نووسینی: #محەمەد هەریری#
بابەت: توێژینەوە
بەرگ: ئەبوبەکر مەلا
چاپ: چاپی ئیلکترۆنی یەکەم 2017
کورتەیەک: #کورد# و شیعە بۆ سەدان ساڵ دەبێت پەیوەندیەکی پڕ کێشمە کێش کۆیان دەکاتەوە، بە تایبەت لە یەکەم ڕۆژی سەرهەڵدانی دەوڵەتی سەفەوی لە کودەتا خوێناویەکەی ساڵی 1502 زاینییەوە تا ئەمڕۆ! لەو سەروبەندەدا خوێنی سەدان هەزار کورد بە دەستی سەفەویەکان ڕژێنرا لە پرۆسەی بە شیعەکردنی زۆرەملێیی گەلانی ئێران و کوردستان، سەدان هەزار کوردیش دەربەدەر کرا و ڕاگوێزرا بۆ خوراسان و ناوچەی تر لە ئێران...
ئەو سیاسەتە چەپەڵەی سەفەویەکان بوو بەزۆر کوردی پاڵ پێوەنا بۆ هاتنە ناوەوەی کێشمەکێشی سەفەوی و عوسمانی، کە کۆتایی هات بە گەورەترین دۆڕان بۆ سەفەویەکان بە سەرکردایەتی شا ئیسماعیلی سەفەوی لە شەڕی چاڵدێران لە ساڵی 1514 بە سەرۆکایەتی سوڵتان سەلیم بایەزید و لە سایەی پشتگیری کورد بۆ عوسمانیەکان!
ئەمڕۆ شیعە بە گشتی و ئێران بە تایبەتی دەیەوێت هەمان هەڵەی سەفەویەکان دووبارە کاتەوە، چونکە میراتگرێکی فەرهەنگی سەفەویەکانە، و بەزۆر هەوڵ دەدات هەستی مەزهەبی لای کورد زیندووکاتەوە! هاندانی تەشەنەکردنی سەلەفیەت لە ئێران یەکێکە لەو هەوڵانەی شیعەی دەسەڵات بۆ زیندووکردنەوەی گیانی مەزهەبی سوونی لە کورددا، تا ڕادەیەکی زۆریش تیایدا سەرکەوتوو بووە!
شیعەی ئۆپۆزسیۆن ساڵانێک لەسەر و گوێلاکی داڵدەدانی کوردی دەژیان، بەڵام لەبەر ئەوەی دەست وهێزی خۆیان بینی، ئەمڕۆ زۆر لە هەوڵی ئەوەدان، وەک ڕژێمەکانی پێشووی #عێڕاق# نکوڵی لە هەموو مافە کێشە لەسەربووەکانی کورد بکەن، وەک کەرکووک و سنوری کوردستان و هەماهەنگی کردن لەگەڵ وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، و هەڕەشەی حەشدی شەعبی و بڕینی هەموو یارمەتیەک وهتد...
وەنەبێت سەرکردایەتی کوردیش هێندە بەرئ و بێ تاوان بن لە گەیشتنی کێشەکان بەو ئاستە! نوێنەرانی کورد لەوپەڕی دووفاقی دان، کاتێ داوای مافەکانیان دەکەن لە #بەغداد# و خۆشیان هەموو مافێکیان لە هاوڵاتی خۆیان زەوت کردوە! کاتێ نەوت دەفرۆشن و دەیانەوێت بودجەش لە بەغداوە بدرێت!
کێشەی شیعەی دەسەڵات ئەوەیە دەیەوێت بە هەمان عەقلیەتی ئەمنی وعەسکەری حوکمەتەکانی پێشوو مامەڵە بکات لەگەڵ کورد، نەیتوانیوە کەمترین مەیلی مرۆڤی کورد بۆ خۆی ڕاکێشێت، وەک حکومەتی هەموو عێڕاقیەکان مامەڵە بکات، مرۆڤی سادەی کوردی خستۆتە نێو بەرداشی خۆیی و دەسەڵاتی کوردی، و لەو نێوە خەڵکە ئاساییەکەیان هاڕیوە بە دووان!
ئەو کتێبە کۆی ئەو بیروڕایانەی بەندەیە لەسەر چەندین لایەنی مێژوویی و مەزهەبی و سیاسی شیعە و هەڵوێستی کورد لە هەمبەریاندا، چاکترین وەڵامێکە بۆ ئەو دەبەنگە ساویلکانەی کە دەیان جار لەبەر ڕەخنەی سەلەفیەت تۆمەتبارمان دەکەن بە کارکردن بۆ شیعەگەرێتی!