لە کەناری دەریاچەی سیروان ماسی مرداربووەوە دەبینرێت، ئەو دیاردەیە چەند هۆکارێکی لەپشتە و لە ساڵی 2010ەوە تاوەکو ئێستا دووبارە دەبێتەوە، ساڵانەش لە مانگی حەوتەوە تاوەکو مانگی نۆ، نزيکەی 100 تۆن ماسی له و دەرياچەيە مردار دەبنەوه.
رائيد سەردار ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی پۆليسی دارستانی هەڵەبجە لەبارەی ئەو ناوچانەی ماسییەکان تێیدا مردار دەبنەوە دەڵێ 10 بۆ 15 کم دەگرێتەوە، لە ناوچەی قەڵبەزه، کانی کەوە و تەپی کەرەم دەستپێدەکات، تاوەکو دەگاتە کاکردەڵە و ناوچەی هەڵەبجەی شەهيد دەگرێتەوە، لە ناوچەکانی ديکه، ئەم دياردە نیيە.
نزيکەی 100 ڕاوچی له و شوێنەی دەرياچەکەدا ڕۆژانە خەریکی ڕاوەماسین، چەند جارێک تۆڕەکانيان فڕێ دەدەن، بەڵام بەهۆی مرداربوونەوەی ماسییەکان مەگەر بە دەگمەن ماسيیەکيان دەستبکەوێت.
هاوکار محەممەد، ڕاوچییە و دەڵێ ڕۆژانە حەوت کاژێر کاردەکەم. پێش ئەوەی ماسییەکان بمرن، ڕۆژانە 10 بۆ 15 کيلۆمان دەگرت و، ڕۆژانەی خۆمان بەزيادەوە دەستدەکەوت، بەڵام ئێستا ڕۆژانە کيلۆیێک بۆ سێ کيلۆ ماسی دەگرین.
پاشەڕۆی کارگەکان لە چەمی تانجەڕۆ دەڕژێتە دەرياچەی #سيروان#، هەروەها ڕژانی ئاوەڕۆی هەڵەبجە و سلێمانی و سەيدسادق بۆ نێو دەرياچەکە و، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاوەکە لە ناوچەی شارەزوور، هۆکارن بۆ مرداربوونەوەی ماسيیەکان.
توانا ئيسماعيل، لێپرسراوی هۆبەی سامانی ماسی لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی دەڵێ چارەسەر لای ئێمە نيیە، شارەوانی، وەزارەتی پيشەسازی، پاڵاوگەکان، وەزارەتی سامانە سرووشتيیەکان بەرپرسن لە ناوچەی پيشەسازی کە پاشەڕۆکانيان نەخەنە نێو دەرياچەی سيروان و، ئاوی تانجەڕۆ.
ساڵانی ڕابردوو تەنها ماسی ڕەقە مرداردەبوويەوە، کەچی ئەمساڵ ماسی سيلڤەر، سوورە و گەرا هەمان حاڵيان هەيە، مردار دەبنەوە و دەبنە خۆراکی باڵندەکان.
01-08-2017