ڕۆژنیوز – هاوکار مستەفا
بەهۆی بڵاوبونەوەی جۆرە نەخۆشییەکی کەڕوویی کە بە #لاڕەشە# ناودەبرێت، مەترسیی لەناوچوونی هەزاران #دارگوێز#ی #هەورامان# هاتووەتە ئاراوە، بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسیانەش بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە هەڵمەتێکی بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە دەستپێکردووە.
لە ناوچەی هەورامان بەهۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشی لاڕەشە زیانێکی زۆر بەر دارگوێزەکانیان کەوتووە.
هیوا ئیسماعیل، یەکێک لەخاوەن باخەکانی گوێز لە شارەدێی تەویڵە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: هەرچەندە لە دوو ساڵی ڕابردوودا لەم کاتەدا نەخۆشی لاڕەشە دارگوێزەکانی دەگرتەوە و زیانی لێدەدان، بەڵام لەئەمساڵدا بە شێوەەکی فراوانتر و کاریگەر تر ئەو نەخۆشییە بڵاوبووەتەوە.
هیوا، وتیشی: لەساڵانی ڕابردوودا نەخۆشییەکە دارگوێزی وشک نەدەکرد، بەڵام لەئەمساڵدا نەخۆشییەکە هێندە کاریگەریی هەیە دارگوێزەکانیش لە بنەوە وشک دەکات.
سەبارەت بە نەخۆشییەکەش، ئەو باخەوانە زانیاریی دا و وتی: نەخۆشییەکە، کە بەشی خوارەی قەدی دارگوێزەکە لەژێر توێکڵەوە بە تەواوی ڕەش دەکاتەوە، کاتێک بەچەقۆ یان تەور لەو شوێنە دەدرێت ئاوێکی لینجی ڕەش دێتە دەرەوە، بەهۆی ئەو نەخۆشیەشەوە دارگوێزەکە بەرهەمی نابێت و یان بەتەواویی وشک دەبێت.
لەبارەی هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەشەوە، ناوبراو، وتی: تا ئێستا هۆکاری بڵاوبونەوەی ئەم نەخۆشییەشمان نەزانیوە.
هۆشمەند عەبدوڵا، خاوەن باخێکی دیکەیە و بەڕۆژنیوزی وت: ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە خەریکی باخداریی زیاتر لە 150 دارگوێزم لە تەوێڵە، بەڵام لەئەمساڵدا بەهۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشی لاڕەشە بەتەمای ئەوە نیم کە 50 دارگوێزم بەرهەمیان هەبێت و بەشێکی زۆریشیان بەتەواوی وشک بوون.
لە لایەکی دیکەشەوە، ستار مەحمود، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە بەڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: چەند ڕۆژێکە لەڕێگەی دوو تیمی تایبەتەوە هەڵمەتێکی لەناوبردن و ڕووبەڕوبوونەوەی ئەو نەخۆشیەمان دەستپێکردووە و تا سەرەتای مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
ڕونیشکردەوە، هەڵمەتەکەمان بریتیە لەپێدانی دەرمانی قڕکەر لە جۆری (شامپیۆن) کە هەر کیسەیەکی ئەو دەرمانە لەگەڵ 16 لیتر ئاودا تێکەڵ دەکرێت و دەدرێت لەو شوێنەی کە نەخۆشییەکەی گرتووە، ئەوەش دوای ئەوەی کە توێکڵە ڕەشەکە لێدەکرێتەوە.
ستار مەحمود، وتیشی: ئەگەر نەتوانین ئەو نەخۆشییە بنەبڕبکەین ئەوا پانتاییەکی فراوانتر دەگرێتەوە چونکە نەخۆشییەکی گوازراوەیە.
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە، بە گرنگیشی زانی کە خاوەن باخەکانی هەورامان بە زووترین کات سەردانی تیمەکانیان بکەن لە شارەدێی تەویڵە بۆ ئەوەی ئەو دەرمانەیان پێبدرێت و هەروەها ڕێنمایی پێویستیشیان پێبدرێت لەبارەی چۆنیەتی بەکار هێنانی دەرمانەکە و ڕووبەڕوبوونەوەی نەخۆشییەکە.
لەبارەی ژمارەی ئەو دارگوێزانەی تووشی ئەو نەخۆشییە بوون، ناوبراو، وتی: ئامارێکی وردمان لەبەردەست نییە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی دارگوێزەکانی هەورامان لەژێر مەترسیی ئەو نەخۆشییەدان.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە 85 هەزار دارگوێزی بەردار بوونیان هەیە و بەشێکی زۆری ئەم دارگوێزانەش دەکەونە ناوچەی هەورامانەوە و بوونەتە سەرچاوەی بژێوی بە سەدان خێزانی ناوچەکە.
03-08-2017