توندوتیژی بەرانبەر ئافرەتان، لە ناشیرینترین و دزێوترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤە، بەتایبەت ئه و کاتەی بنەماکەی جیاوازی ڕەگەزی و بە کەم سەیرکردنی ئافرەت و هەوڵدان بێت بۆ پەراوێزخستنی و ڕێگە نەدان بەوەی هاوشانی پیاوان ڕۆڵی خۆی بگێرَێت و بە ئەرکی بونیاتنان لە کۆمەڵگەدا هەستێت لە ڕووی کۆمەلایەتی و ئابوری و سیاسی و ڕۆشنبیرییەوە.
ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لەپارێزگای سلێمانی، لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتاندا جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەوەی پێویستە هەموو کۆمەڵگە و دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکان پێکەوە کاربکەین بۆ بەدیهێنانی کوردستانێکی خاڵی لە توندوتیژی و پێشێلکاری ماف دژی ئافرەتان، هەربۆیە لە ڕوانگەی ئەرک و بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقیمانەوە لە ڕێگەی بەش و هۆبە پەیوەندیدارەکانمانەوە بەشدارێکی کاراین لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و سنوردانان بۆ پێشێلکارییەکان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ڕاست و دروست بەرانبەر ماف و ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی ئافرەت لە کۆمەڵگەدا.
یەکێک له و توندوتیژییانەی دەمانەوێت ئەمساڵ تیشکی بخەینە سەر، حاڵەتەکانی بەشودانی کچانە لە تەمەنی خوار هەژدە ساڵیدا، بەداخەوە تا ئێستاش بەشودانی کچانی خوار تەمەنی 18 ساڵ کە ناکۆکە بە یاسا بەرکارەکان و بنەماکانی شەریعەت لە کوردستان بوونی هەیە و وەک توندوتیژییەک بەرانبەر بە کچان ماوەتەوە کە سەرەڕای ئەوەی کە بە توندوتیژی دژی ئافرەتان دێتە ئەژمار لە هەمان کاتدا لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە دیاردەیەکی هەڵە و پڕ کێشەیە و خێزانی پێکهاتوو لە ژن و مێردی خوار 18 ساڵ زۆربەی کات خێزانێکی پڕ کێشەیە و ئەگەری هەڵوەشانەوە و سەرنەکەوتنی ئەگەرێکی بەهێزە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەشودانی کچان لە تەمەنی منداڵیدا پێچەوانەی مافی هەڵبژرادن و ئیختیارە کە خوای گەورە بە مرۆڤی بەخشیوە و باوکان و خێزانەکان لە منداڵەکانیانی زەوت دەکەن.
لەم ڕوانگەیەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لەپارێزگای سلێمانی خوازیارە خێزانەکان وشیارانەتر بەرپرسیارێتی بەرانبەر منداڵە کچەکانیان هەڵبگرن و ڕێگە بەخۆیان نەدەن منداڵان لە خوار تەمەنی هەژدە ساڵییەوە لەژێر کاریگەری و هۆکاری جیاجیادا بخەنە ژێرباری ئه و ئەرک و دۆخە کۆمەڵایەتییانەی لە سەروو تەمەنی خۆیانەوەیە، پێویستە لە خوار تەمەنی 18 ساڵییەوە خێزانەکان و تەواوی کۆمەڵگە سەرقاڵی پەروەردە و فێرکردن و پێگەیاندن و تێگەیاندن و ئامادەکردنی کچان و کوڕان بێت بۆ قۆناغەکانی ئایندەی ژیان و هەڵگرتنی ئه و بەرپرسیارێتییە جۆراوجۆرانەی کە کۆمەڵگە و ئایندەی گەل چاوەڕوانیانە.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرنامەکانی لەم بۆنە جیهانییەدا بەمجۆرە ڕادەگەیەنێت:
1 بەڕێوەبردنی هەڵمەتێکی هوشیاری دژی زوو بەشوودان کە 25 خوێندنگەی ناوشاری سلێمانی و شارەکانی دەربەندیخان و چەمچەماڵ و ڕانیە دەگرێتەوە، هەروەها هاوکاری تەواویش لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەرمیان بۆ ئەوەی لە 10 خوێندنگەی گەرمیانیش هەڵمەتەکە بەڕێوە بچێت.
2 بەڕێوەبردنی (دیداری نا بۆ توندوتیژی) لە ڕۆژی 29ی 11ی 2017 کە گفتوگۆیەکی کراوەیە بۆ سەرجەم ئه و لایەنانەی کار بۆ ئافرەتان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەکەن و دوو تەوەر لە خۆدەگرێت، تەوەری یەکەم گفتوگۆیە لەسەر دیاردەی بەشودانی کچان لە خوار تەمەنی 18 ساڵیەوە و تەوەری دووەمیش گفتوگۆیەکی کراوەیە لەسەر ڕۆڵی ماڵی داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێکراوی سلێمانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیدا.
3 هەروەها ماڵی داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێکراوی سلێمانی، لە ماوەی 11 مانگی ڕابردوودا، توانیویەتی 233 ئافرەت داڵدە بدات و لە توندوتیژی و هەڕەشە بیانپارێزێت، له و ژمارەیەش لە ئێستەدا 202 یان ماڵەکەیان بەجێهێشتووە و تەنها 31 حاڵەت لە ماڵەکەدا ماونەتەوە.
ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لەپارێزگای سلێمانی
25-11-2017