سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی پارێزگای #هەولێر# ئاشکرایدەکات، هۆکاری بۆنە ژەهراویەکەمان ئاشکراکردووە و دەشڵێت، بۆ بنەبڕکردنی پێویستە ئەنجومەن و بەرپرسانی شارەکە بڕیاری کۆتایی بدەن.
هەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەسەر هۆکاری بۆنە ژەهراوەیەکەی شارەکە کۆبوەوە و هەردوو لیژنەی تەندروستی و ژینگەی ڕاسپارد لە هۆکاری بڵاوبوونەوەی بۆنەکە بکۆڵنەوە و ڕاپۆرتی خۆیان ئامادەبکەن.
خانزاد وسو، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە 15ی ئابی 2017 بە دواڕۆژی ڕاگەیاند هۆکاری بۆنە ناخۆشەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە پاڵاوگە نایاساییەکان و خەڵک بەشێوەی قاچاغ گاز لە بیرە نەوتەکانی گەیارە دێنن و خۆڵ و تێزابی تێکەڵ دەکەن و دەیفرۆشنەوە بە بەشێک لە مۆلیدەکان و ئەوانیش بەکاریدەهێن و لە ئەنجامدا بۆنێکی ژەهراوی زۆر خراپ دروستدەبێت و تێکەڵی هەوای شارەکە دەبێت، ئەمەش زیانی زۆر گەورەی لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان و ژینگە دەبێت.
وتیشی بەشێک لە پاڵاوگەکان خۆشیان ئه و گازوایلە خراپە بەکاردەهێنن، چونکە نرخەکەی زۆر هەرزانترە له و نرخەکەی کە حکومەت دیاریکردووە.
سەرۆکی لیژنەی تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد، هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی پارێزگا لەسەر ڕاپۆرتەکان کۆدەبێتەوە و پێویستە بڕیاری کۆتایی لەبارەی پاڵاوگەکان بدرێت و ئەوانەی نایاساین بە یەکجاری دابخرێن، بەپێچەوانەوە کێشەکە چارەسەرنابێت و بۆنەکە بنەبڕناکرێت.
ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بۆنی پاڵاوگەکانی نەوت لە دەوروبەری هەولێر تێکەڵ بە هەوای شارەکە بووە و بەوهۆیەوە دانیشتوانی باشوور و ڕۆژئاوا ڕۆژانەی بۆنی گازەکە هەڵدەمژن، ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر قایمقامی هەولێر داخستنی 23 پاڵاوگەی نایاسایی و سزادانی ژمارەیەک مۆلیدەی ئەهلی ڕاگەیاند، بەڵام هێشتا بۆنەکە لە چەند شوێنکدا ماوە.
لەسنووری پارێزگای هەولێر 130 پاڵاوگەی نایاسایی هەن، کە بەشێکیان له و گەڕەکانەوە زۆر نزیکن کە کەوتوونەتە باشوورەوە.[1]
ماڵپەڕی دواڕۆژ: 15-08-2017