سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 12-1-2018 لە ڤاتیکان بەڕێز #نێچیرڤان بارزانی# سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی لەلایەن قەداسەتی پاپا فرەنسیسەوە پێشوازی لێکرا.
لە کۆبوونەیەکی دووقۆڵیدا قەداسەتی پاپا سوپاسی ئەم سەردانەی کرد و خۆشحاڵیی خۆی بە دووبارە دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەربڕی. هەروەها سوپاسی حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ میواندارییان لە ئاوارەکان بەگشتی و بەتایبەتی کریستیانەکان کە لە ئەنجامی شەڕی تیرۆرستانی داعش و ڕووداوەکانی دواتر ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.
قەداسەتی پاپا هیوای خواست ئه و پێکەوەژیان و ئاشتی و تەباییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە بۆ هەمیشە بەردەوام بێت و هەموو کێشە و گرفتەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و ئاشتی و لێکگەیشتنەوە چارەسەر بکرێن. هەروەها هیوای سەقامگیری و ئاشتی بۆ خەڵکی ناوچەکە و کوردستان بەتایبەتی و هەموو پێکهاتەکانی خواست و گوتی نزاتان بۆ دەکەم بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بن و لە تەبایی و پێکەوەژیان بەردەوام بن.
لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە دووبارە سەردان و دیداری قەداسەتی پاپا فرەنسیس دەربڕی، پوختەیەکیشی دەربارەی دۆخی ئێستای ناوچە و پێشهاتە سیاسی و ئابووریەکان لە هەرێمی کوردستان لە دوا دیداریانەوە لەگەڵ قەداسەتیان تا ئێستا پێشکەش کرد، هەر لە سەرکەوتن بە سەر داعشدا، کێشەکان لەگەڵ بەغدا، تا ڕووداوەکانی دواتر کە بوونە هۆی ئاواربوونەوەی ژمارەیەکی زۆری ئه و هاووڵاتیانەی گەڕابوونەوە ناوچەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان.
بەڕێز سەرۆک وەزیران هیوای خواست قەداسەتی پاپا پێگه و ڕۆڵی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر بەغدا بگێڕێت، ڕوونیشی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای دۆخە سەختەکەی، بەڵام دەرگا و دڵی کراوە بووە بۆ پێشوازیکردن لە ئاوارەکان و هەوڵی جددیشی داوە کە خوشک و برایانی کریستیان بگەڕێنەوە شوێنەکانیان و لەگەڵ کەنیسەکان لە هەرێمی کوردستان هەوڵیان داوە کۆمەڵگەی کریستیان وڵات جێنەهێڵن. جەختیشی لەوە کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام دەبێت لە پاراستنی ئه و تەبایی و پێکەوژیانەی پێکهاتەکان کە بەشێکی گرنگی کەلتووری هەرێمی کوردستانە.
دواتر هەر لە ڤاتیکان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێز پیێترۆ پارۆلین، سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستە سەر دۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و دوایین پێشهاتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئه و هەوڵانەی بۆ دەسپێکردنی دیالۆگی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عیراق دەدرێن.
بەڕێز پیێترۆ پارۆلین، سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان، وێڕای سوپاسکردنی حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ یارمەتیدان و هاوکاریکردنی ئاوارەکان، بەتایبەتیش کریستیانەکان، هیوای خواست هەموو کێشە و ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا له ڕێگەی دیالۆگ و لێکگەیشتنەوە چارەسەر بکرێن.
#12-01-2018#