەوە زیاتر پشگوێ بخرێیت هاوشێوەی قائیمقام دەستلەکاردەکێشنەوە. 17 بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی کفریش دەڵێن، ئەگەر داواکارییەکانی قائیمقام جێبەجینەکرێن، ئەوانیش دەست لەکاردەکێشنەوە. عەبدوڵڵا ئەنوەر، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە پێچەوانەی هاونیشتمانیان و بەڕێوەبەری یەکە ئیدارەیەکانی کفرییەوە بیردەکاتەوه و پێیی وایە پرۆژەکان بۆ گەرمیانە نەک تەنها بۆ شارۆچکەیەک. لە ناوەندی شارۆچکەی کفری 15 پرۆژە بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستاون، 23 پرۆژەی دیکەش لە گوند و ناوچەکانی سەر بە شارۆچکەی کفری کارکردن تێیاندا ڕاگیراوە. هاوکات لەبارەی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی قائیمقامی قەزای کفری، ئیدارەی گەرمیان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بە چەند خاڵێک کردووە و تێیدا هاتووە دەقی وازهێنانەکەی بەڕێز قائیمقامی قەزای کفری، پێش گەیشتنی بە بەڕێز سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، لە ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە کە ئەمەش مایەی سەرسووڕمانە و پێچەوانەی ڕێوشوێنە ئیدارییەکانە. لە خاڵێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە کە وازهێنانی قائیمقامی قەزای کفری پەیوەندی بەو پرۆژانەوە نییە کە لەسەر بڕیاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگەڕخراونەتەوە، ئەوەندەی پەیوەندی بە داواکاری کەسی و تایبەتەوە هەیە، بەجۆرێک بەڕێزی داوای کردووە بکرێت بە جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەکاتێکدا جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان دەوامی ئاسایی خۆی کردووە و بەردەوامە لە کارەکەی.
رووداو
20-06-2017
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 8,025 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!