هاوڕێ زۆر بەڕێزەکانم؛
هەرچەندە 15 مانگە بەهۆی زیندانەوە لەیەک دابڕاوین و قسە و بیروڕا گۆڕینەوەمان لەگەڵ هەزاران هاوڕێماندا نەبووە، بەڵام دەروون و بیرکردنەوەمان زۆر زیاتر لە جاران لێک نزیکە. دەمەوێت بزانن کە، زۆر بە دڵگەرمی لە کۆنگرەکەدا لەگەڵتاندام.
لەبەر ئەوەی کە ئێوە سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی بەربژێرەکان و هەڵبژاردنی هاوسەرۆکانی نوێن، من تەنها پەیامێکی کورتتان پێ ڕادەگەیەنم.
ئەوەی لە دەستم بێت، بەردەوام دەبم لە ئەنجامدانی
من لەم کۆنگرەیەوە پۆستی هاوسەرۆکی هەدەپە بە هاوسەرۆکانی نوێ دەسپێرم. بە پلەی یەک، ڕاست کردنەوەی هەموو ئەو هەڵە و کەموکورتییانەی ئێمەش لە ئەستۆی هاوسەرۆکانی نوێ دەبن و ئێمەش بە هاوکاری هاوسەرۆکانی نوێ بەردەوام دەبین و بەڵێن دەدەم هەرچی لەدەستم بێت ئەنجامی دەدەم.
هەدەپە دەبێت قەرەبووی ئەوشتانەش بکاتەوە کە لێێان دواکەوتووە
پارتەکەمان پێش ئەوەی کە لە پەرلەماندا بخنکێندرێت، بێ ئەوەی کە لە ڕێڕەوی خۆی لابدات، بێ ئەوەی کە ڕێی توندوتیژی بگرێتەبەر، شەقام بە شەقام و مەیدان بە مەیدان بەردەوام هەوڵی بۆ چەسپاندنی دیموکراسی دەدات. بڕواشم بەوە هەیە کە بە پێشەنگی سەرکردایەتی تازەی پارتەکەمان، زۆر بوێرانە و خاوەنبڕیارانە بەردەوام دەبین.
ئێمە ڕێز لە هەموو ئەوانە دەگرین کە لە سنوورێکی پەسەنددا بەرگری دەکەن و پشتیوانییان دەکەین. جگە لەوە زۆر ڕاشکاوانە و بێ پێچ وپەنا، هەرکەسێک هەر توندوتیژییەک ئەنجام بدات، ئێمە لەدژی دەوەستینەوە. لە بەرامبەر ئەوانەشدا کە هانی شەڕ دەدەن، ئێمە پێداگری دەکەین و بێترس و دوودڵی دەڵێین “هەر ئێستا ئاشتیمان دەوێت”. بەردەوامیش دەبین لە دژایەتیکردن ئەو شەڕە و بانگەشە کردن بۆ ئاشتی و دیالۆگ لەبەرامبەر ئەو شەڕەدا کە ئاکەپە و مەهەپەی فاشیزم بەبێ هەبوونی هیچ هۆکاریکی ڕاستەقینە بەرپایان کردووە.
هاوڕێ و هاوکارە خۆشەویستەکانم؛
خەڵک بڕیار دەدات کە ئایا هەدەپە پارتی تورکیایە یان نا. بەڵام با هەمووان ئەمە بزانن کە؛ هەدەپە، ئەو پارتە نییە کە وەک ئاکەپە و مەهەپە بیەوێت تورکیایەکی فاشیست دروست بکات. لەهەمان کاتدا، پارتی دزەکانی تورکیاش نییە. پارتی مشەخۆر و بەرتیلچی و خوێنمژەکنی تورکیاش نییە. هەدەپە پارتی چەوساوەکانی تورکیایە، پارتی هەژارانی تورکیایە، پارتی پشتگوێخراوانی تورکیایە. بەڵێ هەدەپە، بەم جۆرە و بەم ئاراستەیە، پارتێکی ڕاستەقینەی تورکیایە.
هیچ لێکچوونێکی بچوک لەنێوان ئەو تورکیایەی کە لە خەیاڵی ئێمەدایە نییە لەگەڵ ئەو تورکیایەدا کە ئەوان دەیانەوێت. بۆیە هەدەپە چەندە پارتی کوردە چەوساوەکان، بە هەمان شێوە پارتی تورکە چەوساوەکانە. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پارتەکەمان، نەهێشتنی جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی و دەستە و تاقمییە، پێویستە کۆتایی بە ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی و دەستە و تاقمی بهێندرێت لە سیاسەتدا و هەمووان ببن بە هاوڵاتی ئازاد و یەکسان.
پشتیوانی هاوسەرۆکانی نوێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم
من زۆر سوپاسی ئەو هاوڕی و خەڵکانە دەکەم کە پشتیوانی منیان دەکرد بۆ دیسان خۆ بەربژێرکردنەوەم بۆ هاوسەرۆکایەتی هەدەپە لەم کۆنگرەیەدا. زۆر سوپاستان دەکەم کە دیسان ڕێزتان لێنام و گەورەتان کردم. بەڵام لەبەر ئەو هۆکارانەی کە پێشتر ئاماژەم پێداون، بە ئەرکی سیاسی و ئەخلاقی خۆمی دەزانم کە ئیتر ئەو بەرپرسیاریەتییە بە هاوڕێیانی تازە بسپێرم. بە هاوکاری ئێوە لە ئێستاوە پیرزۆبایی و هاوکاری خۆم بۆ ئەو هاوڕێیانە ڕادەگەیەنم کە وەک هاوسەرۆکی نوێ هەڵدەبژێردرێن.
بەو شەوق و حەسرەتە زۆرەوە و بەو بڕوایەوە کە هەمە بۆ سەرکەوتنی کۆنگرەکەمان، باوەش بە هەمووتاندا دەکەم. لێرەوە لەگەڵ عەبدوڵا زەیدانی هاوزیندانمدا سڵاو و خۆشەویستیمان بۆتان دەنێرین.
بەرگرییەکی زۆر دەکەین و سەرکەوتنێکی زۆر بەدەست دەهێنین
بێگومان سەردەکەوین
#10-02-2018#
#سەڵاحەدین دەمیرتاش#
زیندانی ئێدیرنە