لەوحی یادکردنەوەی قوربانیان تیرۆر لە ڕێستۆرانی #میکۆنۆس# لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا لەلایەن کەسانێکی سەر بە حکوومەتی ئێرانەوە تێکدرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو ڕووداوە بە ناردنی وێنەی تێکدانی لەوحی یادکردنەوەی میکۆنۆس ڕادەگەیەنێت: ئەو هەوڵە لە لایەن کەسانێکی سەر بە حکوومەتی ئێرانەوە ئەنجام دراوە.
ئەو هەوڵەی کەسانی سەر بە حکوومەتی ئیڕان لەحاڵێکدایە کە لە کاتی دانانی ئەو لەوحەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەستبەجێ باڵوێزی وڵاتی ئاڵمانی لە شاری تاران بانگهێشت و بە دانانی ئەو لەوحە ناڕەزایەتی دەربڕی بوو.
بە دوای دانانی لەوحی یاد کردنەوەی قوربانیانی تێرۆری میکۆنۆس مەحموود ئەحمەدی نژاد، شارەداری ئەو کاتی شاری تاران لەوحی کوژراوەکانی کیمیایی باران کردنی دەوڵەتی ئێران لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە لە بەرانبەر باڵوێزخانەی ئاڵمان لە تاران دانابوو.
بیرۆکەی دانانی ئەو لەوحە لەلایەن نوێنەری حیزبەکانی سوسیال دێموکرات، سەوزەکان و سوسیالیزمی دێموکراتێک لە ساڵی 1997 لە شۆرای شاری ناوچەیوێلمرزدۆرف شاری برلین باس کرابوو، بەڵام لەو کاتەدا وەزارەتی کاروباری دەرەوەی وڵاتی ئاڵمان بە هۆینەبوونی حوکمی یەکجارەکی دادگای میکۆنۆس لەگەڵ ئەو بیرۆکەیە دژایەتی کردبوو.
حوکمی دادگای میکۆنۆس لە مانگی دیسامبری 1998یەکجارەکی مسۆگەر بوو و بەرپرسانی ئێرانی لە باڵاترین ئاستدا لە تێرۆری میکۆنۆس مەحکووم کرد.
عەلی خامنەیی، هاشمی ڕەفسنجانی، عەلی ئەکبەر وەلایەتی و عەلی فەلاحیان لە بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بوون کە لە لایەن دادگای برلین بە کوشتنی ڕێبەرانی سیاسی کورد تاوانبار کرابوون.
دادگای میکۆنۆس لە ماوەی3 ساڵ، 247 کۆبوونەوە و شایەتیدانی 176 کەس لە سەر دۆسیەی تێرۆری
#د.سادق شەرەفکەندی#، #فەتاح عەبدولی# و #هۆمایون ئەردەڵان# لە ڕیبەرانی #حیزبی دێموکرات# و #نووری دێهکوردی# چالاکی سیاسی دانیشتووی شاری برلین لە ڕێستۆرانی میکۆنۆسی ئەنجام دا و حکوومەتی ئێرانی بە تێرۆریزمی دەوڵەتی مەحکووم کرد.
شارەداری بەرلین20 ئاوریلی ساڵی 2004ی زایینی(1ی بانەمەڕی 1383ی هەتاوی) لە شوێنی ڕێستۆرانی میکۆنۆس(کە هەنووکە ئەو شوێنە داخراوە) تابڵۆیەکی لە قوربانیانی تێرۆری میکۆنۆسی ڕوونوێنی کرد.
لە سەر ئەو لەوحەدا نووسراوە: لەم شوێنەدا، شوێنێک کە پێشتر ڕێستۆرانی میکۆنۆس بووە، لە ڕێکەوتی 17ی سپتامبری 1992ی زایینی ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران، دوکتور سادقی شەرەفکەندی، فەتاح عەبدولی و هومایون ئەردەڵان و هەروەها سیاسەتمەداری نیشتەجێ شاری برلین، نووری دێهکوردی، لە لایەن بەرپرسانی ئەو کاتەی ئێران تێرۆر کران، ئەوان گیانی خۆیان لە ڕێگای خەبات بۆ ئازادی و مافی مرۆڤ لە دەست دا.
تێرۆری میکۆنۆس لە ڕێکەوتی 26ی خەرمانانی 1371ی هەتاوی، لە ڕێستۆرانێکدا بە ناویمیکۆنۆس ڕوووی دا، کە لەوێدا، دوکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری گشتی ئەو کاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، فەتاح عەبدولی نوێنەری ئەو حیزبە لە ئورووپا، هومایون ئەردەڵان نوێنەری حیزب لە وڵاتی ئەڵمانی و نووری دێهکوردی چالاکی سیاسی تێرۆر کران.[1]
ماڵپەڕی کوردپا: 16-08-2017