لە ڕۆژی جیهانیی دژە گەندەڵیدا #دەستەی دەستپاکی#ی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند 123 کەیسی گەندەڵی ڕەوانەی دادگاکان کردوون، هەرچەندە هەوڵی چاکسازی دراوە، بەڵام هەنگاوەکان بە خاوی و لەسەرخۆ تێپەڕیون.
دەستەی دەستپاکی ئەمڕۆ (یەکشەممە، #10-12-2017#) کورتەیەکی لە چالاکییەکانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد ئەو ژمارانەی بڵاوی دەکەنەوە، تەنها ژمارەی ئەو کەیسانەیە، کە زانیاری لای دەستەی دەستپاکیە، واتە مەرج نییە ئەوە قەبارەی ڕاستەقینەی گەندەڵی لە هیچ شار و شارۆچکەیەکی کوردستان پیشان بدات.
#حاکم ئەحمەد# ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە کۆنگرە ڕۆژنامەڤانییەکەدا ڕایگەیاند چاکسازی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە کوردستان هەوڵی بۆ دراوە، چ لە ئاستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و چ لە ئاستی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام هەنگاوەکان بە خاوی و لەسەرخۆ تێپەڕیون، دەستەی دەستپاکی هەر لە سەرەتاوە کۆمەڵێک پێشنیازی جددی هەبووە وەکو دەزگایەکی چاودێری، بۆ ئەوەی حکومەت بتوانێت کاراتر ئەرک و چالاکییەکانی خۆی وەکو ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان ئەنجام بدات.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، دەڵێ دەستەی دەستپاکی چەند فەرمانگەیەکی هەیە، هەر فەرمانگەیەک چالاکی تایبەت بەخۆی ئەنجامدەدات، یەکێک لە فەرمانگە چالاکەکانیش فەرمانگەی یاساییە، کە نوێنەرایەتی دەستە دەکات لەسەرجەم دانیشتنەکانی دادگاکان، چ ئەوانەی تایبەتن بە کەیسەکانی گەندەڵی، چ ئەو سکاڵایانە دەچنە دەستە یان دەستە تۆماریان دەکات، هاوکات کاری وردبینی و چاودێری یاسایی بوونی بڕیارەکانی حکومەت دەبن.
حاکم ئەحمەد ئەنوەر، دەشڵێ فەرمانگەی یاسایی لەماوەی ڕابردوودا زۆر کاری لەسەر کۆمەڵێک بابەتی وەکو مەسەلەی خانەنشینیی نایاسایی و بەرزکردنەوەی نایاسایی پلە کردووە، هەموو ڕاپۆرتەکانیش بەرزکراونەتەوە، ئێستاش پرۆسەیەکیان لەبەردەستە، کە وردبینیە لە بڕوانامەی دکتۆرا لە زانکۆ فەرمییەکان، تاوەکو ئێستاش دوو هەزار 372 فایلی هەڵگرانی بڕوانامەی دکتۆرا لە زانکۆ فەرمییەکان واتە حکومییەکان هاتووەتە بەردەستیان، 906 دۆسیە وردبینی تێداکراوە، دوای تەواوکردنی پرۆسەی وردبینی، ڕاسپاردە دەدەیەنەوە زانکۆکان.
حاکم ئەحمەد ئەنوەر، ئاماژە بە فەرمانگەیەکی دیکەی گرنگی سەر بە دەستی دەستپاکی دەکات، کە ئەویش فەرمانگەی شەفافیەت و خۆپارێزییە لەبارەی کاری ئەو فەرمانگەیەش گوتی ئەمساڵ کەمتر زانیاریمان لەسەر فۆرمی ئاشکراکردنی سامان بڵاوکردووەتەوە، هۆیەکەشی ئەوە نییە ئەو پرۆسەیە وەستابێت، بەڵکو پرۆسەکە بەردەوامە، وردبینیەکی زۆر لەسەرجەم فۆرمەکان کراوە، بە هاوکاری فەرمانگەکانی تۆمارەکانی خانووبەرە و ئۆتۆمبێل، جیاوازی هەیە، ئێمە خەریکی وردبینین.
سەبارەت بە کەیسەکانی گەندەڵی و ئەو کەیسانەی ئەمساڵ لەلایەن دەستەی دەستپاکییەوە کاریان لەسەر کراوە، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، گوتی سەبارەت بە داوای هەواڵدەری لە هەرسێ پارێزگای: هەولێر، سلێمانی و دهۆک 197 داوای هەواڵدەریمان هەیە، داوای هەواڵەدەری ئەو داوایانەن کە لێکۆڵەرانی دەستەی دەستپاکی لەگەڵ یاساییەکانی خۆمان لێکۆڵینەوەی تێدا دەکەن، واتە هێشتا نەخراوەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە.
حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەبارەت بە داوای سزایی گوتی ئەو داوا سزاییانە ئێستا لەژێر سەرپەرشتی دادوەری لێکۆڵینەوەدان لە هەرسێ پارێزگاکە و لە هەندێک لە قەزاکان کە لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت، 178 داوای سزاییە، واتە بە هەردوو داوای سزایی و هەواڵدەری ئەوەی لای دەستەی دەستپاکی لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت و ئەوەی لە لێکۆڵینەوەیە 375 کەیسی گەندەڵییە.
سەبارەت بەو کەیسانەی ڕەوانەی دادگا کراون، حاکم ئەحمەد ئەنوەر دەڵێ لەماوەی ڕابردوودا 123 کەیسی گەندەڵی ڕەوانەی دادگاکان کراون، لەنێو ئەو 123 کەیسەدا 39 کەیسیان بڕیاری کۆتاییان تێدا دراوە، لەو 39 کەیسەدا 18 فەرمانی ئیدانەی تێدایە، فەرمانیشی تێدایە کە لە چەند مانگێکەوە تاوەکو هەشت ساڵ بەندکردنە، لەو کەیسانەی حکومی کۆتاییان تێدا دراوە، ئەوەی ماوەتەوە و چاوەڕوانی حکومی دادگاکان دەکەن 57 کەیسە، کە ئێستا لە قۆناخی دادگاییکردن ماوەتەوە.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، دەڵێ زۆرترین ئەو داوا سزاییانەی تۆمارکراون، لە کەرتی وەزارەتی دارایی و ئابوورییە، کە نزیکەی 76 کەیس دەبێت، دوای ئەوە وەزارەتی ناوخۆ، بەدوای ئەوانیش وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی کارەبا دێت.[1]
10-12-2017