دواڕوژ، نوسینگەی #هەولێر#
رێکخراوێکی بیانی هۆشداريدەدات لەبارەی زیادبوونی توندوتیژی و پێشێلکردنی مافەکانی ئافرەتان لە سنووری 135 گوندی دەوروبەری پارێزگای هەولێر.
رێکخراوی وادی ئەڵمانی لە ڕاگەیاندراوێکدا، کە ئەمڕۆ شەممه 9ی کانونی یەکەم بڵاویکردوەتەوە، ئاماژەبەوەدەکات، لەڕێکەوتی (2017-1-1 تاوەکو 2017-12-1)، ڕێکخراوەکەيان سەردانی 135 گوندی دەوروبەری پارێزگای هەولێری کردووە و لە سەرجەم ئەو گوندانە توندوتیژی و هاوسەرگیری کچی بچووک و بێبەشکردنی کچان لە خوێندن و خەتەنەکردنی مێینە و توندوتیژییە جۆراوجۆرەکانی تیادا بەرزبۆتەوە.
ئەوەشی ئاشکراکردووە، بەشوودانی کچانی تەمەن بچوک و خوار 18 ساڵ لەم 135 گوندە، خەریکە دەبێتە دیاردە و بەشێوەیەک لەماوەی یەک مانگدا 10 حاڵەتی هاوسەرگیری دووەم تۆمارکراوە کە سەرجەمیان تەمەنیان لە 18 ساڵی بچوکترە.
وادی ئەڵمانی، هۆشداریشیداوە لەبارەی زیادبوونی توندوتیژییەکان ئاماژەشیان بەوەکردووە، لە گوندەکانی پارێزگای هەولێر، کچان بەچەندین هۆکار بێبەشکراون لە خوێندن و ناحیەی #دێگەڵە#ی سەر بە قەزای #کۆیە#ش زۆرترین ڕێژەی ژنهێنانی دووەمی تێدا تۆمارکراوە.
دەشڵێت لەڕێگەی ڕاهێنەری تایبەتەوە لەڕووی یاسایی، دەروونی، کۆمەڵایەتی، ئایینی،سیمینار بە خەڵکی ناوچەکە وتراوەتەوە، تاوەکو ئێستاش کارکردن له و ناوچانە بەردەوامە.[1]
#09-12-2017#