لە ماوەی مانگی تەمووزدا 44 هاووڵاتیی کوردی ئێزدی لەدەستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار کراون و حکوومەتی هەرێمیش بەردەوامە لە دۆزینەوەی کەسانی دیکە و گێڕانەوەیان بۆ ناو ماڵباتیان.
بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ئێزدییەکان لە #وەزارەتی ئەوقاف# و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری قوربانیان ڕفێندراوان و ڕزگارکراوەکانی ئێزدی لەسەردەستی تیرۆریستانی داعشی لە مانگی ڕابردوودا بڵاو کردە و بەپێی ئامارەکە تەنیا لە مانگی حەوتی ئەمساڵدا (44) هاووڵاتیی کوردی ئێزدی لە دەستی داعش ڕزگار کراون.
بەپێی ئەو ئامارەی کە بڵاو کراوەتەوە و بە بەراوردکردنی لەگەڵ ئاماری مانگی شەشدا دەرکەوتووە کە لە مانگی 8ی ساڵی 2014 دوای داگیرکردنی شنگال لەلایەن تیرۆریستانی داعشدا تا مانگی شەشی ئەمساڵ سێ هەزار و 48 دیلی ئێزیدی لە دەستی داعش ڕزگار کراون و لە مانگی حەوتدا ئاماری ڕزگارکراون بۆ سێ هەزار و 92 ڕزگارکراو بەرز بووەتەوە.
هەر لە ئامارەکەدا هاتووەدا کە ئافرەتە ڕزگارکراوەکانی ئێزدی تا مانگی شەشی ئەمساڵ هەزار و 92 ئافرەت ڕزگار کراون و لە مانگی حەوتدا بۆ هەزار و 102 ئافرەتی ڕزگارکراو بەرز بووەتەوە.
هەر لە ئامارەکەدا هاتووە کە تا ئێستا 3 هەزار و 325 ڕفێندراوی ئێزدی لەدەست داعشدا ماون.
مانگی هەشتی ساڵی 2014 سوپای عیراق و سیاسەتی هەڵەی نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەی عێراق هێلەکانی بەرگرییان بەرامبەر تیرۆریستان چۆڵ کرد و بەو هۆیەوە مووسڵ و قەزای شنگال کەوتنە دەست داعش و بەو هۆیەوە هەزاران کوردی ئێزدی بوونە قوربانی و هەمووشیان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد.
01-08-2017