لەدایکبووی ساڵی 1988ی گوندی #هەڵوان# لە ناوچەی #ژاوەرۆ#ی #سنە#یە.
شەهید ساحێب حوسێنی ساڵی 2010 لە #ڕۆژهەڵاتی کوردستان#ەوە خۆی گەیاندووەتە ڕێزی پێشمەرگەکانی حیزب. سەرەتا لە کۆمیسیونی سیاسی نیزامی سازمان دراوە و ماوەی 2 ساڵ بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەرکەکانی خۆی بەڕێوەبردووە، پاشان چووەتە ناوەندی 1ی کوردستان و لەوێش بەوپەڕی هەست کردن بە بەرپرسایەتی، ئەرکە پێ سپێردراوەکانی بەجێ گەیاندووە. ساڵی 2015 نەقڵی کۆمیسیونی ماڵی- خەدەماتی کراوە و لە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەو کۆمیسیونەدا بەوپەڕی دەروەستییەوە ئەرکی خۆی ڕاپەڕاندووە.
لە چەندین دەورەی تایبەتی نیزامیدا بەشداریی کردووە. هەر بەو هۆیەشەوە لە لایەن کۆمیسیونی سیاسی نیزامیەوە بە نووسراوە ڕێزی لێ گیراوە. بەهاری ساڵی 2016 هاوڕێ ساحێب حوسێنی لە گەڵ تیمێک پێشمەرگەدا بەشداریی لە مەئمورییەتی ناوچە دا کرد و بەوپەڕی ئازایەتی لەو ئەرکەشدا سەرکەوتوویی خۆی نیشان دا.
هاوینی هەمان ساڵ دووبارە لە گەڵ تیمێکی دیکەی پێشمەرگە، لە سەر داوای خۆی گەڕایەوە نێوخۆی وڵات، پاش جەولەیەکی 15 ڕۆژە لە شاخی کۆساڵان، لە 26-06-2016 ز دوژمنی داگیرکەر هێرشی کردە سەریان و وێرای شەهید بوونی سێ هاورێ لە تیمی پێشمەرگەکاندا، مەخابن لەو شەڕەدا هاوڕێ ساحێب حوسێنی لە گەڵ 5 هاوڕێی دیکەی بێ سەر وشوێن بووە. پاشان دەرکەوت بە هۆی ئاگربارانی بێبەزەییانەی شاخی کۆساڵان لە لایەن دوژمنەوە، هاوڕێ ساحێب حوسێنی گیانی پاکی بەختی ڕێگا و ڕێبازی پڕ سەروەریی شەهیدان، واتە ڕزگاریی گەل و نێشتمان کردووە.