کۆمیتەی ناوەندیی #حیزبی دێموکڕاتی کوردستان# کۆبوونەوەیەکی بۆ باس و تاوتوێی هەڵبژاردنەکانی دادێی سەرۆککۆماری و شوڕای ئیسلامیی شارو گوندەکان لە ئێران پێکهێنا.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە ڕۆژی شەممە، 26ی خاکەلێوەی 1396 (15ی ئاوریلی2017) بە بەشداریی ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و کۆمەڵێک کەسایەتی و تێکۆشەری ئەو حیزبە بەڕێوەچوو، کۆمەڵێک پرسی سیاسی و تەشکیلاتی خرانە دەستووری کارەوە کە هەڵبژاردنەکانی مانگی جۆزەردان لە ئێران گرنگترینی ئەو باسانە بوو.
کۆبوونەوەی مەشوەرەتیی کۆمیتەی ناوەندی بە ڕاوەستان بۆ ڕێزگرتن لە یادو بیرەوەریی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکردو کاک مستەفا مەلوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕات لەگەڵ خستنەبەرباسی دەستووری کاری کۆبوونەوە، دەرگای باس و ڕاوێژی بۆ بەشدارانی کۆبوونەوەکە کردەوە.
لەبەشی باس لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدارانی پلینۆم باسێکی چڕ و دەوڵەمەندیان لە سەر بارودۆخی سیاسیی ئێستای ئێران و کوردستان و بەستێنەکانی بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنانە کرد کە بڕیارە لە 29ی بانەمەڕ دا بەڕێوە بچن.
بەشدارانی کۆبوونەکەوە بە ئاماژە بەو هۆکارانەی دەرەتانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازادو دێموکڕاتیکیان له ئێراندا لە نێو بردوەو بە کردەوە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و گۆڕانکاری لە شێوەی ئیدارەو بەڕێوەبەریی وڵاتیان لە مانای خۆی بەتاڵ کردۆتەوە؛ لێکدانەوەیەکی چڕو پڕیان بۆ کارنامەی 4 ساڵ سەرکۆماریی حەسەن ڕوحانی کرد کە پێش هەڵبژێرانی زۆرترین وادەو بەڵێنیی بە خەڵکی کوردستانداو؛ کەمترینی ئەوانیشی نەبردە سەر.
بەشدارانی کۆبوونەوە بە تیشکخستنە سەر ئەوەی هەڵبژاردنەکان لە ئێران هەموو کاتێک بۆ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گرینگیی خۆی بووەو سەرەڕای مکانیزمە داسپاو و نادێموکراتیکەکان لەو پڕۆسەیەداو هەروەها دەستێوەردانی ناوەندی سەرەکیی بڕیار لە ئێران واتە بەیتی ڕێبەری و ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە مهەندیسیکردنی هەڵبژاردنەکان و یەکلاکردنەوەی دەرەنجامەکانی؛ بەو حاڵەش وەک بەستێنیک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و هاندانی خەڵک بۆ هێنانە بەرباسی ماف و داواکانیان سەیری کردوە.
بەشدارانی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی لە باسەکانیاندا بە ئاماژە بە هەڵویست و خوێندنەوەی دروست و واقعبینانەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ پرسی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە ئێران لە ڕابردوودا؛ کە ئەگەر دەرفەتێکی بۆ پاشەکشەکردن بە سیستەمی سیاسیی وڵات و جێبەجێبوونی مافی خەڵک تێدا دیوە گەمەی چالاکانەی تێدا کردوەو ئەگەر تروسکایییەکی لە پێوەندی لەگەڵ هاتنە ئارای ماف و داواکانی خەڵکدا نەدیبێ بایکۆتی کردوە؛ تیشکیان خستەسەر ئه و فاکتۆرانەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئەمجارەیان لە هەموو زەرفییەتەکانی بەتاڵ کردۆتەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی بە بەرزنرخاندنی ئەو هەوڵانەی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو ماوەیەدا بۆ دروستکردنی هاودەنگی و هەڵویستی هاوبەش لە پێوەندی لەگەڵ هەڵبژاردنەکاندا داویانە، دەفتەری سیاسیی ڕاسپارد کە بۆ ئەو مەبەستە درێژە بە دانیشتنەکان لەگەڵ ئەو لایەنانە بدا.
له بەشێکی دیکەی کاری ئەو کۆبوونەوەیەدا پرسی هەڵبژاردنەکانی شورای ئیسلامیی شارو دێیەکان و جیاکاری و تایبەتمەندییەکانی ئەو هەڵبژاردنەش کەوتە بەرباسێکی فرەرەهەندیی بەشداران و ئەو بابەتە لە گۆشەنیگای جۆراوجۆرەوە هەڵسەنگێندرا.
پرسی چەندی و چۆنیی پێوەندیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چەند بابەتێکی تەشکیلاتی لەپێوەندی لەگەڵ باشتر بەڕێوەچوونی کاروباری حیزب چەند مژارێکی دیکەی باس و خواسەکانی ئەو کۆبوونەوەیە بوون کە بڕیاری پێویستیان بۆ وەرگیرا.
15-04-2017