ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیار بە بۆنەی دەریاچەی #زرێبار#ەوە ڕوو لە شاری #مەریوان# دەکەن، چالاکوانێکی ئەو شارەش دەڵێت: ڕێکخراوی جیهانی یونێسکۆ لەهەوڵدایە شاری مەریوان بەهۆی بونی دەریاچەی زرێبار و چەند تایبەتمەندیەکی ترەوە وەکو شوێنێکی گەشتیاری جیهانی تۆماری بکات.
دەریاچەی زرێبار کە دەکەوێتە شاری مەریوان-ی سەربە پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵانە بەهاتنی وەرزی بەهار و هاوین گەشتیارێکی زۆر ڕووی تێدەکەن و بەهۆی ئەو تایبەتمەندیانەی کە هەیەتی بەشوێنێکی گەشتیاری جیهان ناوزەند کراوە و زۆر جار لەوڵاتانی ئەوروپیش گەشتیار ڕووی تێدەکات.
چالاکوانێکی شاری مەریوان بەناوی هومایون محەمەد نەژارد، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:دروست بونی دەرپاچەی زرێبار مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و بەپێی گێڕانەوەی چەند ئەفسانەیەک، کە کاتی خۆی شارێک بووەو حاکمی شوێنەکە بەناوی فەیلەقوس زوڵمێکی زۆری کردووەو لەئەنجامی دوعا کردنی دەروێشێک شارەکە ڕۆچووەو ئاو دای پۆشیوەو ئەم دەریاچەی ئێستای لێ دروستبووە، ئێستاش قەبرێک لەبەرزاییەکانی لای باکوری ڕۆژهەڵاتی زرێباردایە کە دەڵێن قەبری ئەو دەروێشەیە کە ئەو دوعایەی کردووە.
هومایون، وتیشی:لەتایبەتمەندیەکانی دەرپاچەی زرێبار ئەوەیە کە یەکەمین دەریاچەیە لەجیهان کە ئاوی شیرینی هەیە و چواردەورەی دەریاچەکەش چەندین باڵندەی جۆراوجۆر هەن، وەکو لەق لەق قازو مراوی و چەندانی تر، ئەمەش وایکردوە گەشتیارێکی زۆر لەناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و دەرەوەش بە تایبەتی وڵاتانی ئەوروپا سەردانی مەریوان بکەن و زۆر جاریش ئەمشارە بە بەهەشتی وون بوو ئەژمار دەکەن.
ئەو چالاکوانە باسی لەوەش کرد: بەدەر لە ئاوی دەریاچەکە کە گەشتیاران بە بەلەم سەردەکەون و تا شوێنانی دوری ئاوەکە دەڕۆن بۆ بینینی جوانیەکانی دەروبەری، لەچواردەوری زرێبار چەندین گوند هەن کە سروشتێکی جوانتر دەبەخشن بە دەریاچەکە، زۆر جار گەشتیاران سەردانی ئەو شوێنانەش دەکەن وەکو دەرەتفێ و بەردەڕەشە و نەی کە هەمویان دەڕواننە سەر دەریاچەکە.
ئاماژەی بەوەشدا: ڕێکخراوی جیهانی یونێسکۆ لەهەوڵی ئەوەدایە کە شاری مەریوان بەهۆی ئەو تایبەتمەندیانەی کە هەیەتی، بەتایبەت بونی دەریاچەی زرێبار وەکو شوێنێکی گەشتیاری جیهانی لەقەڵەم بدات و تۆماری بکات.
03-08-2017