جێگری بەرپرسی مەڵبەندی #خورماتوو#ی یەکێتی دەڵێ، لە خورماتوو #حەشدی شەعبی#ی، تا ئێستا 3 هەزار ماڵی کوردیان تاڵان کردووە و تەقاندوویاننەوە، ئەمە جگە لەوەی کە چەندان هاووڵاتییشیان شەهید کردووە.
(حەسەن بارام)، بە ماڵپەڕی فەرمیی #پارتی دیموکراتی کوردستان#ی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، لە خورماتوو تاوانی جەنگ و #جینۆساید# بەرانبەر بە گەلی کورد ئەنجام درا، بەپێی ئامارەکانیش تا ئێستا نزیکەی 3 هەزار ماڵی کورد دوای تاڵانکردن سووتێندراون یانیش تەقێندراونەتەوە، هەروەها زیاتر لە 53 هەزار هاووڵاتیی کورد شارەکەیان چۆڵ کردووە تاوەکوو بتوانن گیانی خۆیان بپارێزن، بۆیە ئێستە کورد لەو شارەدا بوونی نەماوە.
لەبارەی بەردەوامی تاڵانکردن و سوتاندنی ماڵە کوردەکانی خورماتوو، (بارام) گوتی، لە ئێستادا حەشدی شەعبی لەو شارە بەردەوامن لە تاڵانکردن و تەقاندنەوە و سووتاندنی ماڵە کوردەکان، بۆیە ناکرێت تاوەکوو ئەو هێزە لەو شارە بن، بە هاووڵاتیان بڵێین بگەڕێنەوە، چونکە دڵنیاین هەر کوردێک بڕواتەوە، لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستیان لێ ناپارێزێت.
جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی خورماتووی یەکێتی هێمای بۆ ئەوەیش کرد، بەپێی دەستووری عێراق، ئەو ناوچانە جێناکۆکن و دەبێ بە هاوبەشی بەڕێوە ببرێن، ئەوەی ئێستا هەیە ئەو شارە داگیر کراوە، بۆیە پێویستە ڕێککەوتن لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقدا بکرێت و، هێزێکی هاوبەشیش بنێردرێتە ئەو شارە، یان هێزی ئاشتیپارێز بهێندرێتە شارەکەوە.
ئەو بەرپرسەی یەکێتی دەشڵێت، لە سێ ساڵی ڕابردوودا چەندان هاووڵاتیان ڕفاندووە و تیرۆریان کردوون، بۆیە بەم حاڵەوە خەڵک بۆ خورماتووش بگەڕێتەوە، کوشتن و تیرۆر و دەستدرێژیکردنەسەریان دەست پێ دەکاتەوە و جینۆسایدیان دەکەن.[1]
#09-12-2017#