ڕۆژنیوز – هاوکار مستەفا
سەرۆکی دەستەی گشتی #گەشتووگوزار#ی هەرێم ئاماری هاتنی گەشتیارانی لەسەرەتای شەش مانگی ئەمساڵەوە بۆ ڕۆژنیوز ئاشکراکردو ڕایگەیاند، کە ئامادەکاری تەواویان کردووە بۆ هاتنی گەشتیاران لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا و پێشبینیش دەکەن تا کۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیار بێنە ناوچە گەشتیارییەکانی باشووری کوردستان.
بەهۆی بونی سەدان ناوچە و شوێنی گەشتیاری لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵانە بە هەزاران گەشتار کە زۆربەیان لە پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاستی عێراقەوە دێن سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەتایبەت لە بۆنەو جەژنەکاندا.
مەولەوی جەبار، سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: بە بۆنەی هاتنی جەژنی قوربانەوە لە سەرجەم خاڵە سنوریی و بازگە و ناوچە و شوێنە گەشتیارییەکاندا ئامادەکاری تەواومان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران، بە تایبەت گەشتیارانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق و دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەومەبەستەش لە شوێنە گەشتیارییەکاندا ڕێنمایی پێویستمان بڵاوکردووەتەوە.
وتیشی: لە ئەمساڵدا هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان شتێکی چاوەڕوان نەکراوو بوو، چونکە ژمارەیەکی زۆر زیاتر گەشتیار هاتوون، بەجۆرێک لەسەرەتای شەش مانگی ئەمساڵدا یەک ملیۆن و 470 هەزار گەشتیار هاتونەتە هەرێمی کوردستان و پێشبینش دەکەین تا دوای جەژنی قوربان دوو ملیۆن تێپەڕێنێت و تا کۆتایی ئەمساڵیش نزیک بێتەوە لە دوو ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار.
لە بارەی دروستکردنی کێشەو گرفت لە بازگەکاندا بۆ هاتنی گەشتیارانی عەرەب، سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم ئەوەی خستەڕوو، بۆ جەژنی قوربانی ئەمساڵ هەماهەنگی باشمان لەگەڵ بازگەکاندا دروستکردووە، بۆ ئەوەی هەموو ئاسانکارییەک بکەن بۆ هاتنی گەشتیاران و نەهێڵن هیچ کێشەو گرفتێک ڕووبدات و گەشتیاران بتوانن بەئاسانی بێنە ناوچە گەشتیارییەکانەوە.[1]
31-08-2017