ساڵی 2014 ڕۆژانە کڕین و فرۆشتنمان بە 10 تا 15 ئۆتۆمبێلەوە دەکرد، هێواش هێواش بازرگانیکردن و بازاڕ ڕووی لە کزی کرد تائیستا هەفتانە ئەگەر دوو ئۆتۆمبێل کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێت، ئەگەر نا بازاڕەکە خەریکە بە تەواوی دەوەستێت، ئەوە قسەی ئیسماعیل خاوەنی پێشانگایەکی ئۆتۆمبێلە.
ئیسماعیل خاوەن پێشانگای (ب) لەناو پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل لەشاری #هەولێر# ماوەی 14 ساڵە کاری کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەکات، بۆ دواڕۆژ دەڵێت من هیچ کات وەک ئێستا ئاوا بازاڕی ئۆتۆمبێلم بە کزیی نەبینیوە، تەنانەت ساڵی 2015 و 2016 باشتربوو، ڕاستە قەیرانی دارایی هەبوو، بەڵام خەڵک ترسی نەبوو، چونکە ترس بازاڕ دەکوژێت.
ئەو پێیوایە ئەوە هۆکارێکی گەورەی لە پشتە و ئەگەرنا ماوەی 14 ساڵە وەها شکانێک ڕووی لەبازاڕ نەکردووە، ئەوەش دەخاتەڕوو هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبووە جارێکی تر خەڵک ئامادەبێت ئۆتۆمبێلەکەی بە نیوەی پارەکەی بفرۆشیت و کەس لێی نەکڕێت، هەموویان بڵێن نامانەوێت پارەمان لا گرنگترە لە ئێستادا وەزع باش نییە و مەترسی هەیە.
لەبارەی ترسی خەڵک و بازاڕ و ئەو کەسانەی مامەڵەی ئۆتۆمبێل دەکەن بۆ دواڕۆژ ڕوونیدەکاتەوە خەڵک پارەی نییە، بازرگانەکانیش هەر ئۆتۆمبێل هاوردە دەکەن، کڕیاریش نییە، ئەوانەی کار دەکەن پارەیان لەبەردەست نییە، چونکە پارە مامەڵەی پێوە ناکرێت و خەڵک هەڵیدەگرێت.
ئه و دەڵێت مەسەلەی ڕیفراندۆمیش هەر بازاڕی کوشت، چونکە دەڵێن هەڵاتن و برسێتی دروستدەبێت و پارە نامێنیت و سنور دادەخرێت.
هاشم، 22 ڕۆژە ئۆتۆمبێلەکەی لە پێشانگایەک ڕاگرتووە ئامادەیە بە 5 هەزار دۆلار هەرزانتر لە نرخی خۆی بیفرۆشیت، تەنیا بۆ ئەوەی بیکاتە پارە، کەچی کڕیاڕی نییە، ئه و دەڵێت ئۆتۆمبێلەکەم بایی 195 وەرەقەیە داوای 145 وەرەقە دەکەم، کەچی دەڵێن 125 زیاتر ناکات، منیش نایفرۆشم بەو نرخە.
ئەو کە بەردەوام هاتووە بۆ ئەوەی زیانی زۆر کەم بکات تا ئۆتۆمبێلەکەی بفرۆشێت، پێیوایە هۆکاری نەبوونی بازاڕ ئەوەیە کە خەڵکەکە دەترسێت، چونکە دەڵێت بەر لە سێ مانگ نزیکەی 160 وەرەقەی دەکرد، وتم ڕەنگە بەرزبێتەوە، کەچی هەر بە یەکجاریی بازاڕەکە لەکارکەوت.
هاشم ڕونیشیکردەوە، خاوەن پێشانگەکە تەلەفۆنی بۆ کردم وتی وەرە سەیارەکەت ببە دەرەوە من بازاڕم نەماوە و پشکەکەم دەفرۆشمەوەو واز دەهێنم، چونکە خەریکە بازاڕ دەوەستێت، ماوەی 6 ڕۆژە تەنیا 1 ئۆتۆمبێلم فرۆشتووەو 1 دانەشمان کڕیوە، لەکاتێکدا 83 ئۆتۆمبێلمان هەیە.
شارەزایەکی ئابوری دەڵێت بە کەوتنی #داعش# لە #موسڵ# خەڵک هیوای هەبوو گۆڕانکاری لە بازاڕ دروستببێت، بەڵام بەداخەوە بەهۆی دیاریکردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم ڕاستەوخۆ بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەوشی دەروونی هاووڵاتیان ئەو بڕیارە درا، هەروەها دواکەوتنی موچە لە مانگەکانی پێشووتر زیاترە، بۆیە بازاڕ بەگشتی و بەتایبەتیش کەلوپەلی ساردی کوشت و توشی ئیفلیجبوونی کردووە.
ئازاد حەسەن، پسپۆرری ئابوری ڕایدەگەینێت ئەستەمە بتوانرێت وا بەئاسانی کێشەی خراپی بازاری ئۆتۆمبێل چاکبکرێتەوە، چونکە خەڵک لە هەموو دونیا تەنیا لە دوو حاڵەت خانوو و سەیارە دەکڕێت، ئەوانیش یەک دڵنیایی لە داهاتووی، دوو بوونی پارەی کاش لەبەردەستی کریار، بەداخەوە لە ئیستادا خەڵک هیچ کامیانی نییە، بۆیە بەردەوام نرخی ئۆتۆمبێل دادەبەزێت و بازاری دەوەستێت.[1]
ماڵپەڕی دواڕۆژ: 09-08-2017