کورد بە دەستی کورد بە کوشت بدەن. ئەمە ئەو سیاسەتە چەپەڵە کۆنەیە کە بەردەوام داگیرکەرانی کوردستان پەیڕەویان کرددوە. لە ناویشیاندا دەوڵەتی تورکیا بە هەموو توانای خۆیەوە درێژەی بە ئەم کارە داوە. حکومەتی ئاکەپەی هاوپەیمانی ئەرگەنەکۆن، ئەردۆگان و باخچەلی بە نیازن جاشە کوردەکان بنێرن بۆ شەڕی ئەفرین. ئەیانەوێ جارێکی دی کوردان بە دەستی یەکتر بە کوشت بدەن. ئەوە دەیان ساڵە تورکیا چەند کوردێکی چەکدار کردوون و بۆ مەرامی خۆیا بەکاریان دێنێ. لەم ڕێگایەشەوە خەنجەرێکی لە پشتی کوردان داوە.
تورکیا ئەو کەسانە بۆ پیلانە چەپەڵەکانی خۆی بەکاردێنێ. بە جۆرێک کە ئەو چەکدارانە لە باکوری کوردستان بوون بە هاوبەشی تاوانەکانی دەوڵەت. ڕۆڵی ئەوانە هەمیشە خیانەت بووە بەرامبەر بە گەلەکەی خۆیان. تەنیا بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆیان، ئەم ئەرکە نەگریس و خیانەتکاریەیان خستۆتە ئەستۆی خۆیان. لە پرۆسەی خەباتی ئازادیی باکوری کوردستاندا، ئەم کەسانە هەمیشە شانبەشانی سوپای تورکیا، ڕووی چەکەکەنیان کردۆتە گەلی خۆیان.
ئێستاش دەوڵەتی تورکیا بە نیازە ئەو جاشانە بنێرێتە بەرەکانی شەڕی ئەفرین و ئەو کەسانە لە خیانەتێکی ترەوە بگلێنێ. ئەم کارەش بۆ دەوڵەت لە دوو لاوە لە ناوبردنی کوردانە. ئەمەش ڕق و کینەی قووڵی تورکیا بەرامبەر کوردان دەردەخات. پێویستە ئەو چەکدارانە ئەم نییەتە گڵاوو نەیارانەی دەوڵەت باش بزانن، خۆیان نەکەنە بەشێک لە ئامێری کوشتوبڕی ئەو دەوڵەتە دژە مرۆڤایەتییە.
#کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان# ئەو چەکدارانە هۆشیار دەکاتەوە کە نەچنە ئەفرین. چیدی نەبنە داردەستی دەوڵەتی تورکیا و خوێنی خەڵکی خۆیان نەڕێژن. ئەگەر کەسانێ لەوانە بیانەوێ ئەو ڕێگا چەوتە بگرنەبەرو ببنە هۆکاری کوشتنی خەڵکی خۆیان، ئەوا تاوانێکی یەکجار گەورە بەرامبەر گەلەکەیان دەکەن و دواجار دەکەونە بەر نەفرەت و سزای گەل.
پێویستە ئەو ڕاستییە بە ڕوونی بزانرێت کە تورکیا بە هێرشکردنە سەر ئەفرین شەڕ لە دژی هەموو کوردان دەکات. هێرشێکی ناڕەواو دوور لە هەموو بەها مرۆڤایەتییەکان. هەربۆیە پێویستە بەرامبەر ئەم ناڕەواییە هەموو کوردان هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکراو بەهێزیان هەبێت. لە شەڕی ئەفریندا تەنیا دوو جۆر ڕوو دەردەکەون، ڕوویەکی سپی و ڕوویەکی ڕەش. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دلنیایە کە کوردان لەو شەڕەشدا ڕووی سپی خۆیان پێشدەخەن. شەڕی ئەفرین لە ئەنجامدا ڕووەکان ئاشکرا دەکات. یان ئەوەتا لە سەنگەری خەڵکدا ئەبیت و دژی هێرش و داگیرکاریی دەوەستنەوە، یان ئەوەتا بێدەنگ و بێهەڵوێست دەمێننەوەو ڕەفتارێک پیشان نادەن کە شایانی دۆزی کوردستان بێت.
ئەفرین سیمای نیشتیمانپەروەرییە. سەنگەرەکانی ئەفرین هەموو کوردستان ئەپارێزن. لە شەڕی ئەفریندا نیشتیمانپەروەریی ڕووخساری ڕاستینەی خۆی پیشان دەدات.
ئەو کوردانەی لە شەڕی ئەفریندا پشتگریی دەوڵەتی تورکیا دەکەن، ئەو کوردانەی لەناو پارتەکانی ڕژێمدان، پێویستە بە زووترین کات بگەڕێننەوە جێی خۆیان لەناو گەلی خۆیاندا بگرن.
لە شەڕی ئەفرین دا ئەبێ دەوڵەتی تورکیای هێرشکار تێکبشکێت.
لە شەڕی مان و نەمانی ئەفریندا ئەبێ کوردو هاوپەیمانەکانی سەربکەون.
ک.ن.ک جارێکی دی بانگەوازی لە هەموو کوردان دەکا کە بێهەڵوێست نەمێنن. بە هەرشێوازێکی بۆیان ئەکرێت دژی هێرش و داگیرکاریی تورکیا بوەستن و پشتگیریی گەلی خۆیان لە ئەفرین بکەن.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ک.ن.ک
برۆکسل
#16-02-2018#