حکومەتی عیراق بەڵێنی زیادکردنی بەشە نەوتی سلێمانی دەدات و لێپرسراوی هۆبەی بەرهەمە نەوتیەکانیش لەسلێمانی ئاشکرایدەکات، چاوەڕواندەکرێت دابەشکردنی نەوت سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم بگاتە سەنتەری سلێمانی.
#دلێر زەینەدین# لێپرسراوی هۆبەی بەرهەمە نەوتیەکان لەبەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بەSNNی ڕاگەیاند، لەدوای زیادکردنی بەشە نەوتی ڕۆژانە لەدوو تانکەرەوە بۆ پێنج تانکەر، ئێستا حکومەتی عیراق بەڵێنیداوە بەشە نەوتی ڕۆژانە زیاتربکات لەو پێنج تانکەرەش.
لێپرسراوی هۆبەی بەرهەمە نەوتیەکان لەسلێمانی ئاشکراشیکرد، ئێستا دابەشکردنی نەوت گەیشتۆتە چەمچەماڵ و بازیان و تەکیە، دوای تەواوبونی ئەو ناوچانەش دابەشکردنی نەوت دەگاتە هەڵەبجەی تازەو دەربەندیخان و زەڕایەن.
سەبارەت بەسەنتەری شاری سلێمانیش وتی:بەهۆی کەم و زیاد لەناردنی نەوت لەبەغداوە، ناتوانرێت بەدڵنیایی بزانرێت دابەشکردنی نەوت کەی دەگاتە سەنتەری شاری سلێمانی، بەڵام چاوەڕواندەکرێت سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم (مانگی 10) دابەشکردنەکە لەناو سەنتەری شاری سلێمانی دەستپێبکات.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دلێر زەینەدین ئاشکرایکرد، سەنتەری شاری سلێمانی پێویستی بە (45 ملیۆن لیتر) نەوت هەیە، بەو ڕێژەیەش دەتوانرێت هەر خێزانێک یەک بەرمیل نەوتی پێبدرێت.
ماڵپەڕی SNN: 10-08-2017