#سۆران عومەر# ئەندامی لێژنەی دارایی و ئابووری و وەبەرهێنانی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت لە ڕەشنووسی بوودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2018 لە کۆی 35 تریلیۆن دینار کە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی عێراق تەرخانکراوە تەنها بڕی دوو تریلیۆن و 400 ملیار دینار وەکو پشکی فەرمانبەرانی هەرێم دیاریکراوە کە ئەوەش بڕیکی کەمه و پێویستە گفتوگۆی لە بارەوە بکرێت.
سۆران عومەر دەڵێت لەگەڵ حکوومەتی عێراق بگەین بە چارەسەر یان نا دەبێت حکوومەتی هەرێم بوودجەی 2018 بنێرێتە پەرلەمان.
ئەمڕۆ چوارشەممە پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ژمارە 5 لە خولی پاییزەی ساڵی چوارەم دەستپێکرد و تیایدا چوار بڕگە لە بەرنامەی کاردا هەبوون کە بریتیین لە خوێندنەوەی یەکەمی هەردوو پڕۆژە یاسای هەمواری دووەمی پیادەکردنی یاسای بەکرێدانی خانووبەرە ژمارە 87ی ساڵی 1979ی هەموارکراو لە هەرێم، لەگەڵ پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها خاڵی دووەمیش بریتی بوو بە جێگرتنەوە و سوێندخواردنی پەرلەمانتار مستەفا ئەحمەد حەمد لە شوێنی ئەندامی دەستلەکارکێشاوە #گۆران ئازاد# محەمەد، خاڵی سێیەمی بڕگەی بەرنامەی کاریش بریتی بوو لە پێشچاوخستنی دەست لەکارکێشانەوەی پەرلەمانتار ئاری هەرسین لە لێژنەی کاروباری پێشمەرگە.
خاڵی چوارەمی بەرنامەکەش بریتی بوو لە گفتوگۆی کراوە لەسەر پڕۆژەی پێشنیازکراوی بوودجەی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2018 کە دوای خستنەدەنگدانی دانیشتنەکە 47 پەرلەمانتار دەنگییان بۆ ئەوەدا کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ داخراو بێت و 31 پەرلەمانتاریش دەنگیان بۆ ئەوە دا بە کراوەیی بێت، بۆیە دانیشتنەکە کرا بە دانیشتنێکی داخراو. پاش زیاتر لە دوو کاتژمێر بڕیار درا بۆ گفتوگۆ و تاوتوێی زیاتری ئەوەی پەیوەستە بە پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتی عێراق پەرلەمان دانیشتنەکەی بۆ کاتژمێر سێ و 30 خولەکی ئەمڕۆ دواخست.
سەبارەت بە بەشەبودجەی هەرێم، سۆران عومەر بەزمانی ژمارە وتی کە ڕێژەی لەسەدا 17ی هەرێمی کوردستانیش بووە بە لەسەدا 12،67، هەروەها لە کۆی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق کە 35 تریلیۆن دینارە بۆ ساڵی 2018 تەنها بڕی دوو تریلیۆن و 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە کە دەکاتە مانگی 206 ملیار دینار کە ئەمە بەشی مووچەی دوو وەزارەتی وەکو پەروەردە و تەندروستیش ناکات، بۆیە هەرێمیش وەکو هەرێمێک کە کیانێکی دەستوورییە لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا به و شێوەیە نەماوەتەوە و کراوە بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە پرسی نەوت و بەرهەمهێنانیەوە سۆران عومەر ڕوونی کردەوە لەبەرامبەر ئەوەی کە دەبێت هەرێمی کوردستان ڕۆژانە بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت بنێرێت و بیدەیت بە کۆمپانیای سۆمۆ عێراق هیچ بڕە پارەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان نەکردووە له و 400 ملیار دینارەی کە بۆ پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت له و پڕۆژەیەدا دیاریکراوە.
ئەوەشی گوت هیچ بڕە پارەیەکی لە پترۆدۆلار و لە کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان نەکردووە، له و قەرزانەشی کە عێراق دەیانکات ڕێژەی یەک لەسەدی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکردووە، کەچی لە دانەوەی سووەکانی سەر ئه و قەرزانە هەرێمی کوردستان 17 لەسەدی دەکەوێتە ئەستۆ، زۆر شتی دیکەی نادەستووریش هەن.
ئەندامەکەی لێژنەی دارایی و ئابووری و وەبەرهێنان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، سۆران عومەر لەدرێژەی قسەکانیدا گوتیشی: دەبێت هەرێمی کوردستان بۆخۆی پێش ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق چاکسازی بکات، دەبێت لە پێشدا لە ناوخۆ گۆڕانکاریی بکەین ئینجا لەگەڵ عێراق ئه و شەڕە دەستوورییە بکەین.
سەبارەت بە گفتوگۆکانییان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ناوبراو دەڵێت ئێمە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووینەتەوە، ڕاسپاردە و بۆچوونی حکوومەتمان لە لایە، بۆ وتوێژکردن لەگەڵ بەغدا ئێمە بۆچوونی خۆمانمان پێداوە، ئەوەشی دەمینێتەوە ئەوەیە حکوومەتی هەرێم جارێ داوای کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ دەکات کە هێشتا عێراق ئامادەی ئەوە نییە، بەڵام دواجار ئێمە وەکو نوێنەرانی خەڵکی کوردستان لە پەرلەمانەوە ئه و پەیامە دەگەیەنینە بەڕێز عەبادی و حکوومەتەکەی کە ئەم ڕەشنووسە نەکەنە پڕۆژە و بچێتە پەرلەمان تا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەگەنە چارەسەر.
سۆران عومەر لە کۆتایی قسەکانیدا لەبارەی پڕۆژە بوودجەی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاند ئێمە گوتوومانە لەهەر بارێکدا لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕێکبکەوین یان ڕێکنەکەوین، دەبێت حکوومەتی هەرێم پڕۆژە بوودجەی ساڵی 2018 بهێنیتە پەرلەمان، حکوومەت بە ئارەزووی خۆی چوار ساڵە بە بێ یاسای بوودجە بە ئارەزووی خۆی خەرج دەکات، ساڵی 2016 بڕی 10 تریلیۆن دیناری خەرجکردووە، ساڵی 2015 بڕی 12 تریلیۆن دیناری خەرج کردووە، ساڵی 2014 نزیکەی 14 تریلیۆن دیناری خەرج کردووە، ناکرێت بە بێ یاسا حکوومەت پارە خەرج بکات، بۆیە لەگەڵ حکوومەتی عێراق بگەین بە چارەسەر یان نا دەبێت حکوومەتی هەرێم یاسای بوودجە ئامادەبکات و بینرێت.[1]
15-11-2017